لەدوای 15 مانگ رێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە راگەیەنرا، سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام پێشوازی لێدەكرێت.

لەدوای راگەیاندنی رێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە، دەنگی ناڕەزایی لە ناوخۆی ئیسرائیل لەدژی رێكەوتنەكە بەرزبووەوە، ئیتمار بنگڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەك پاڵپشتی لە رێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە ناكات و حزبەكەشی ئاگاداركردووەتەوە لەوەی كە دەست لە پۆستەكەی لە كابینەی حكومەت دەكێشێتەوە.

وتیشی، ئەو رێكەوتنەی كراوە مایەی شەرمەزارییە بۆ ئیسرائیل و ئامانجەكانی تەلئەبیبی لە جەنگی غەززەدا بەدەستنەهێناوە.

لە بەرانبەردا، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا كە رۆژی دووشەممە دەسەڵات رادەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراو دەكات، لە چاوپێكەوتنێكدا دوا پەیامی خۆی سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین ئاڕاستەی ناتانیاهۆ كرد و رایگەیاند، ئەگەر دەیەوێت ئیسرائیل بۆ ماوەیەكی درێژخایەن بمێنێتەوە ئەوا پێویستە بیر لە چارەنووسی فەڵەستینییەكان و نیگەرانییە رەواكانیان بكاتەوە و هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین بدات.

دەیان ساڵە ئەمریكا پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەت لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەكان دەكات، بەڵام ئیسرائیل ئەوە رەتدەكاتەوە و دەڵێت، دەبێت تەلئەبیب كۆنتڕۆڵی ئەمنی بەسەر كەناری رۆژئاوا هەبێت، ئەمەش رێگری دەكات لە دامەزراندنی دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری فەڵەستین.

بایدن لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەززە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە بەهۆی پاڵپشتی بەردەوامی سەربازی بۆ ئیسرائیل لە هێرشەكانیدا بۆسەر غەززە، كە جگە لە كوژرانی دەیان هەزار كەس، بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگیش تۆمەتبار دەكرێت.

لە یەكەم كاردانەوەشیدا لەدوای راگەیاندنی رێككەوتنی ئاگربەست، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا سەركەوتوو نەبووایە، رێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا نەدەكرا.

لە وەڵامی ئەو لێدوانەشدا بایدن رایگەیاند، ئەو قسەیە جگە لە گاڵتەجاریی هیچی دیكە نیە.

لە بەرانبەریشدا ترەمپ رەخنەی توندی لە بایدن گرت و رایگەیاند، قسەكانی سەرۆكی ئەمریكا بێڕێزییە.

وتیشی، گرنگ نییە كێ بارمتەكان ئازاد دەكات، بەڵكو گرنگ ئەوەیە لەو دۆزەخە بێنە دەرەوە و بە زووترین كات و بەر لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی، ئازاد بكرێن.

لە لایەكی دیكەوە، سەركردەكانی گروپی حەوت رێككەوتنی ئاگربەستی غەززەیان بە پێشهاتێكی گرنگ  وەسفكردووە بۆ راگرتنی جەنگ و داوایان لە حەماس و ئیسرائیل كردووە كار بكەن بۆ جێبەجێكردنی تەواوەتی بەندەكانی رێكەوتنەكە.

گروپی حەوت پشتیوانی خۆشی بۆ ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل دووپاتكردەوە و داوای لە ئێران و هاوپەیمانەكانیشی كرد، هیچ هێرشێكی نوێ بۆسەر ئیسرائیل ئەنجام نەدەن.