عەبدولزەھرە ھنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢ رێژەی ھەژاری گەیشتووەتە ٢٥٪ی کۆی ژمارەی دانیشتووان، رێژەکە بەراورد بە ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ زیادیکردووە، کە لەو ساڵانەدا ٢٠٪ی تێنەپەڕاندووە.
وتیشی لێکەوتەکانی قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی کۆرۆنا و راوەستانی چالاکییە ئابوورییەکان و دابەزینی نرخی نەوت و راوەستانی پڕۆژەکان، ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی ھەژاریین.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق راشیگەیاند، وەزارەتەکەیان زۆر ھەوڵیان داوە کە سەرژمێری ئەنجام بدەن بەڵام رەوشی سیاس و تەندروستی نەبوونی بوددجە رێگربوون لە ئەنجامدانی بەڵام وەزرەت بەردەوام دەبێت لە ھەوڵەکانی بۆ ئەوەی بتوانن لە ماوەیەکی کورتدا سەرژمێری ئەنجامبدەن.
پێگەی "زە ھێڵ"ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کرد، جۆ بایدن پلانی خۆکاندیدکردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی ھەیە و ئێستا لە ھەرکاتێک نزیکترە بۆ خۆکاندیدکردنەوە و بە نیازە مانگی داھاتوو خۆکاندیدکردنەوەی رابگەیەنێت.
ئەگەری خۆکاندیدکردنەوەی جۆ بایدن بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، نیگەرانی لای بەشێک لە دیموکراتەکان دروستکردووە، ئەوەش بەھۆی زۆری تەمەنی بایدن، کە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو تەمەنی بووە ٨٠ ساڵ و لە چەندین بۆنەشدا ھەڵەی بەرچاووی کردووە، کە بووەتە جێگەی رەخنە.
"پەروین بوڵدان" ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان"ھەدەپە"لە کۆنگرەی چوارەمی ھەدەپە لە شاری قەرسی تورکیا رایگەیاند، ھەموو کەسێک حەزدەکات بزانێت کاندیدی "ھەدەپە"بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا کێیە، لە داھاتوویەکی نزیکدا کاندیدی خۆیان بۆ ڕای گشتی و گەلی تورکیا ئاشکرا دەکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ھەدەپە بە کاندیدی خۆی بەشداری ھەڵبژاردن دەکات و ھیچ پەیوەندیان بە ڕێککەوتنی میللەت نییە، کە لەسەر ھەڵبژاردنی گشتی تورکیا کراوە.
لای خۆیەوە، "مەراڵ دانش بێشتاش" جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ھەدەپە رایگەیاند، تاکە کەسێک کە پشتگیری ناکەن بۆ کاندیدبوون، "مەنسور یاڤاش"ە، تا ئێستا دەنگدەرانی"ھەدەپە"ناڕەزایەتییان بەرامبەری ھەیە و پێشوازی لە کاندیدی بوونی ناکەن.
"مەنسور یاڤاش" سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرەیە و سەر بە پارتی گەلی کۆماری "جەھەپە"یە و یەکێکە لەو کەسانەی کە چاوەڕواندەکرێت لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان وەک کاندیدی سەرۆک کۆمار دیاری بکەن.
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ١٥ مین خولی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ ئەنجامدراو، کیڤن مکارسی سەرکردەی کۆمارییەکان توانی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەدەستبھێنێت و ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە شوێنی نانسی بیلوسی سەرکردەی دیموکراتەکان.
ھەرچەندە کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران پێکدەھێنن و خاوەنی ٢٢٢ ئەندامن، بەڵام بەھۆی ناکۆکی نێو ئەندامانی فراکسیۆنەکان، لە ١٤ خولی دەنگداندا کیڤن مکارسی تەمەن ٥٧ ساڵ نەیتوانی دەنگی پێویست بھێنێت ، ئەوەش جاری یەکەمە لە دوای ساڵی ١٨٥٦ کەلەو ساڵەشدا ١٣٣ خولی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک بەڕێوەچوو.
ئاژانسی ئیرنا لە زاری ئەمیر لاجوردی سەرۆکی کۆمپانیای ژێرخان لە ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی دوو شەوی رابردوودا زنجیرەیەک ھێرشی ئەلیکترۆنی کراوەتە سەر بانکی ناوەندی ئێران و ژمارەیەکی زۆر دامەزراوەی دارایی و کۆمپانیاکانی تایبەت بە ئینتەرنێت و پەیوەندیکردن.
راشیگەیاندوە، توانیویانە سەرجەم ھێرشە ئەلیکترۆنییەکان پوچەڵ بکەنەوە و رێگەیان نەداوە ئامانجەکەیان بپێکن، بەڵام ئەوەی روویداوە گەورەترین ھێرشی ئەلیکترۆنی بووە کە تائێستا کرابێتە سەر دامەزراوە رەسمی و حکومییەکانی ئێران.
کارین جان بیار وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەردەوامی ھاوکارییە سەربازیی و مرۆییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکراین، لە چەند رۆژی داھاتوودا کاروانێکی تری ھاوکاری سەربازیی بە بەھای زیاتر لە سێ ملیار دۆلار رەوانەی ئۆکراین دەکەن، وتیشی، ھاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سوپای ئۆکراین ژمارەیەکی زۆر تانک و زرێپۆش و تۆپھاوێژ و چەندین جۆری مووشەک لە خۆدەگرێت.
لورا کوپەر جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریشکاش رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو ھاوکارییە نوێیەدا زیاتر لە چوار ھەزار مووشەکی جوجو لە جۆری زونی دەدەنە ئۆکراین.
ھاوکات جۆن کیربی رێکخەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپیش رایگەیاند، پێشبینی ناکەن لە چەند مانگی داھاتوودا شەڕ لە ئۆکراین کۆتایی بێت، بۆیە بەگرنگی دەزانن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوکاری ئەو وڵاتە بکەن بە تایبەتی لە رووی سەربازییەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەو ژمارە ٢٢٨ کۆچبەریان لەلایەن پۆلیسی دەریاوانی یۆنانەوە دیپۆرتکرابوونەوە و لەلایەن پۆلیسی دەریاوانی تورکیاوە دەستگیر کران.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، شەش ئەندامی باڵای دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای پێشەسازی فڕۆکەوانی قودسی خستووتە ناو لیستی گەمارۆکانییەوە، کە یەکێکە لە کۆمپانیا سەرەکییەکانی بواری بەرھەمھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ھەروەک سزای بەسەر بەڕێوەبەری رێکخراوی پێشەسازی فڕۆکەوانی ئێراندا سەپاندووە کە لە چاودێریکردنی بەرنامەی موشەکیی ئێران رۆڵێکی سەرەکی ھەیە.
پێشتر وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاندبوو، بەھۆی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ھاوکاریکردنی روسیا لە شەڕی ئۆکراین، واشنتۆن ھەوڵدەدات بە سەپاندی سزای زیاتر سنور بۆ پیشەسازی بەرھەمھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێران دابنێت.
بە پێی میدیاکانی تورکیا، فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا رایگەیاندووە، لە قەزای"دیدیم"ی سەربە پارێزگای ئایدن لە باشوری خۆرئاوای تورکیا، ٤٤ کۆچبەری نایاسایی لە خنکان رزگارکران کە ھەوڵیانداوە بەڕێگەی نایاسایی بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بڕۆن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، رێکاریی یاسایی بەرامبەر بە کۆچبەرەکان گیراوەتەبەر و ڕەوانەی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگاکە کراون.
ھەروەھا لە پارێزگای وان لە باکوری کوردستان، پۆلیس تەقەی لە مینی پاسێک کردووە، کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی تێدابووە، بەوھۆیەشەوە کۆچبەرێک کوژرا و یەکێکی تریش بە سەختی برینداربوو، کۆچبەرەکانی تریش دەستگیرگراون.
لای خۆیەوە، فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی رایگەیاند، لە ٣ی کانوونی دووەم تا ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، لە سنوری شارەکانی ئەزمیر و ئایدن و بالیکسیر و چەنەکاڵێ ٤٣٦ کۆچبەری نایاسایی لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیر کران.
لە ١٠ ھەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی"ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز"کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس تیرۆرکران، رەوەندی کوردی و رێکخراوەکانی ژنان لە ئەوروپا بەبەشداری ھەزاران کەس لە پاریس خۆپیشاندانێکان ئەنجامدا.
خۆپیشاندەران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، ساکینە جانسز و ھاورێکانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە تیرۆرکراون، ئاشکرایە کۆمەڵکوژییەکەی ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ش بەردەوامیی کۆمەڵکوژییەکەی ٩ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ یە.
ھەروەھا لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، بۆ ئەوەی ئەو کۆمەڵکوژیەی پاریس شەرمەزار بکرێت، دەبێت ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشکرا بکرێن و دۆسیەکە بەکراوەیی بمێنێتەوە، داوا لە حکومەتی فەرەنسا دەکەن بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات.
ھاوکات لە شارەکانی رەقا و تربەسپی و دێرک لە رۆژئاوای کوردستان کۆمەڵکوژییەکەی پاریس ئیدانەکرا و چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەچوو.
نوسینگەی عەلی خامنەیی بڵاویکردەوە، عەمید ئەحمەد رەزا رادان لە شوێنی عەمید حسێن ئەشتەری وەک فەرماندەی نوێی پۆلیسی ئێران دەستنیشانکراوە، ھۆکاری گۆڕانکارییەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە عەمید حسێن ئەشتەری ماوەی پۆستەکەی کۆتایی ھاتووە.
ئەحمەد رەزا رادان ساڵی ١٩٦٣ لەدایکبووە و لە ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٤ جێگری فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران بووە، لە ساڵی ٢٠١٠ش بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێندرا.
دیاریکردنی فەرماندەیەکی نوێ بۆ پۆلیسی ئێران، لە کاتێکدایە ئەو وڵاتە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە رووبەڕووی خۆپیشاندانی فراوان بووەتەوە.
نەبیلە میسرالی وتەبێژی جۆزێپ بۆریل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا بەھۆی لەسێدارەدانی "محەمەد مەھدی کەرەمی و سەیدمحەمەد حسێنی" دووچاری شۆک بووە، دوای ئەوەی بەھۆی خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی ئێران دەستگیرکران و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکرا.
ھاوکات رۆبێرتا میتسۆلا سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، پێویستە یارمەتییەکان بۆ ئەو ژن و پیاوانەی، لەپێناو ژیان و ئازادی رژاونەتە سەر شەقامەکانی ئێران زیاتر بکرێت.
نزیکەی پێنج مانگە خۆپیشاندان لە دەیان شاری رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تائێستا سەدان خۆپیشاندەر بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان کوژراون.
"زیلینکسی" لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەدا، ئاگربەستەکەی روسیا بۆ رێگەدان بە مەسیحییەکان بۆ ئاھەنگێڕان بۆ سەری ساڵ تەنھا فێڵە و ئامانج لێی راگرتنی پێشڕەوییەکانی ئۆکراینە لە ناوچەی دۆنباس و دەیەوێت سەرباز و کەلوپەلی زیاتر لەوڕێیەوە رەوانەی ناوچەکە بکات.
وتیشی، مۆسکۆ چەندین جار پلانی ئاشتی ئۆکراینی رەتکردووەتەوە، کاتێکیش جەنگ کۆتایی دێت، کە سوپای روسیا بکشێنەوە یاخود دەربکرێن.
بە وتەی "زیلینسکی"، وڵاتانی رۆژئاوا درکیان بەوە کردووە کە کرملین بۆ ماوەیەک جەنگ رادەگرێت بۆ ئەوەی بەبەھێزتر بەردەوامی پێبدات.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، بەو پێیەی دەستووری ئەمریکا رێگەی داوە کەسێک کە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانیش نەبێت دەتوانێت خۆی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنەکە کاندید بکات، لە ھەڵبژاردنی تایبەت بە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەراندا مات جایتس ئەندامی ئەنجومەنەکە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە و سێ کەسی تریش کە بریتی بوون لە حەکیم جیفریز لە ویلایەتی نیویۆرک و کیڤن مەکارسی لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا و کیڤن ھێرن لە ویلایەتی ئۆکلاھۆما، بۆ ھەمان پۆست خیان کاندید کردبوو.
ئاشکراشیکردووە، دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، دۆناڵد ترەمپ تەنھا یەک دەنگی ھێناوە و بەوەش ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران ترەمپی تووشی شەرمەزاریی کردووە.
"ئەردۆغان" لە وتەیەکیدا کە لە ئەنقەرە پێشکەشی کرد رایگەیاند، ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی کە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵی بۆ دیاریکراوە زۆر گرنگە، بەڵام رەنگە بە لەبەرچاوگرتنی ھەلومەرجەکانی ئێستا وادەکەی کەمێک پێشبخەن.
وتیشی، ئەندامانی پارتی داد و گەشەپێدان بۆ ١١ ملیۆن و ٢٤١ ھەزار کەس بەرزبووەتەوە لەمساڵدا، کە یەکەمجارە لە مێژوودا ژمارەکە بگاتە ئەو ئاستە، کە ئەوەش بەرھەمی ماندووبوون و ھەوڵەکانیانە.
بە پێی ئەو وادەیەی دیاریکراوە، بڕیارە ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ تورکیا و پەرلەمانی وڵاتەکە لە ١٨ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
ھیێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە رایگەیاند، لە رۆژی ٢٩/١٢/٢٠٢٢ ئۆپرسیۆنی بروسکی جزیر لە باکورو رۆژھەڵاتی سوریا دەستی پێکردوە، بەمەبەستی ئاشکراکردنی شانە نوستووەکانی داعش و دەستگیرکردنی تیرۆریستان، رۆژی ٦/١/٢٠٢٣ ئۆپراسیۆنەکە کۆتایھات.
راشیگەیاندوە، لە ئەنجامی بەڕێوەچوونی ئەو ئۆپراسیۆنەدا لە ماوەی ھەشت رۆژدا توانراوە، کێوماڵی ٥٥ گوندی دەوروبەری ناوچەکانی ھۆل و تل حەمیس و تل بەراک بکەن، ھەروەھا ١٠٢ تیرۆریستی داعش دەستگیرکراون، سێ لەوانە سەرپەرشتی تەقینەوە خۆکوژییەکانی باکور و رۆژھەڵاتی سوریایان کردوە.
بە پێی راگەیەنراوەکەی ھەسەدە، دەستیش بەسەر ژمارەیەکی زۆری چەک و تەقەمەنی تیرۆریستانی داعشدا گیراوە، ١٥٤ کەسیش بە گومانی ھاوسۆزییان بۆ داعش دەستگیرکراون.