ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی بۆ دووەمجار لەبارەی سکاڵایەک کۆبۆیەوە کە لەسەر سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و وەزیری دارایی ھەرێم تۆمارکرابوو لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و ھەژمارکردنی خزمەتیان، بەڵام ئەو داوای رەتکردوەوە رایگەیاند بەرزکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە تایبەتمەندی ئەواندا نییە.
دادگای فیدراڵی عێراق ، رۆژی ١٢ی ئەم مانگە جارێکی بۆ یوکلاکردنەوەی سێ سکاڵا کە لە دژی ھەرێم کۆدەبێتەوە، کە دوانیان تایبەتن بە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن زیاد جەبار و ئامانج نەجیب شەمعون تۆماریان کردووە، داوایانکردووە، ماددەکانی ( ١و ٩ و ١٥ و ٢٢ و ٣٦)ی ھەمواری یاسای ژمارەیەکی ساڵی ١٩٩٢ بە نادەستوری لە قەڵەم بدرێن.
سکاڵاس سێیەمیش ھەر لەلایەن، ئامانج نەجیب شەمعون کراوەو کە داوای بڕیاری نادەستوری بوونی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و تەواوی ھەموارەکەی دەکات .
بە یەکلاکردنەوەی ئەو سکاڵایانە کۆی ئەو سکاڵایانەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە لەبارەی ھەرێم لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە بڕیاریان لەسەر دەدرێت دەبێتە ١١ سکاڵا.
فەریق عەباس نیلفۆرشان، جێگری کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای پاسداران بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاند، ١٩ی ئەیلول، کۆتایی ئەو وادەیەی کە بۆ عێراق دانراوە بۆ چەککردنی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران.
ئاماژەی بەوەشکردوە، پێشبینی دەکەن ھەرێمی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە برایەتی خۆی پیشان بدات، چونکە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران، لەگەڵ لۆژیکی برایەتی و دراوسێیەتی باشدا ناگونجێت.
١٩ی ئازاری ئەمساڵ عێراق و ئێران رێککەوتنێکی ئەمنیان ئیمزاکرد، بۆ پاراستنی سنورەکان و چەککردنی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە ھەرێم و گواستنەوەیان بۆ کەمپێکی مەدەنی.
رۆژی ھەینی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاندبوو، ھەموو ھەوڵێک دەدەن تا لەوادەی دیاریکراودا رێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن، بەڵام ئەو پرسە ئاڵۆزی زۆری تێدایە.
محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی راسپارد، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ھەفتەی رابردووی کەرکوک بکەن و سەردانی شارەکەش بکەن و راپۆرتێک ئامادەن بکەن و پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکەن.
لیژنەکە لەسەر داوای دیلان غەفوور، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران پێکھێندراوە، لەو بارەیەوە دیلان غەفوور بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پەرلەمانتارێکی عەرەب بە تووندی دژی ئەو داوایە وەستاوەتەوە و چەندین تۆمەتی ناڕەوای ئاڕاستەی خۆپیشاندەرانی کورد کردووە، بەڵام محەمەد حەلبوسی داواکارییەکەی پەسەند کردووە و بڕیاریداوە بە پێکھێنانی لیژنەکە.
دیلان غەفوور وتیشی، بەدواداچوون و چاودێریان بۆ دۆخی کەرکوک و رووداوەکانی بەردەوام دەبێت و سوورن لەسەر سزادانی تەقەکەران و ئەوانەی مافی ھاووڵاتییانی کورد و خۆپیشاندەرانیان پێشێلکرد و بێدەنگ نابین بەرامبەر ئەو توندوتیژی و پێشێلکارییانەی بەرامبەر خۆپیشاندەرانی کورد ئەنجامدران، کە شەھید و برینداری لێکەوتەوە.
رائید مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی یاسایی کۆبووەتەوە و گفتوگۆی لەبارەی پڕۆژە یاسای ھەمووارکردنەوەی دووەم بۆ یاسای لێبوردنی گشتی کردووە، کە پڕۆژە یاساکە لەم دواییانەدا دوای ھەمووارکردنەوەی، لەلایەن حکومەتەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا.
وتیشی، لیژنەی یاسایی ھەموارکردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتیی ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەن کرد، بۆ ئەوەی لە یەکێک لە دانیشتنەکانی ئەم ھەفتەیە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.
یاسای لێبوردنی گشتی یەکێک بوو لە داخوازییە ھەرە دیارەکانی سووننەکان، لەکاتی دانوستانەکانی پێکھێنانی ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بەڵام ئەو بابەتە ھێشتا جێگەی مشتومڕی نێوان لایەنە سووننە و شیعیەکانە و تا ئێستا ھیچ رێککەوتنێک نەکراوە لەسەر ئەو کەسانەی کە ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە.
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی عێراق کۆبونەوەو تێیدا پرسی موچەو شایستە داراییەکانی ھەرێمیان تاوتوێکرد.
سەرچاوەیەک لە کۆبوونەوەکەدا بە میدیاکانی عێراقی ووتوە، تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ رایگەیاندوە، ھیچ رێککەوتنێک لە نێوان دەستەی دەروازە سنورییەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم نیە سەبارەت بە یەکخستنی باجی گومرگی.
بەوتەی وەزیری دارایی، باجی گومرگ لە دەروازە سنورییەکانی ھەرێم کەمترە لە دەروازەکانی عێراق، باشترین نمونەش بۆ ئەوە ھاوردەکردنی جگەرەیە لە دەروازە سنوریەکانی ھەرێمەوە.
ھەروەھا ئامادەیی پیشاندا بۆ جێبەجێکردنی دەقی یاسای بودجەو نیوەی داھاتی دەروازە سنورییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی ھەرێم بێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێنج دەروازەی سنوری ناڕەسمی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە.
مەزھەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەکرد، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوەو نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو ٩٠ دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەوەش کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی قەبارەی کورتھێنانی گریمانەکراو لە یاسای بودجەی گشتی کە بڕەکەی دەگاتە ٦٤ ترلیۆن دینار .
وتیشی، نرخی گریمانەیی بەرمیلێک نەوت لە یاسای بودجە بە ٧٠ دۆلار دیاریکراوەو فرۆشتنی نەوت لەسەرو ئەو نرخەوە بێت ئەوا بڕی کورتھێنانەکە کەمدەکاتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس، سەرەڕای کەمکردنەوەی بەرھەمھێنان لەلایەن وڵاتانی روسیا و سعودیەوە، بەڵام لەمانگی ئابی رابردوودا بەھۆی زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت لەلایەن عێراق و ئێران و نەیجیریاوە، بەرھەمھێنانی نەوتی ئۆپیک پڵەس رۆژانە ١٢٠ ھەزار بەرمیل زیادیکردووە و تێکڕای مانگانەش زیادبوونەکە گەیشتووەتە ٤٠.٥٢ ملیۆن بەرمیل.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەموو رێگە و رێکارێک دەگرنەبەر لە پێناو سەقامگیری بازاڕی نەوت و نرخەکەشی، بەشێوەیەک کە لە بەرژوەندی جیھان بێت و زیانی بۆ ھیچ وڵاتێک نەبێت.
فەرماندەی ھێزە ئەمنییەکانی پارێزگای بەسرە ئاشکرایکردووە، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ھەواڵگری ورد لەبارەی بازرگانێکی ماددە ھۆشبەرەکان و وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، ھێزێکی ئەمنی ھەوڵیدا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی بەسرە، بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر دەستگیر بکات، بەڵام کەسی دواکراو روبەڕوی ھێزە ئەمنیەکان بووەوەو دواتر بە برینداری دەستگیرکرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بازرگانەی ماددەی ھۆشبەر ماتۆڕسکیلێکی پێبووە و بە دەمانچە روبەڕوی ھێزە ئەمنییەکان بووەتەوە و لەکاتی دەستگیرکردنیشیدا ١٥٠ کیلۆ ماددەی ھۆشبەری پێبووە لە جۆری کریستاڵ.
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، نەناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە زیان لە ھاووڵاتیانیان دەگەیەنێت و متمانە کەمدەکاتەوە و پێشێلکردنی دەستورو رێکەوتنەکانیشە.
فادی شەمەری راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی ھەواڵی عێراقییەی راگەیاند، لە ژێر سایەی دەستوردا رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان بەڕێوەدەبرێن و ھیچ شتێک لە سەرووی دەستورەوە نیە.
راوێژکارەکەی سودانی ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەت دۆسییەیەکی ئاڵۆزی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بۆماوەتەوەو پابەندبووە بە ئەتەکێتی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکان بە ھەموو خۆشەویستی و داناییەک، ھێشتا نیازی باش ھەیە بەمەرجێک حکومەتی ھەرێم پابەندی بە دەستور و بنەماکانی رێزگرتن و زمانی نەرم و شەفافیەت بێت.
بەھرام عەین ئیلاھی وەزیری تەندروستی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی عێراق لە بەغداد رایگەیاند، لە ئێران ٩٩٪ـی پێداویستی پزیشکی و دەرمان بەرھەم دەھێنرێت و دەتوانن لەو بەرھەمانەش ھەموو جۆرە ھاوکارییەکی عێراق بکەن لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشیکیدا و ھەردوولاش تیمێکی تەندروستی ھاوبەش بۆ باشتررێکخستن و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان پێکدەھێنن.
وتیشی، لە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی نێوان تاران و بەغداد لە بواری تەندروستیدا، لەچەند رۆژی داھاتوودا کاروانی یەکەمی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ عێراق دەنێرن کە لە چەندین جۆر دەرمان و پێداویستی پزیشکی پێکدێت.
عەمید زیاد قەیسی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتووچۆی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لە رۆژانی چلەدا ٩٠ رووداوی ھاتووچۆی وەک وەرگەڕان، پێکدادان، کردنبەژێرەوە تۆمارکراوە و بەھۆیانەوە ٤٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٦٣ کەسی تریش برینداربوون.
وتیشی، شۆفێرێکردن لە ژێرکاریگەری خەوبردنەوە و بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەر و کحولییەکان دیارترین ھۆکاری رووداوەکانی ھاتووچۆ بوون و ھەندێک لە شۆفێرەکانیش حەبی خەوزڕاندنیان خواردووە، یاخود لەکاتی شۆفێریدا مۆبایلیان بەکارھێناوە.
بە پێی ئامارەکانی مەزارگەی عەباسی، ئەمساڵ ٢٢ ملیۆن کەس بەشدارییان لە چلەی ئیمام حسیندا کردووە کە چوار ملیۆن کەسیان زیارەتکاری ئێرانی بوون.
حەکیم لە رۆژی جیھانی نەھێشتنی نەخوێندەواری راگەیەنراوێکی بڵاوکردوەتەوە و داوا دەکات، ھەڵمەتێکی نیشتمانی گشتگیر رابگەیەنرێت بۆ کەمکردنەوەی رێژەی نەھێشتنی نەخوێندنەواری لە کۆمەڵگەی عێراق بە تایبەت لە گوندەکان و ھەنگاوی کرداری پتەو بنرێت بۆ دەربازکردنی وڵات لە لێکەوتەکانی دیاردەکە.
ھەروەھا حەکیم داوا دەکات رۆشنبیری زانست و زانیاری لە نێو چینەکانی کۆمەڵگە بڵاوبکرێتەوە، ئاسۆی ھەماھەنگی نێوان دامەزراوەکان فراوانبکرێت بۆ سنوردارکردنی شوێنەوارەکانی نەخوێندەواری.
بەپێی راگەیەندراوێکی دادگای باڵای فیدراڵی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی دامەزراندنی راوێژکار لە ئەنجومەنی نوێنەران، سکاڵایەکی لەسەر محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران تۆمارکردووە.
لە سکاڵاکەیدا سودانی داوا دەکات بە سەلەماندنی نادەستوریی بوون و ھەڵوەشاندنەوەی ماددەی (یەک، سێیەم) و یاسای رێکخستنی کاری راوێژکاران کە تێیدا ھاتووە (دامەزراندنی راوێژکار لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە مەرسومێکی کۆماری بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە بۆ دامەزراندنی راوێژکارەکە).
ئاماژە بەوەشکراوە، بەشی دووەمی سکاڵاکەی سودانی بەھەمان شێوە تایبەتە بە سەلماندنی نادەستوریی بوون و ھەڵوەشاندنەوەی ماددەی بڕگەی (پێنجەم)ی ھەمان ماددە، بە مەرجێک ئەم یاسایە دامەزراندنی راوێژکار پەسەند بکات کە پێش کارپێکردن و دەرچوونی مەرسومی کۆماری یان فەرمانی پەرلەمانیی یان دیوانی دامەزراون، لەگەڵ رەچاوکردنی بڕگەی یەکەمی ئەم ماددەیە بە گوێرەی دەستوور و یاسا لە یاسای رێکخستنی کاری راوێژکاران ژمارە سێی ساڵی ٢٠٢٢.
پێگەی " میدڵ ئیست ئای" کە بارەگاکەی لە بەریتانیایە بڵاویکردووەتەوە، تورکیا لەسەر راگرتنی ھەناردەی نەوتی کوردستان لە دادگای کۆڵۆمبیا لە ویلایەتی واشنتن دی سی ئەمریکا سکاڵای دژی حکومەتی عێراق تۆمارکردووە و داوای ٩٥٦ ملیۆن دۆلار قەرەبوو لە عێراق دەکات.
بەپێی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس تورکیا دەبێت نزیکەی ٢.٦ ملیار دۆلار قەرەبوو بداتە عێراق لەسەر ھەناردەی نەوتی کوردستان و چەند گرێبەستێک کە نزیکەی ٣٠ ساڵ لەمەوبەر لەنێوان ھەردوو وڵات ئەنجامدراوە، تورکیاش پێی وایە ئەو بڕیارە نادادپەروەرانەیە و دەبوو دادگا لە بەرژەوەندی تورکیا بڕیار بدات نەک عێراق.
پارێزەرانی تورکیا عێراق تۆمەتباردەکەن بەوەی دادگاکانی ئەمریکا وەک ئامڕازێک بۆ سکاڵاکانی دژی تورکیا بەرکاردەھێنێت، بۆیە بڕیاریانداوە ئەمجارە ئەوانیش لە دادگاکانی ئەمریکاوە سکاڵا دژی عێراق تۆماربکەن و داوای قەرەبوو بکەن.
تورکی عەتەبی، سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی ئاماژەی بەوەدا، لە چەند رۆژی داھاتوودا سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی کەرکوک دەکات، لەسەر ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی ھەفتەی رابردوو لەو شارە دروستبوو.
ئەوەشی خستەڕوو، سودانی لە سەردانەکەیدا بۆ کەرکوک سێ پرسی گرنگ تاوتوێدەکات، ئەوانیش جەختکردنەوە لە دەسەڵاتی یاسا و سەپاندنی شکۆمەندی دەوڵەت لەو شارە و پاراستنی خوێنی سەرجەم پێکھاتەکان، لەگەڵ جەختکردنەوە لە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بە ھەر ھەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیری کەرکوک.
ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی ھەماھەنگی وتیشی، ھەموو لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی لە ھەوڵەکانی سودانی دەکەن بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی کەرکوک، بەوپێیەی دۆسییەکی ئاڵۆز و درێژخایەنە و پێویستی بە رێگریکردن لە دەستێوەردانی دەرەکی ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو شارەکە.