پەرلەمانی کوردستان لە بارەی کۆچی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات و ئەو ڕەوشەی ڕووبەڕووی کۆچبەرانی کورد لە سنوورەکانی نێوان بێلاروس و پۆڵەندا بووەتەوە لە کۆبوونەوەدایە و بە بڕیاری ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان، سبەێنێ چوارشەممە وەفدێکی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستان، سەردانی سنورەکانی بێلاروسیا و پۆڵەندا دەکەن و ماوەی سێ ڕۆژ لەو وڵاتە دەمێننەوە.
ئامانجی سەردانەکەش بەدواداچوونە بۆ ڕەوشی کۆچبەرانی کورد لە سنوورەکانی ئەو وڵاتە، دوای کۆتاییھاتنی سەردانەکەش ڕاپۆرتێک پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەن و بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەیەک لە بارەی کۆچی گەنجان ئەنجام دەرێت.
"ئازاد حەمە ئەمین" سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، مشتومڕێک لەسەر ڕۆژی سلێمانی ھەبوو، بەڵام دوای کۆبوونەوە و گفتوگۆ، ئەمڕۆ بە کۆی دەنگ بڕیاردرا ١٤ی ١١ وەک ڕۆژی سلێمانی دیاری بکرێت و ھەفتەیەکیش بۆ ھونەری و چالاکییەکانی تایبەت بە شارەکە دیاری بکرێت.
تیمی گەڕۆكی بەردەركی سەرا رۆژانە نزیكەی 40 هاوڵاتی دەكوتێت و خوازیارن هاوڵاتیەكی زیاتر بێن بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، هاوڵاتیانش ئەم هەڵمەتە بە گرنگ دەزانن و دەڵێن كارئاسانی باش كراوە بۆ وەرگرتنی ڤاكسین.
ئەمڕۆ وەفدێکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات، ئامانجی سەدانەکەش ھەوڵەکانی یەکێتییە بە مەبەستی بەدیھێنانی یەکھەڵوێستی و یەکڕیزی کورد لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، بڕیاریشە وەفدی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە رۆژانی داھاتوودا سەردانی لایەنەکانی تریش بکات.
سەرچاوەکان رایانگەیاند، وەفدێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی ئیلھام ئەحمەد سەردانی مۆسکۆی پایتەختی روسیای کردووە بە مەبەستی کۆبونەوە لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، بڕیاریشە تاوتوێی مەترسیەکانی ھێرشەکانی تورکیا و ئەگەری ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ دیمەشق بکەن.
ئەو سەردانە ھاوکاتە لەگەڵ لێدوانی چەند لێپرسراوێکی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە کە جەختیان کردبوەوە لەسەر گرنگی دانوستان لەگەڵ حکومەتی سوریا، بۆ سنوردارکردنی ھەڕەشەکانی تورکیا و قەیرانی سوریا بە گشتی.
ھەرێم رەفعەت لە تیمی پارێزەران رایگەیاند، بەندەوار ئەیوب و کارگەر عەباس بە ساڵێک و دوو مانگ زیندانی سزا دران و بەھۆی تەواو بوونی ماوەکەیان ئازاد دەکرێن، شێروان تەھا بە دوو ساڵ و سێ مانگ و مەسعود شەنگالی بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزادران.
باوکی مەسعود شەنگالییش رایگەیاند، بڕیارەکە سیاسییە و ھیچ شتێک لەسەریان ساغ نەبوەتەوە.
کاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستانیش وتی، دووان لە سزادراوان بە ھەوڵی گێرەشێوێنی و تێکدانی رەوشی ھەرێم تۆمەتبار کراون، کە سزاکان بێ بنەمان و دەنگی ئازاد بە سزا کپ ناکرێت.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ھەرێم رایگەیاند، ھیچ ئەگەرێک لە بەردەم داخستنی خوێندنگەکان نییە، تەنھا رێگەش بۆ بەکراوەیی ھێشتنەوەی خوێندنگەکان وەرگرتنی ڤاکسین و خۆپارێزییە.
وتیشی، ٤٥ تیمی گەڕۆک ئامادەکراوە بۆئەوەی لە شوێنە قەرەباڵغەکان ڤاکسین لە ھاوڵاتیان بدەن.
لەبارەی ئەو پەتا وەزریەش کە ئێستا بڵاوبووەتەوە بە تایبەتی لە ناو منداڵان رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی ھەموو ساڵێک بەرلە کردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان رێنمایی پێوست دەردەکات بۆ ئەوەی منداڵان پارێزراو بن لە ھەموو نەخۆشییەک، بۆ ئەوەش ئەمساڵ رێنمایی پێوست دەرکراو و داوایان لە تەواوی خوێندنگەکان کردووە رێکارەکانی خۆپارێزی بگرنەبەر.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم رایاند، پاش دواکەوتنی بۆ ماوەی چەند رۆژێک ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٨/١١/٢٠٢١ بڕی ٢٠٠ ملیار دینار بەپێی رێکەوتنی ھەرێم-بەغداد گەیشتە ھەرێمی کوردستان.
وەفدێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە سەرپەرشتی رەفعەت عەبدڵا سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و لەلایەن بەختیار عومەر و ژمارەیەک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی پێشوازی کران، لەکۆبونەوەیەکیشدا، رەوشی سیاسی و ئەمنی عێراق و دوا گۆڕانکارییەکان تاوتوێکران، بەتایبەتی ئەو رەوشەی دوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھاتۆتە ئاراوە، جەختیشکرایەوە لە گرتنەبەری ھەموو ئەو ڕێوشوێنانەی کە یەکڕیزی کورد دەپارێزێت و لەو چوارچێوەیەشدا مافە دەستووریەکانی خەڵکی کوردستان بەدیدەھێنێت.
تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە، ھەڵسەنگاندنی رەوشی ھەرێمی کوردستان و چاککردنی گوزەرانی ھاوڵاتیان بوو، بە تایبەتی خۆئامادەکردن بۆ ئەو ئاڵانگاریانەی ڕوبەڕوی ھەرێم دەبێتەوە لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و سازان.
وتیشی، بودجەی تەواو لە بەردەستدایە بۆ قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتووەکان و لیژنەکانیش دەست بە قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوەکان دەکەن.
بەپێی لیستەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری تا رۆژ پێنج شەممە مووچەی مانگی ١٠ی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان دابەشدەکرێت.