47 ساڵ بەسەر شەھیدبوونی شەهید ئارام تێپەڕدەبێت
٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
31ی كانوونی دووەم ساڵیادی شەهیدكردنی شاسوار جەلال ناسراو بە كاك ئارامە، ئارامی سەركردە لەساڵی 1947 لە گەڕەكی حاجی حان لە سلێمانی لەدایكبووە، خوێندنی سەرەتایی لە شارۆچكەی ماوەت و چوارتا و قۆناغی ئامادەییشی لە سلێمانی تەواوكردووە، لەسەرەتای لاوێتییەوە تێكەڵ بە كاری سیاسی بووە و توانیویەتی لە ریزی پێشەوەی خەباتی لاوان و خوێندكاراندا بێت، كەسایەتییەكی سیاسیی دیاری كورد بوو لە ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ماوەیەكیش سكرتێری كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بووە.
ساڵی 1964 لە كۆلیژی ئەندازیاریی زانكۆی بەغداد وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی كێشەی نەخۆشی چاو، رەتكراوەتەوە و دواتر لە ساڵی 1971 كۆلیژی بازرگانی تەواوكردووە.
كاك ئارام لە ساڵی 1969 لە كۆنگرەی سەرتاسەری قوتابیانی عیراقدا رۆڵی كاریگەری هەبووە و لەگەڵ هاوڕێكانیدا بە نوێنەرایەتی خوێندكارانی كوردستان كشانەوە و هۆڵی كۆنگرەیان بەجێهێشت.
لەساڵی 1970 چووەتە ریزی ئەڵقە رۆشنبیرییەكانی كۆمەڵەی ماركسی-لینینی كوردستانەوە، هەمان ساڵ یەكێك بووە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان، لەساڵی 1974 وەك نوێنەری سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بەشداری كۆنگرەی لاوانی جیهانی لە مۆسكۆ كردووە.
شەهید ئارام، لەساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو چەندین بابەتی گرنگ و بەكەڵكی لە رۆژنامەی هاوكاری بڵاوكردوەتەوە، بەهۆی شارەزاییەكەیەوە خزمەتی زۆری بە بزاڤی وشە و ئەدەبیاتی كوردی كردووە.
لەكاتی هەرەسی شۆڕشی ئەیلول پێیوابووە دەبێت لەئاستی رووداوەكان پەلەپەل و هەڵەشەیی نەكرێت، سوریش بووە لەسەرئەوەی پەیوەندی نێوان خەڵك و خۆیان نەپسێت.
لە ساڵی 1975یش كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دامەزرا، شەهید ئارام توانی بیسەلمێنێت یەكێكە لەسەركردە دیار و كاریگەرەكانی ناو ئەو حزبە نوێیە، لەساڵی 1976 دوای دەستگیركردنی خاڵە شیهاب و هاوڕێكانی، كاك ئارام وەك سكرتێری كۆمەڵە ئەركی راپەڕاندنی كارەكانی كۆمەڵەی لە ئەستۆگرتووە.
لە مانگی 10ی ساڵی 1976 رویكردووەتە شاخ و یەكەم دەستەی پارتیزانە چەكدارەكانی شۆڕشی نوێی دروستكردووە، لەو قۆناغەشدا بەئارامی گەشەی بە شۆڕش داوە و لێزانانە توانی بەردی بناغەی كاروانی نوێ لەبەرەنگاربوونەوە دابنێت، لە ساڵی 1977 بووە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
دواتر كاك ئارام لە رۆژی 31/1/1978 لە گوندی تەنگیسەر لە قەرەداغ شەهیدكرا.