وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای "شلیمبرگ"ی جیھانی گرێبەستێکیان ئیمزاکردووە بۆ ھەڵکەندنی ٩٦ بیرە نەوت لە کێڵگەی نەوتی "قوڕنە" لە پارێزگای بەسڕە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئامانج لە ئیمزاکردنی ئەو گرێبەستە، زیادکردنی توانای بەرھەمھێنانە لە کێڵگەی نەوتی قوڕنەی یەک، بە تەواوبوونی کارەکەش، ئاستی بەرھەمھێنانی ڕۆژانەی نەوت لەو کێڵگەیە، بە نزیکەی ٢٠٠ ھەزار بەرمیل زیاد دەبێت، پڕۆژەکەش زیاتر لە ٦٠٠ ھەلی کار دەڕەخسێنێت، و دەرفەتی کارکردنیش بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە خاوەنی توانا و ئەزموونی کارکردنن لە بواری نەوتدا.
ئەوەش لە کاتێکدایە ئێستا کێڵگەی نەوتی قوڕنەی یەک، ڕۆژانە ٣٨٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەمدەھێنێت، توانای ڕاستەقینەی بەرھەمھێنانیش دەگاتە زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بەرھەمی غازی سروشتیش دەگاتە ١٥٠ ملیۆن پێ سێجا.
سەبارەت بە ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، لەمەودوا دەبێت ئەو ئۆتۆمبێلانەی ھاوردە دەکرێن بە پێی تایبەتمەندی عێراق بن، بۆ ئەو مەبەستەش لە سەرەتای ئەمساڵەوە ڕێنمایی نوێ بۆ چۆنیەتی ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و تایبەتمەندییەکانی دەرکراوە و بڕیارەکەش کاراکراوە، بەڵام بەھۆی پێدانی دەرفەت بە ھاوردەکاران بۆ ڕێکخستنەوەی کارەکانیان، لە ڕووی یاسایی و داراییەوە بڕیارەکە دواخراوە.
وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بە مەبەستی فەراھەمکردنی ڕێکارەکانی سەلامەتی، لەمەودوا ئەو ئۆتۆمبێلانەی ھاوردە دەکرێن، دەبێت بە پێی تایبەتمەندی عێراق بن، چونکە ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ماوەی ڕابردوودا ھاوردەکراون بە پێچەوانەی تایبەتمەندی عێراقین، لەبەرئەوە دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکە ڕێگە نادرێت جگە لە تایبەتمەندی عێراقی، ئۆتۆمبێلی تر ھاوردە بکرێت.
لە ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنی ھێزەکانیان، (فالح فەیاز) سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، ھێزەکانیان دامەزراوەیەکی ڕەسمییە و شانبەشانی ھێزە ئەمنییەکان پارێزگاری لە شکۆی عێراق دەکات.
(فالح فەیاز) ڕەتیشیکردەوە ھێزەکانی حەشدی شەعبی بارگرانی بن بەسەر دەوڵەتەوە، بە پێچەوانەوە ھێزەکانیان گەرەنتی مانەوەی دەوڵەتی عێراقن. وتیشی، پیلانەکان لە ناوخۆ بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی حەشدی شەعبی دژایەتی مەرجەعی باڵایە.
ڕاشیگەیاند، ھەر وڵاتێک دژ و نەیاری حەشدی شەعبی بێت، ناتوانێت لە ھیچ بوارێکدا پەیوەندی و ھەماھەنگی لەگەڵ عێراق ھەبێت.
د. بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری لە بروسکەیەکی پیرۆزبایدا کە ئاڕاستەی ئیبراھیم رەئیسی کردووە ئاماژەی بەوەکرد، بەبۆنەی سەرکەوتنتان لە ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایتان ئاڕاستە دەکەم. ئومێدەوارم سەرکەوتووبن لەو ئەرکەی دەکەوێتە سەرشانتان لە خزمەتکردنی گەلی ئێرانی دۆست و ھەمیشەش لە پێشکەوتن و ئارامی و گەشەسەندندابن.
دەشڵێت، ئێمە لە عێراق چاومان لەوەیە پەیوەندییەکی باش و تۆکمەمان لەگەڵ گەل و وڵاتی ئێراندا ھەبێت، کە چەندەھا رایەڵەی شارستانی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی رەسەنی مێژوویی بەیەکەوەمان دەبەستێتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران رۆڵێکی باڵای ھەبووە لە یارمەتیدانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تیرۆرستان و ئەو لێکەوتانەی ھەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکەمان دەکەن، ھەروەھا ململانێ و تەنگژانەش کە لە ئارادان. لە دوا دیداریشماندا لە بەغدا پەرۆشی و گرنگیپێدانی بەڕێزتانم ھەستپێکرد لە پاراستن و پتەوکردنی ئەو ئەو پەیوەندییانەی لە نێوان ھەردوو گەل و وڵاتی عێراق و ئێراندا ھەن.
راشیگەیاندووە، ناوچەکەمان بە دۆخێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت، ئەم دۆخەش پێویستە بە دانایی و ووریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، پێویستی بەوەیە زمانی گفتوگۆ و دانوستان و بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکان سیمای سەرەکی و دروشم و سەرمەشق بن، بەوپەڕی پەرۆشی و گرنگییەوە مامەڵە لەگەڵ بەرژەوەندیی و رایەڵە پێکداچووەکانی گەلانی ناوچەکە بکەین و پەرەیان پێبدەین، بەو ئامانجەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی ناوچەکە بپارێزین و رێز لە سەرورەی وڵاتەکانی بگرین.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی بە تەلەفۆن پیرۆزبایی سەرکەوتنی، لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران لە ئیبراھیم رەئیسی کردووە و جەختیکردووەتەوە، لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان و زیادکردنی ھەماھەنگییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێران، لە بوارەکانی ئابووری و ئەمنی و روبەروبوونەوەی تیرۆر.
لای خۆشیەوە ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوی ئێران، سوربوونی وڵاتەکەی لەسەر گەشەپێدان و بەرەوپێش بردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق پیشانداوە و مستەفا کازمیشی بانگھێشت کردووە، تاکو لە نزیکترین کاتدا سەردانی تاران بکات.
ئەو ئەفسەرە ناوی محەمەد شموسە یەو بەرپرسبووە لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی گەندەڵیان ئەنجامدەداو لە لایەن دەستەی دەستپاکیەوە بریاری دەستگیرکردنی بۆ دەردەوو لە پارێزگاکەدا، محەمەد شموس لە بەیانی رۆژی ھەینی لە نزیک ماڵەکەی خۆی دوو چەکدار لە ئوتومبێلێکی کرێ دادەبەزین و تیرۆری دەکەن.
حکومەتی عێراق چەندین ئەفسەری داناوە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە بردنەدەرەوەی ٤٥٠ ملیار دۆلار لە ٢٠٠٣ وە شموسیش یەکێک بوە لەو ئەفسەرانە.
شایەنی باسە مانگی رابردووش بە ھەمان شێوە ئەفسەرێکی تر بە پلەی نەقیب دوای یەک رۆژ لە بەشداری کردنی لەو دەستگیرکردن و لێپەرسینەوە لە گەندەڵکاران تیرۆرکرا.
بە پێی راپۆرتی رێکخراوی نێودەوڵەتی دەستپاکی ناحکومی وڵاتی عێراق پلەی ٢١ بەردەکەوێت لە وڵاتانی گەندەڵیدا، ھەر ئەوەش وایکرد لە ساڵی ٢٠١٩دا خۆپیشاندانی گەورە لەو وڵاتەدا دەستپێبکات و حکومەتەکەی عادل عبدولمەھدی کۆتایی پێبھێنێت.
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، سەرەتای ھەفتەی داھاتوو ١٢ ھەزار دۆز لە ڤاکسینی کۆمپانیای "فایزەر" دەگاتە عێراق، ئەوەش زۆرترین بڕە کە لە ماوەی ھەفتەیەکدا رەوانەی عێراق بکرێت، راستەوخۆش بەسەر ناوەندەکانی تەندروستی لە "بەغداد" و پارێزگاکانی تر دابەش دەکرێن.
وەزارەتی تەندروستی عێراق دەشڵێت، ئەمساڵ ١٢ ملیۆن دۆز لە ڤاکسینی فایزەر دەستەبەر دەبێت، داواشی لە ھاووڵاتیان کرد پێشوازی لە ھەڵمەتەکانی کوتان بکەن، چونکە تاکە رێگەیە بۆ سنوردارکردنی زیاتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا.
توعمە لھێبی ئەندامی لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندوە، پێش کۆرۆناش دیاردەی نەخوێندەواری لە عێراقدا ھەبووە، بەڵام لەدوای بڵاوبونەوەی کۆرۆنا و داخستنی ژمارەیەکی زۆر لە ناوەندەکانی نەھێشتنی نەخوێندەواری، ژمارەی نەخوێندەواران زیادیکردوە و گەیشتووەتە ٢٠٪.
حەیدەر فاروق وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاندوە، لەماوەی رابردوودا کاریان کردوە بۆ کردنەوەی نزیکەی ٢٠ ھەزار ناوەندی نەھێشتنی نەخوێندەواری، کە توانایان ھەبێت دوو ملیۆن فێرخواز لەخۆبگرن، لە داھاتووشدا ھەوڵەکانیان زیاتر دەکەن بۆئەوەی رێگە نەدەن دیاردەی نەخوێندەواری زیاتر لە عێراق بڵاوببێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرینەی ئەو تاوانبارانەی لە دادگای عێراق ھەڵھاتوون لە تورکیا و ئیماڕات نیشتەجێن، و لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە ھەوڵدەدەن گێرانەوەیان دراوە.
پۆلیسی ئینتەرپوڵ ڕاشیگەیاندووە، توانیویانە پێنج تاوانباری سەرەکی دۆسیەی (سپایکەر) لە دەرەوەی عێراق دەستگیر بکەنەوە ڕادەستی بەغدادی بکەنەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ، لە کۆبونەوەیەکدا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر ھەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی عێراق و میسر و ئوردن پەیوەندییەکانی نێوان ھەرسێ وڵاتیان تاوتوێکردوە و دوپاتیان کردۆتەوە کە پێویستە ھەماھەنگی و ھاوکاری نێوانیان فراوان بکرێ ، باس لەوەشکراوە ئامادەکارییەکان بۆ رێکخستنی لوتکەی سێ قۆڵی نێوان ئورودن و میسر و عێراق لە بەغداد دەستیپێکردۆتەوە کە بریاربوو لە مانگی ئازار یاخود نیسانی ئەمساڵدا بەرێوەبچێت .
تا ئێستا دوو جار لوتکەی سێ قۆڵی میسر و ئوردن و عێراق دواخراوە ، جاری یەکەم لە مانگی ئازاردا بەھۆی پێکدادانی دوو شەمەندۆفێرەوە بوو لە میسر کە دەیان قوربانی لێکەوتەوە ، جاری دوەمیش لە مانگی نیساندا بەھۆی ئاڵۆزبونی رەوشی ئوردن و شکستپیھێنانی ھەوڵێکی کودەتای سەربازی بوو لەو وڵاتە ، تا ئێستاش وادەی بەرێوەچوونی دیاریکراو نیە .
باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغداد، داوای لە ھاوڵاتیانی لە عێراق کرد، کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ زیاترە بەشداری پڕۆسەی دەنگدانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان بکەن و دەرگای ناوەندەکانی دەنگدانیش کە لە نێو باڵیۆزخانەکانی ئێراندا دەبێت، لە سەعات ٨ی بەیانی تاکو ٦ی ئێوارە کراوە دەبێت.