ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا روبەڕووی ھێرشی درۆنی بونەتەوە،  بەپێی زانیارییەکان بنکەی سەربازی شەدادیە لە باشوری حەسەکە لە سوریا بە درۆن کراوەتە ئامانج، ھاوکات بنکەی سەربازی ھەریر لە ھەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج بەبێ ئەوەی ئامانجەکانی لەنێو بنکەکە بپێکێت، لەھەمان کاتدا فڕۆکەخانەی ھەولێر رایدەگەیەنێت ھەواڵی بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر دوورە لەراستیەوە و کارکردن و گەشتەکانی ئاساییە.

بەر لەو بۆردوومانانە، پاتریک رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاکە ئامانجی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بەرەنگاربوونەوەی گروپی تیرۆریستی داعشە، بەڵام ئەگەر گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەردەوام بن لە ھێرشکردنە سەر ھێزەکانیان، ئەوا ھێزەکانی وڵاتەکەی وەڵامیان دەدەنەوە.