پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی غەززە كاردانەوەی لێكەوتەوە
٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
پلانەكەی ترەمپ بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی غەززە بۆ وڵاتانی دراوسێ كاردانەوەی لێكەوتەوە و فەلەستینییەکان و دەوڵەتانی عەرەبی بە جینۆساید و دەستدرێژی ناوی دەبەن.
دۆناڵد ترەمپ لە یەكەم وتاری دوای دەستبەكاربوونیدا وەك سەرۆكی ئەمریكا، لە شاری لاس ڤێگاس رایگەیاند، لەبارەی گواستنەوەی دانیشتوانی غەززە بۆ ئوردن و میسر و وڵاتانی دیكەی عەرەبی دراوسێ، لەگەڵ پادشای ئوردن قسەی كردووە و بەمزووانە لەگەڵ سەرۆكی میسر و وڵاتانی دیكەش لە بارەی پلانەكەیەوە قسە دەكات.
ئەو قسانەی ترەمپ توڕەیی فەلەستینییەکانی لێکەوتەوە و لای خۆیەوە باسم نەعیم ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات پلانەكەی ترەمپ بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی غەززە بۆ میسر و ئوردن پووچەڵ بكاتەوە.
وتیشی، وەك چۆن گەلەكەیان لە ماوەی دەیان ساڵدا هەموو پلانەكانی ئاوارەبوون و نیشتمانێكی بەدیلیان پوچەڵكردووەتەوە، ئەم پلانەش پووچەڵ دەكەنەوە.
بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامیش لە راگەیەنراوێكدا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تێلێگرام بڵاویكردەوە، پێشنیازەكەی ترەمپ رەتدەكەنەوە و بە هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لەقەڵەمی دەدەن، وایدەبینن بڕیارەکەی لە بەرژەوەندی ئیسرائیلە.
بیزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل كە بە توندی دژایەتی ئاگربەست لە كەرتی غەززە دەكات، پێشوازی لە پێشنیازەكەی سەرۆكی ئەمریكا كرد و رایگەیاند، پێشنیازەكەی ترەمپ بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی غەززە بۆ ئوردن و میسر بیرۆكەیەكی ناوازەیە.
وتیشی، دوای چەندین ساڵ لە نەهامەتی دانیشتووانی غەززە، دەتوانن ژیانێكی نوێ و باش بنیات بنێن بەڵام لە شوێنێكی دیكە، جەختیشی كردەوە، لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەكەی كاردەكات بۆ ئەوەی پلانێكی كرداری هەبێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو پلانە بە زووترین كات.
ئەمە لەكاتێكدایە كە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگ لە غەززە، میسر بۆچوونی لە بارەی ئەو بیرۆكەیە روون بووە و پێشتر هۆشداری دابوو لە هەرجۆرە ئاوارەكردنێكی زۆرەملێی فەلەستینییەكان لە غەززەوە بەرەو بیابانی سینا.
سەبارەت بە ئوردنیش، بە پێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ئێستادا دوو ملیۆن و 300 هەزار پەنابەری فەلەستینی تێدایە كە ئەوەش وادەكات توانای وەرگرتنی پەنابەری دیكەی نەبێت.