سەردانەکەیان بۆ تورکیا لە كاتێكدایە گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی درێژکراوەتەوە
٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
توركیا بانگی مەسرور بارزانی و شاسوار عەبدولواحیدی بۆ ئەنقەرە كرد، لەكاتێكدایە گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە هەرێم دەستیپێكردووە و هاوکات توركیا گەمارۆی بادینانی داوە و گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی راگرتووە.
سەردانێك لە یەك كاتدا و بۆ یەك شوێن، پرسیاری لای زۆرێك لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دروستكردووە، دەپرسن بۆچی لەكاتێكدا توركیا گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی درێژ كردەوە و هەوڵی داگیركردنی كۆبانێ و رۆژئاوای كوردستان دەدات، رۆژانەش بۆردومانی هەرێمی كوردستان دەكات، كەچی مەسرور بارزانی و شاسوار عەبدولواحید سەردانەكەیان بۆ لای دەسەڵاتدارانی سیاسی و هەواڵگری توركیا لەم كاتەدا وەك دەستكەوت بۆ حزبەكانیان و حكومەت لێكدەدەنەوە، لەكاتێكدا كە هەڕەشەی توركیا بۆسەر كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان تا دێت زیاتر دەبێت و بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەردەوام جەخت لەسەر هەڕەشەكانیان دژ بە كورد دەكەنەوە.
بڵاوكردنەوەی وێنەی سەردانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ ئەنقەرە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە هەرێمی كوردستان، بۆیە شارەزایان ئەم سەردان و كۆبوونەوانە لەم كاتەدا بە سەپاندنی هەژموونی توركیا لەسەر هەرێم و كابینەی داهاتووی حكومەت لێكدەدەنەوە.
چاودێران پێیانوایە توركیا نایەوێت كابینەیەكی بەهێز و پەرلەمانێكی كارا لە كوردستان هەبێت، ئەمەش ئامانجی سەرۆكی حكومەتی ئێستایە بە تایبەت دوای ئەوەی كە حزبەكەی نەیتوانی زۆرینە كورسییەكانی پەرلەمان لە هەڵبژاردنی رابردوو بەدەستبهێنێتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ناشەفافی لە داهات و دۆسیەی نەوت و ئابووری، لە دیارترین ئاڵنگارییەكان بۆ قۆناغی داهاتوو سەیردەكرێن، بەتایبەت كە ئێستا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێیوایە ئەو بابەتانە پرسی نیشتمانین و دەبێت لە خزمەتی خەڵكدا بن.
سەردانەكەی مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تەنها بۆ ئەنقەرە لەكاتێكدایە، ئەم كابینەیە كە ئێستا كاربەڕێكەرە، كابینەیەكی نیشتمانی بنكە فراوانە و بەتەنها لە پارتی پێكنەهاتووە، بەڵكو زۆربەی حزبەكانی تێدایە لەنێویشیاندا یەكێتی كە پشكی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەیە، بەڵام لە سەردانەكە و ناوەڕۆكەكەی ئاگادار نییە.
شاسوار عەبدولواحید كە وەك ئۆپۆزسیۆن و نوێنەرایەتی بەشێك لە دەنگی ناڕازیی پێناسەی خۆی دەكات، لەكاتی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتدا سەردانی ئەنقەرە دەكات، بەڵام لە ئاستی سەرۆكی نوسینگەی وەزیری دەرەوەدا پێشوازی لێكراوە.
سەردانی مەسرور بارزانی و شاسوار عەبدولواحید بۆ توركیا لە كاتێكدایە، دەسەڵاتدارانی توركیا لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لایەنە سوننەكانی عێراقیشی بە تاك و كۆ بانگهێشتی ئەنقەرە كردووە و لەبارەی رەوشی عیراق گفتوگۆیان كردووە.
توركیا لەم كاتەدا كە بانگهێشتی ئەو حزبانەی هەرێم دەكات بۆ پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ، بەردەوامە لە بۆردومانكردنی هەرێمی كوردستان و قەدەغەكردنی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ سلێمانی، لەگەڵ گەمارۆدانی دەڤەری بادینان و هەوڵدان بۆ داگیركردنی كۆبانێ و مەنبج و ناوچەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان.