عیراق

سەرۆک کۆماری عیراق داوای بوژاندنەوەیەکی گشتگیری لە کەرتی تەندروستی دەروونی کرد، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە بەهێزکردنی ئەم کەرتە کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو و جێگیر.

ئەم داوایە لە رێگەی ووتەیەکەوە خرایە روو کە د. جەمال محەمەداوی، راوێژکاری سەرۆک کۆمار، لە پێنجەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی کۆمەڵەی پزیشکانی دەروونناسی عیراق پێشکەشی کرد. کۆنفرانسەکە لە بەغدا بەڕێوەچوو بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە پزیشک و توێژەرانی ناوخۆ و دەرەوەی عیراق.

د. محەمەداوی لە ووتەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کەرتی تەندروستی دەروونی روبەروی ئاڵنگاری گەورە بۆتەوە و پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتی هەیە. هەروەها جەختی لە پێویستی یەکخستنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەروونی کردەوە لە چوارچێوەی چاودێری تەندروستی سەرەتاییدا، لەگەڵ مۆدێرنکردنی ژێرخانی ئابوری سەنتەرەکانی دەروونی لە ڕێگەی دابینکردنی ئامێری مۆدێرن و پسپۆڕانی لێهاتوو.

راوێژکاری سەرۆک کۆمار هەروەها جەختی لەسەر دەستپێکردنی پرۆگرامەکانی هۆشیاری نیشتمانی کردەوە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە سەبارەت بە تەندروستی دەروونی و سوود وەرگرتن لە تەکنیکی نوێ. هەروەها گرنگی یەکخستنی هەوڵەکانی نێوان دامەزراوەکانی تەندروستی، کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا بۆ پەرەپێدانی کلتوورێکی تەندروستی دەروونی و دڵنیابوون لە بەشداریکردنی لە سیاسەتەکانی تەندروستی گشتی وڵات خستەڕوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە هاوكاری كۆمپانیا جیهانییە تایبەتەكان، حكومەتی عیراق دەستپێكردنی دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی راگەیاند.

ئاژانسی هەواڵی رەسمی عیراقی لە زاری مستەفا عاتی سەرۆكی دەستەی پیشەسازیی جەنگیی عیراقی رایگەیاندووە، لەگەڵ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی گولـلەنەبڕ و چەك و تەقەمەنی، دەستیانكردووە بە بەرهەمهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، بە مەبەستی پڕكردنەوەی پێداویستی هێزە ئەمنییەكان.

وتیشی، هەماهەنگییان هەیە لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكان بۆ فراوانكردنی توانا سەربازییەكان، كاریش دەكەن بۆ ئامادەكاری بە مەبەستی بەرهەمهێنانی تۆپهاوێژ و هاوەن.

ئەو هەوڵەش لەكاتێكدایە، عیراق كار دەكات لەسەر هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی چەك بۆ هێزە ئەمنییەكان، لەگەڵ زیادكردنی بەرهەمە ناوخۆییەكان بۆئەوەی كەمتر پشت بە وڵاتانی دەرەوە ببەستێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی یەکشەممە 9 ی ئاداری 2025 لە کۆشکی بەغداد پێشوازیی کرد لە وەفدێکی شاری هەڵەبجە  کە لە ژمارەیەک کەسایەتی حکومی و پەرلەمانتار و زانایانی ئاینی پێکهاتبوو

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە هەڵەبجە سیمبولی قوربانیدان و ئازایەتییە و ئاماژەی بەوەدا کە بەئامانجگرتنی بە چەکی کیمیایی لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە تاوانێکی قێزەون بوو دژ بە مرۆڤایەتی و تەئکیدیشی لەسەر پێویستی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی سیاسەتەکانی رژێمی پێشوو بۆ شارەکە و گرنگیدان بە لایەنە خزمەتگوزاری و ئابووری و شارستانییەکان کردەوە.

سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەسەر پێویستی رێزلێنان لە خوێنی شەهیدان و کارکردن بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی خەڵکی شارەکە کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە شاری هەڵەبجە جگە لە پێگەی بازرگانی و کەلتووری و رۆشنبیری و سامانی کشتوکاڵی، ڕۆڵی هەبووە لەڕاپەڕین و شۆڕشەکانی دژ بە رژێمە دیکتاتۆرییەکاندا.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی هەوڵدانی زیاتر کرد بۆ هاندانی جوڵەی وەبەرهێنان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکان و ستایشی ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکان بەتایبەتی زانکۆی هەڵەبجەی کرد و رۆڵی لەبەرەوپێشبردنی پرۆسەی خوێندن لەولاتدا .

سەرۆک کۆمار گوێی له داواکارییەکانی وەفده گرت کە بریتی بوو لەخستنەڕووی پرۆژه یاسایەک بۆ گۆڕینی شاری  هەلەبجە بۆ پارێزگا له دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان له سەر ڕەشنووسەکه.

وەفدەکە سوپاسی سەرۆک کۆماری کرد  بۆ پشتیوانی و بایەخدانی بەداخوازییەکانیان و جەختکردنەوەی لەسەر گرنگی خزمەتکردنی هاوڵاتیان و ئاوەدانکردنەوەی شاری هەڵەبجە و پەرەپێدانی بارودۆخی ئابووری ناوچەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە 9ـی 3ـی 2025، دادگای ئیداری قەزا بریاری راگرتنی دورخستنەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی پاریزگای نەینەوا ئەحمەد یونس حاسودی راگرت.

ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژی 5ـی ئەم مانگە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بڕیاری دورخستنەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوای دەرکردبوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك كۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازی لە وەفدی پارێزگای هەڵەبجە كرد و پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تاوتوێ كرا .

ئەمرۆ لە كۆشكی بەغداد، د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق پێشوازی لە وەفدی پارێزگای هەڵەبجە كرد و لە كۆبوونەوەكەدا پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و چەند بابەتێكی پەیوەست بە هەڵەبجە تاوتوێ كران  .

ئەو وەفدە بۆ بەدواداچوون بۆ پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە بەغدادن و شەوی رابردووش لەگەڵ مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆبوونەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمریکا بڕیاری ئەو لێخۆشبوونەی هەڵوەشاندەوە كە رێگەی بە عیراق دەدا غاز بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە ئێران بكڕێت.

تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لێخۆشبوونەكەی عیراقی بۆ كڕینی غاز لە ئێران نوێ نەكردەوە كە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەكاریدەهێنێت، داواشی لە حكومەتی عێراق كرد بە زووترین كات كۆتایی بە پشتبەستن بە سەرچاوەی وزە ئێران بهێنێت.

بروس، هۆكاری نوێنەكردنەوەی ئەو لێخۆشبونەوەی بۆ عیراق گەڕاندەوە بۆ ئەوەی كە ئیدارەی واشنتۆن رێگە بە تاران نادات بە ئاسانی یارمەتی ئابوری و دارایی پێبگات.

جەختیشیكردەوە كە هەڵمەتی زۆرترین فشاری ئەمریكا بۆ سەر ئێران بە ئامانجی ئەوەیە كۆتایی بە هەڕەشە ئەتۆمییەكانی ئێران بهێنێت و توانای موشەكی بالیستی لاواز بكات، لەگەڵ رێگریكردن لە تاران بۆ یارمەتیدانی گروپە چەكدارەكانی ناوچەكە.

رۆژی شەممە باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند، بەغداد بەرەسمی ئاگادار نەكراوەتەوە لە كۆتاییهاتنی ماوەی لێخۆشبوون بۆ كڕینی  غازی ئێران، وتیشی حكومەت خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێكی پەیوەست بە هاوردەكردنی غازی ئێران ئامادە كردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك كۆماری عیراق پەیامێكی بۆ رۆژی جیهانی ژنان بڵاوكردەوە و تیایدا، رۆڵی گرنگی ژنانی عیراق لە خێزان و كۆمەڵگە و ژیاندا بەرز دەنرخێنێت.

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە پەیامەكەیدا دەڵێت، ژنان رۆڵی گرنگیان گێڕاوە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەلومەرجە سەختانەی رووبەڕووی عیراق بوونەتەوە.

هاوكات، بەشداربوون لە بنیادنانی خێزان و بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی دەوڵەت لە كاتە سەختەكاندا.

جەختیشدەكاتەوە، لەسەر پێویستی دەستەبەركردنی مافەكانی ژنان و دەڵێت، ژنان پایەیەكی سەرەكین لە بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست، كە لەسەر بنەمای هاوكاری و هەماهەنگی كار بكات و دەرفەت بۆ ژنان لە بوارە جیاوازەكاندا بڕەخسێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بەهۆی روداێكی هاتوچۆوە لەسەر رێگەی حەولی كەركوك پێنج ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا و کچێکیشیان بەسەختی برینداربو.

پەیامنێری کوردسات نیوز لە کەرکوک رایگەیاند: روداوەکە بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەوە بووە و دایک و باوک و کوڕ و کچێکیان گیانی لەدەستداوە و کچێکی دیکەی تەمەن 13 ساڵیشیان بەسەختی بریندار بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز: ئەو خێزانە خەڵکی بەغدادن و باوکەکە ناوی "تارق جەبارە"


وێنەکان: کاروان محەمەد
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک وەزیرانی عیراق لە وەڵامی پرسیاری ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی، سەبارەت بە موچەی مانگی دووی موچەخۆرانی هەرێم، رایگەیاند: "لەم هەفتەیەدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت".

سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی وەک لیژنەکانی ژنان، سەرۆک وەزیرانی عیراق پێی راگەیاندین کە لەم هەفتەدا موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرین".

ئەمە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانی، سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کە رایگەیاندبو، تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق بۆ لیستی موچەی مانگی شوبات و مانگەكانی دواتر، جەختی لەسەر خێرا ناردنی زانیاری موچەخۆرانی هەرێم كردووەتەوە بە مەبەستی بەبانكیكردنی موچە بەپێی ئەو رێكارانەی كە لە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عیراقدا هاتووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لە رۆژی جیهانی ژناندا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "بە پەرۆشەوە میراتی ژنانمان شکۆمەند دەکەین لە ڕێی مسۆگەرکردنی دواڕۆژێک کە تێیدا هەموو ژنێک دەرفەتی شایستەی پێ بدرێت".

دەقی پەیامەکە 

لەرۆژی جیهانیی ژناندا، پابەندبوونمان بە کارکردن لەپێناو پێشخستن و بەدیهێنانی یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەز، دووپات دەکەینەوە.

ژنانی عێراق بەدرێژایی زیاتر لەسەدەیەک تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ماف و ئازادییەکانیان. بەجۆشەوە مێژووی عێراقیان نەخشاند سەرباری ئەو ئاستەنگانەی بەلای ئێمەوە نامۆ نین، چونکە پێشتریش تێمانپەڕاندووە و ڕووبەڕوویان دەبینەوە.

ئەمڕۆش بە پەرۆشەوە میراتی ژنانمان شکۆمەند دەکەین لە ڕێی مسۆگەرکردنی دواڕۆژێک کە تێیدا هەموو ژنێک دەرفەتی شایستەی پێ بدرێت. لەم پێناوەشدا هەموو جۆرە خاو و خلیچییەک بەرپەرچ دەدەینەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حكومەتی عیراق بەتووندی ئیدانەی بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی و بێتاوانی سوریا دەكات لە ململانێكان و داوای پاراستنیان دەكات.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە راگەیەنراوێكدا نیگەرانی نیشانداوە بەرانبەر پێشهاتە ئەمنییەكانی سوریا و دەڵێت، كاردانەوەی جددییان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە دەبێت، جەختیشیكردووەتەوە لەسەر پێویستی پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە شەڕ و ململانێكان، جەختیشی لە دان بەخۆداگرتنی لایەنەكان و گرنگیدان بە زمانی گفتوگۆ و پەسەندكردنی چارەسەری ئاشتیانە لەبری سەربازیی كردووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق بەتووندی بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و بێتاوانی ئیدانە كردووە و هۆشداریداوە كە بەردەوامی توندوتیژییەكان، دەبێتە هۆی گەورەتربوونی قەیرانەكە و قووڵكردنەوەی رەوشی ناسەقامگیری ناوچەكە، ئەوەش دەبێتە رێگر لەبەردەم هەوڵەكان بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و ئارامی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) رایگەیاند، ئامادەن بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە، بەڵام بەچەند مەرجێک.

ئەپیکۆر لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و سامانە سروشتییەکان، بڵاویکردەوە، ئاشکرای کرد چاوەڕێی رێککەوتنی نوێین لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "پابەندبوونی خۆمان بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپات دەکەینەوە، بەڵام بەو مەرجەی ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ بکرێن."

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان جەختیشی کردەوە: "پێویستە ناوەرۆکی هەمواری یاسای بودجە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و بە زووترین کات قەرزەکانمان پێ بدرێتەوە."

هەروەها گوتیشی: "پێویستە هاوشێوەی بەرهەمهێنەرانی نەوت لە عیراق، مامەڵە لەگەڵ وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستانیش بکرێت."

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، رێککەوتنی کۆتایی لەسەر دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت، پێویستی بە کۆبوونەوەی زیاترە لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاند، رۆژی 17ی 5 لوتكەی عەرەبی لە بەغداد بەڕێوەدەچێت. 

وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لە وەزارەت كۆبوونەوەیەك لەسەر دەرەنجامەكانی لوتكەی نائاسایی عەرەبی لە قاهیرە بەڕێوەچوو و باس لە ئامادەكارییەكانی لوتكەی عەرەبی لە بەغداد كراوە و بڕیاردراوە رۆژی 17ی 5 لوتكەكە بەڕێوەبچێت. 

لە كۆبوونەوەكەدا فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە رایگەیاندوە، عیراق كار دەكات بۆ ئامادەكردنی هەموو هەلومەرجێكی گونجاو بۆ دەستەبەركردنی سەركەوتنی و بەشێوەیەك بێت كە كاریگەری  ئەرێنی عیراق دەربخات.

جەختی لە پێویستی هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكان كردەوە بۆ دڵنیابوون لە رێكخستنی لوتكەكە بە بەرزترین ئاستی پیشەیی و كارایی. 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند، عیراق سەقامگیری زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و بەرەو گەشەسەندنی بەردەوام دەچێت.

کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە راگەیەنراوێکدا باسی لە دۆخی عیراق و ژیانی پەنابەران کردووە لە ناوچەکەدا.

کۆمسیۆنەکە ئەوەی خستووەتە روو، عێراق سەقامگیری بە خۆیەوە دەبینێت، دەشڵێت، 300 هەزار پەنابەر لە عیراقدا دەژین.

کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاندووە، ئەو پەنابەرانە هەرم لە نەتەوەی عەرەبن هەم وڵاتانی بیانی.

ئەوەشی خستووەتە روو، لەو 300 هەزار پەنابەرە، رێژەی 90٪یان پەنابەری سورین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

راوێژكارێكی سودانی لەبارەی موچە دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران و خانەنشنین تا كۆتایی ئەمساڵ و دەشڵێت، هیچ قەیران و مەترسییەك لەسەر موچە نییە.

فادی شەمەری راوێژكاری سیاسی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان هیچ كێشەیەكی نییە و حكومەتیش كاردەكات بۆ دابینكردنی سیولەی پێویست بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی پێدانی موچە.

وتیشی، حكومەت بەردەوامە لە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی بە هاووڵاتیانی داوە بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاڵنگاریانەی توشیان دەبێت و هەوڵی دابینكردنی خزمەتگوزاری دەدات بۆ هاووڵاتیان.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا كێشەی كەمی غاز هەیە بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، بەڵام حكومەت لە گفتوگۆدایە لەگەڵ لایەنە جیاوازەكان بۆ دانانی سیناریۆیەك بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی هاوردەكردنی غازی ئێران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح هۆشداری دەدات لە دابەشبوونی سوریا و دەشڵێت حەشدی شەعبی ئاسایش و ئارامی عیراقی پاراستووە.

هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە سوریا رویدا، لە عیراق روونادات، ترسی عیراقیش بۆ گەلی سوریایە نەك ترسیان لە وڵاتەكەی خۆیان هەبێت.

وتیشی، ئەوەی لە سوریا رودەدات، دەستوەردانەكانی ئیسرائیل و ئەو رەوشە سەختەی ناوچەكانی باكور و باشووری گرتووەتەوە، سەرەتای دابەشبوونی ئەو وڵاتەیە.

عامری ئاماژەی بەوەشكرد، حەشدی شەعبی لەكاتی رزگاركردنی عیراق لە دەستی داعش بەهێزی خۆی سەلماندووە و ئەو هێزەش پارێزەری ئاسایش و ئارامی عیراقن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...34567...366