ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا روبەڕووی ھێرشی درۆنی بونەتەوە، بەپێی زانیارییەکان بنکەی سەربازی شەدادیە لە باشوری حەسەکە لە سوریا بە درۆن کراوەتە ئامانج، ھاوکات بنکەی سەربازی ھەریر لە ھەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج بەبێ ئەوەی ئامانجەکانی لەنێو بنکەکە بپێکێت، لەھەمان کاتدا فڕۆکەخانەی ھەولێر رایدەگەیەنێت ھەواڵی بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر دوورە لەراستیەوە و کارکردن و گەشتەکانی ئاساییە.
بەر لەو بۆردوومانانە، پاتریک رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاکە ئامانجی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بەرەنگاربوونەوەی گروپی تیرۆریستی داعشە، بەڵام ئەگەر گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەردەوام بن لە ھێرشکردنە سەر ھێزەکانیان، ئەوا ھێزەکانی وڵاتەکەی وەڵامیان دەدەنەوە.
لە پەیامەکەدا کە بەبۆنەی بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بڵاوکراوەتەوە تێیداھاتووە، لیستی ١٤٢ ویستی کورد و کەرکوکییەکانە بۆ بەدەستھێنانەوەی دەسەڵات لە پارێزگای کەرکوک و پارێزگاری داھاتووی کەرکوکیش پارێزگارێکی کورد دەبێت، کە کاندیدی یەکێتیی و ھەڵقوڵاوی ویست و ئیرادەی (ھاوپەیمانی کەرکوک ھێزی و ئیرادەمانە) دەبێت.
ئاماژەبەوەشکراوە، پارێزگاری داھاتووی کەرکوک، پارێزگارێکی رەسەن دەبێت و کاتی ئەوە ھاتووە ئەم شارە لە دەست بارمتەیی پارێزگاری بە وەکالەت و بە کەفالەت دەربھێنن و ئیدارەکەی نوێنەری ئیرادەی خەڵکەکەی بێت.
باسیان لەوەشکردووە ، پارێزگای کەرکوک شایانی گەڕانەوەی چەرخی زێڕینی حوکمی شەرعیەت و خزمەتگوزارە لە سایەی پارێزگارێکی کورد و لیستی ١٤٢ش دەسەڵات دەداتەوە دەست کەرکوکییە رەسەنەکان.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە فەرەنسا ئاماژەی بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم و کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد کرد و رایگەیاند، وەفدی ھەرێم لە گفتوگۆدایە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، بۆ ئەو بابەتەش ھەندێک رێکار ھەیە دەبێت رێککەوتنی لەسەر بکرێت.
وتیشی، ھەناردە نەکردنەوەی نەوت تەنیا زیانی بۆ ھەرێم نییە بەڵکو بۆ ھەموو عێراقە، کێشەکە تەکنیکییە نەک سیاسی، لەسەر ئەو بابەتەش گفتوگۆکان بەردەوامە، کێشەکانیان لەگەڵ عێراق لەسەر تێچوی دەرھێنانی نەوتە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە.
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدادیش رایگەیاند، دەبێت کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت، بە زووترینکات کێشەی مووچەی مووچەخۆران چارەسەر بکرێت، چونکە حکومەتی ھەرێم بە ھەموو شێوەیەک لەگەڵ عێراق چووەتە پێش و داتا و زانیاری دروستی داوە بە بەغداد.
بەپێی راگەیەنراوی سەرۆکایەتی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سێباستیان لوکۆرنو وەزیری بەرگریی فەرەنسا کۆبوەتەوە، ھەردولاش جەختیان لە پابەندی و بەردەوامیی پشتگیریی سەربازیی فەرەنسا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کردەوە.
ئەوەشھاتووە، وەزیری بەرگری فەرەنسا ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی ھاریکاریی ھاوبەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژیی عێراق و فەرەنسا لە بواری سەربازی و ئەمنیدا دووپات کردوەتەوە.
ھاوکات بەرەوپێشچوونی ھاریکاری و ھەماھەنگیی پێشمەرگە و سوپای عێراق و مەترسییەکانی داعش لەسەر ئارامی و سەقامگیریی عێراق و سووریا و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.
پارێزگای ھەولێر لە راگەیەندراوێکی سەبارەت بە مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە ھۆی داڕشتنی ئەو پلان و بەرنامانەی لەماوەی رابردوودا بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی روودانی لافاو و چارەسەری ھۆکارەکانی دروستبوون لەلایەن دامەزراوە و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان گیراونەتەبەر، لە وانە خاوێنکردنەوەی ٣٥٠ کیلۆمەتر لە فراوانکردن و پاککردنەوەی ڕێرەی ئاوی سروشتی باران و پاککردنەوەی سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنھۆلەکان و خاوێنکردنەوەی ئاوەڕۆکانی گەڕەک و شوێنە گشتیەکانی شاری ھەولێر و تەواوکردنی ٢٠ پڕۆژەی تایبەت بە کەمکردنەوەی مەترسیەکانی لافاو.
ھاوڵاتییان سنووری ھەولێریش دڵنیا دەکاتەوە، لە رێگەی لیژنە و تیمی فەرمانگە و دامەزراوەکانییەوە ھەموو ھەوڵێکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی روودانی ھەر ئەگەر و مەترسیەکی لافاو و رووداوێکی نەخوازراوی گۆڕانی کەشوھەوا، بە ھۆی دابارینی ڕێژەیەکی زۆری بارانیش لە زووترین کاتدا تیمەکان بەھانای ھاووڵاتییانەوە چوون و شەقامەکان پاککرانەوە و ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ ٢٠٠ ملیار دینار لە بانکی رافیدەینەوە خراوەتە سەر ھەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی ھەرێم.
راشیگەیاند، رۆژی شەممە چواری تشرینی دووەم، لەگەڵ داھاتی ناوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکەن و رۆژی پێنجشەممە نۆی تشرینی دووەم دابەشکردنی مووچە کۆتایی دێت.
ئەو راگەیەندراوەی وەزارەت دارایی ھەرێم دوای ئەوەدێت بەیانیی ئەمڕۆ وابڵاوکرایەوە، کە بانکەکانی رەشید و بازرگانی، ٤٥٠ ملیار دیناریان خستووەتەسەر ھەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان و رۆژی یەکشەممە بانکی رافیدەین ٢٥٠ ملیار دینار دەخاتە سەر ھەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە رێگەی بانکی رەشیدەوە ٢٥٠ ملیار و ٢٠٠ ملیاری لە رێگەی تی بی ئای-ەوە خراوەتە سەر ھەژماری بانکی ھەرێم.
وتیشی، بڕیارە رۆژی یەک شەممەی داھاتوو لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە ٢٥٠ ملیار دیناری تر دەخرێتە سەر ھەژماری بانکی حکومەتی ھەرێم.
چاوەڕوانیش دەکرێت ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی ھەرێم خشتەی مووچەی مانگی ئابی ئەمساڵ رابگەیەنێت.
کاکەڕەش سدیق، سەرۆکی ئۆفیسی کەرکوکی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمرۆ لە بەغداد کۆبونەوەی لیژنەی باڵای راسپێردراو بۆ بەدواداچوون و ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی تەعریب لە پارێزگای کەرکوک، بەڕێوەدەچێت.
وتیشی، جگە لە ھادی عامری سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠، ژمارەیەک لە نوێنەرانی کەرکوکیش بەشداری دەکن و پێداگری دەکەن لیژنەکە گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی تەعریب لە پارێزگای کەرکوک ھەڵوەبشێنێتەوە و موڵکدارێتیی زەوییەکان بۆ خاوەنە کورد و تورکمانەکانیان بگەڕێنێتەوە
دەقی پرسەنامەکە...
کۆچی دوایی خاتوو (نەجیبە مەحمود) کچی کەسایەتی ناودار و نیشتمانپەروەری کورد مەحمود خانی دزڵی و ھاوسەری خوالێخۆشبوو مامۆستای پایەدار شێخ ئەمین شێخ عەلائەدین نەقشبەندی لە دڵەوە نیگەرانیکردین.
پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکەیان دەکەم کە رۆڵ و پێگەیان لە مێژووی خەباتی کورد، چاکەکاری و خوداناسیدا دیار و بەرچاو بووە.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ھەورامان جەلال وتەبێژی گەشتوگوزاری ھەڵەبجە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ھەردوو بازگەی زەمەقی و دەرەشیش ٣٥ ھەزار و ٢٠٠ گەشتیار ھاتوونەتە پارێزگای ھەڵەبجە بۆ بەشداریکردن لە کەم رۆژی فێستیڤاڵی ھەنار، وتیشی، سەردانیکەری سەنتەری قەزای مەڵبەندی ھەڵەبجە بۆ فێستیڤاڵەکە، نزیکەی ٣٥ ھەزار بووە.
گەشتوگوزاری ھەڵەبجە پێشبینیشدەکات لە دوو رۆژی دیکەی فێستیڤاڵەکەدا کە کەوتووەتە رۆژانی ھەینی و شەممە و پشووی ھاووڵاتیانە، ئاماری ھاتنی گەشتیاران بۆ دوو بەرامبەر بەرزببێتەوە.
سیروان بارزانی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتەکانی مامەڵە دەکات و رێکارەکانیشی بەرامبەر کۆڕەک تیلیکۆم ناڕەوان و جێگەی نیگەرانین.
وتیشی، دۆسیەی سزاکانی سەر کۆڕەک تیلیکۆمی رادەستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و داوایکردووە حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بێلایەن پێکبھێنن و ئەوانیش ئامادەن ھەر قەرزێک کە لەسەریانە خەرجی بکەن، لەبەرامبەریشدا دەبێت مافەکانیان پێبدرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕەک تیلیکۆم ئاشکراشیکرد، ھەوڵێک ھەیە بۆ شکاندنی کۆڕەک تیلیکۆم کە حەوت ملیۆن بەشداربووی لە وڵاتدا ھەیە، جەختیشیکردەوە بڕیاری سزادانی کۆمپانیاکەی کاتییە و لە ھەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لەسەر بانگھێشتی فەرمیی سەرۆککۆماری فەرەنسا، سبەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پاریس لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کۆدەبێتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و برەودان بە ھاریکاریی ھاوبەش و دۆخی عێراق و ناوچەکە بەگشتی تاوتوێ دەکەن.
ئەو سەردانەی سەرۆکی ھەرێم بۆ پاریس، لە کاتێکدایە کە رۆژی ٢٩ی ئابی ساڵی ٢٠٢١ ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی ھەولێری کرد و لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم رایگەیاند، پاریس پابەندە بە سەروەریی خاکی عێراق و سیستمە فیدڕاڵییەکەی کە لە دەستووردا چەسپێندراوە.
ئاراس محەمەد ئاغا، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بەھاوڕێیەتی میر فەیسەل کەریم خان برادۆستی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ژمارەیەک سەردان و دیداریان لە پارێزگای نەینەوا ئەنجامدا و چاویان کەوت بە ژمارەیەک کەسایەتی و گەنجان ولاوان و ژنانی شارەکە .
عەلی عەباس، وتەبێژی ئۆفیسی کەرکوکی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لە کەرکوک ١٠ ھاوپەیمانی و پێنج حزبی سیاسی بەشداری ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن.
وتیشی، کۆمسیۆن رێنمایی داوەتە سەرجەم کاندید و لیستەکان کە نابێت لە فەرمانگەکان، خوێندنگە، مزگەوت و ناوەندە سەربازییەکان بانگەشەی ھەڵبژاردن بکرێت، بەپێچەوانەوە سزادەدرێن.
کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، خشتهی كارپێكردنی مۆلیده بۆ مانگی گۆڕانکاری تێدادەکرێت و مۆلیدەکان تەنیان لە نێوان 12ی نیوەڕۆ تا 1ی شەو ئەگەر کارەبای نیشتیمانی کۆژایەوە کار دەکەن واتە لە 1ی تا 12 نیوەڕۆ کارناکەن جگە لە بەیانیان کە 6:30 تا 8:00ی بەیانی کاردەکەن.
رۆژانی هەینی و پشووە فەرمییەکان بەیانیان کارناکەن لەبری ئەوە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ کاردەکەن.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاندووە، ستراتیژ و پلانی کابینەی نۆیەم ئەوەیە زیاتر برەو بە پیشەسازیکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان بدرێت، لەم قۆناغەشدا ھەر بەرھەمێک لە پێداویستی ناوخۆ زیاتر بێت رەوانەی بازاڕەکانی عێراق و وڵاتانی دەرەوە دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا زیاتر لە دوو ھەزار پڕۆژەی تایبەت بە سامانی ئاژەڵ و پەلەوەر بە سەرمایەی ملیارێک دۆلار ھەن، کە نزیکەی ٦٠ ھەزار ھەلی کاریان ڕەخساندووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لەئێستادا، ٣٩ پڕۆژەی بەرھەمھێنانی ھێلکە، ھەزار و ٩٠٨ پڕۆژەی بەرھەمھێنانی گۆشتی مریشک، ٨٨ پڕۆژەی مانگای شیر، ١٠٣ پرۆژەی دابەستنی گۆلک و ٤٢ کارگەی ئالیک لە ھەرێم بوونیان ھەیە.