لە دوای هەشتی مانگی رابردوەوە و لەگەڵ كۆتایی "رژێمەكەی بەشار ئەسەد" لە دیمەشق توندوتیژییەكان لە سوریا زیادیكردووە و هاوكات هێرشەكانی توركیا و چەكدارانی سوری هاوپەیمانیشی دژی رۆژئاوای كوردستان زیادیكردوە.

روانگەی سوریی لە نوێترین راگەیەنراویدا ئامارەكانی توندوتیژیی دوای رووخانی رژێمی "بەعسی سوریا"ـی خستوەتەڕوو و ئاشكرایكردووە كە تەنها لە ساڵی نوێدا توركیا و گروپە چەكدارانی هاوپەیمانی 23 هێرشیان دژی ناوچەكانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر ئەنجامدا و بەهۆیەوە 11 كەس كوژراون.

توركیا هەر لەو ماوەیەشدا بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرشیكردووەتەوە سەر وێستگەیەكی كارەبایی لە حەسەكە و زیانی زۆری بە بەرهەمهێنانی كارەبای رۆژئاوای كوردستان گەیاندووە.

ئەو رێكخراوە ئەوەشی خستوەتەڕوو كە لە ماوەی مانگێكدا 80 تاوان و توندوتیژیی لە شارەكانی تەرتوس، حومس، حەمما ئەنجامدراوە و 157 كەس بونەتە قوربانیی توندوتیژییەكان كە ژمارەیەكیان ژن و منداڵن.

بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە نامەیەكدا بۆ رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان هۆشدارییداوە لەوەی، توركیا لە دوای "رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد" هێرشەكانی بە هاوكاریی چەكدارانی هاوپەیمانی زیاد كردووە، هاوكات تۆپباران و بۆردومانەكانی ئەو وڵاتە دژی بەنداوی تشرین زیانی بەو بەنداوە گەیاندووە.

بەڕێوبەرایەتی خۆسەر داوای لە نەتەوەیەكگرتوەكان كردووە بۆ رێگریی لە كارەساتی مرۆیی هێرشەكانی توركیا دژی ئەو بەنداوە و ناوچەكانی باكووری سوریا راگرێت.

لە لایەكی دیكەوە مەزلۆم كۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) دەڵێت، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە جاران توندوتۆڵترە و هەماهەنگیی زیاتر لەنێوانیاندا هەیە.

مەزلوم كۆبانێ ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ ئیدارەی نوێی دیمەشق كۆبونەتەوە و پرسە گرنگ و سەرەكییەكانیان تاوتوێكردوە و ئەنجامەكانیش ئەرێنیی بوون.

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی ئەوەشی راگەیاندووە، ئەوان بەشێك دەبن لە سوپای داهاتووی سوریا و بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و جەنگ لە دژی داعش هەمانگی لە نێوان هەسەدە و دەسەڵاتی ئێستای دیمەشقدا هەیە.

لە لایەكی ترەوە، رۆژی شەممە دەزگای هەواڵگری سوریا بڵاویكردەوە كە هەوڵێكی رێكخراوی داعشی بۆ تەقاندنەوەی مەزاری سەیدە زەینەب لە دیمەشق پوچەڵكردوەتەوە و هاوكات لە شاری حەڵەب دەستبەسەرئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراودا گیراوە كە لە باكووری و رۆژهەڵاتی سوریاوە هاتووەتەوە ئەو شارە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە لە ئاژانسی هەواڵ سانای سوری، هەسەدە لە راگەیەنراوێكدا رەتیكردەوە ئەو ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوە لە سنووری ناوچەكانی ئەوان چوبێتە حەلەب و جەختی لەوەشكردووەتەوە، چەكدارانی هاوپەیمانی توركیا  ئۆتۆمبێلەكەیان رەوانەی ئەو شارە كردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوە هەسەدە ئامادەیە هاوكایی دیمەشق بكات بۆ هەماهەنگیی و زیاتر ئاشكرابوونی راستییەكان.

هەسەدە  جەتیشیكردوەتەوە، كە گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی هەوڵی تێكدانی ئارامی سوریا دەدەن، هەر ئەوانیش ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكەیان ناردووەتە حەڵەب.

بە گشتی لە دوای رووخانی رژێمەكەی دیمەشق ئاڵۆزییەكانی سوریا زیاتر دەركەوتوون و زۆربەی لایەنەكانی ئەو وڵاتەش جەخت لە هەماهەنگیی و رێككەوتن لەسەر دۆخی داهاتوی وڵاتەكە دەكەنەوە، لە بەرامبەریشدا توركیا و ئەو چەكدارانەی خۆیان ناوناوە سوپای نیشتیمانیی سوریا هێرشەكانیا دژی رۆژئاوای كوردستان توندتر كردووەتەوە، ئەوەش وایكردوە ئایندەی بەردەمی سوریا ناڕوونتر بێت.