نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە فەرەنسا ئاماژەی بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم و کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد کرد و رایگەیاند، وەفدی ھەرێم لە گفتوگۆدایە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، بۆ ئەو بابەتەش ھەندێک رێکار ھەیە دەبێت رێککەوتنی لەسەر بکرێت.

وتیشی، ھەناردە نەکردنەوەی نەوت تەنیا زیانی بۆ ھەرێم نییە بەڵکو بۆ ھەموو عێراقە، کێشەکە تەکنیکییە نەک سیاسی، لەسەر ئەو بابەتەش گفتوگۆکان بەردەوامە، کێشەکانیان لەگەڵ عێراق لەسەر تێچوی دەرھێنانی نەوتە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە.

سەبارەت بە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدادیش رایگەیاند، دەبێت کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت، بە زووترینکات کێشەی مووچەی مووچەخۆران چارەسەر بکرێت، چونکە حکومەتی ھەرێم بە ھەموو شێوەیەک لەگەڵ عێراق چووەتە پێش و داتا و زانیاری دروستی داوە بە بەغداد.