تورکی عەتەبی، سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی ئاماژەی بەوەدا، لە چەند رۆژی داھاتوودا سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی کەرکوک دەکات، لەسەر ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی ھەفتەی رابردوو لەو شارە دروستبوو.

ئەوەشی خستەڕوو، سودانی لە سەردانەکەیدا بۆ کەرکوک سێ پرسی گرنگ  تاوتوێدەکات، ئەوانیش جەختکردنەوە لە دەسەڵاتی یاسا و سەپاندنی شکۆمەندی دەوڵەت لەو شارە و پاراستنی خوێنی سەرجەم پێکھاتەکان، لەگەڵ جەختکردنەوە لە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بە ھەر ھەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیری کەرکوک.

ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی ھەماھەنگی وتیشی، ھەموو لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی لە ھەوڵەکانی سودانی دەکەن بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی کەرکوک، بەوپێیەی دۆسییەکی ئاڵۆز و درێژخایەنە و پێویستی بە رێگریکردن لە دەستێوەردانی دەرەکی ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو شارەکە.