بەپێی ئامارێکی ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز، لە سەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا لە زیاتر لە ٢١٠ وڵات بڵاوبووەتەوە و کۆی گشتی گیانلەدەستدان بەھۆیەوە چوار ملیۆن و ٨٠ ھەزاری تێپەڕاندوە، زیاتر لە ١٨١ ملیۆن کەسیش لە جیھاندا توشی کۆرۆنا بوون.
زۆرترین ئامارەکانیش لە ئەمریکا تۆمار کراوە کە تەنھا لەو وڵاتە ٦٠٣ ھەزار و ٥٤٤ توشبوو گیانیان لەدەستداوە، بەرازیلیش لە روی ئامارەکانی گیانلەدەستدانەوە لە پلەی دوەمدایە و تا ئێستا ٥١٢ ھەزار و ٧٣٥ توشبوو لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، ھندستانیش لە پلەی سێیەمدایە و ئامارەکانی گیانلەدەستدان لەو وڵاتە ٣٩٥ ھەزار و ٧٥٠ کەسی تێپەڕاندوە.
سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی (نیوساوس وێڵز) ڕایگەیاند، شاری سیدنی بۆ ماوەی دوو ھەفتە کەرەنتین دەکرێت و بڕیارەکە دانیشتووانی ناوچەکانی دەوروبەری سیدنیش دەگرێتەوە.
لە توێژینەوەیەکی کۆلێژی زانکۆیی لەندەن، دوو ملیۆن توشبووی کۆرۆنا لە بەریتانیا بۆ ماوەی ١٢ ھەفتە نیشانەکانی کۆرۆنایان تێدا ماوە و لە ھەر ١٠ توشبووش یەکێکیان نیشانە قورسەکانی ڤایرۆسەکەیان بۆ ھەمان ماوە تێدا ماوەتەوە.
تیمی توێژینەوەکە باس لەوە دەکەن، دەرەنجامی توێژینەوەکە و مانەوەی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بۆ ماوەیەکی زۆر تووشی نیگەرانی کردوون، مات ھانکۆک وەزیری تەندروستی بەریتانیاش دەڵێت، ئەم توێژینەوانە یارمەتی حکومەتەکەیان دەدەن بۆئەوەی باشتر رووبەڕووی ڤایرۆسەکە ببنەوە و چارەسەری کاریگەرتر بەکاربھێنن.
کۆشکی سپیی ئەمریکا بڵاویکردەوە، پلانیان ھەیە لە مانگەدا ٥٥ ملیۆن دۆز لە ڤاکسینی کۆرۆنا، ببەخشنە وڵاتانی جیھان، ھەفتەی ڕابردووش ٥٠٠ ملیۆن دۆزیان لە ڤاکسینی فایزەر کڕیووە، بۆ بەخشینی بە وڵاتانی ھەژار لە ئەمساڵ و ساڵی داھاتوودا.
ڕاشیگەیاند، لەو ٥٥ ملیۆن دۆزەی ڤاکسینی کۆرۆنا، لە پێشینە بۆ چەند وڵاتێکە، لەوانەش عێراق و کەرتی غەززە، کە بڕی ١٤ ملیۆن دۆزی ڤاکسینەکەیان پێدەگات.
ناردنی ئەو ڤاکسینە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی کۆڤاکسە، بۆ ناردنی ڤاکسین بۆ وڵاتانی ھەژار و کەمدەرامەت.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی زانکۆی جۆنز ھۆبکینز، تاکو ئێستا لە ھەموو وڵات و ناوچەکانی جیھاندا دوو ملیار و ٦٠٠ ملیۆن ژەمە ڤاکسین دابەشکراوە و ڤاکسینکردنیش لە ھەندێک وڵات بەتایبەت ئەمریکا بە خێراییەکی زۆر بەردەوامیی ھەیە.
بە گوێرەی دواین تۆمارە فەرمییەکانیش کە لە دەوڵەتەکانەوە وەگیراوە، ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە ١٧٩ ملیۆن و ٢٦٠ ھەزار کەس کە لەو ژمارەیە سێ ملیۆن و ٨٨٢ ھەزار کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ١٦٣ ملیۆن و ٨٢٨ ھەزار کەسیش چاکبوونەتەوە.
تیدرۆس ئەدھانۆم سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، لە ھەفتەی ڕابردوودا ڕێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئەفریقا ٥٢٪ بەرزبووەتەوە و ڕێژەی مردنیش بە ڤایرۆسەکە ٣٢٪ زیادی کردووە، چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ڕەوشی تەندروستی ئەفریقا نالەبارتر ببێت.
ڕاپۆرتە تەندروستییەکانیش باس لەوە دەکەن ئامارە ڕاستییەکان چەند ھێندەی ئامارە ڕەسمییەکانن و ڕەوشەکە لەوە مەترسیدارترە حکومەتەکانی ئەفریقا و تەندروستی جیھانی باسی دەکەن و ھۆکاری سەرەکیش نەبوونی ڤاکسینی پێویست و پشکنینە.
لەگەڵ ئەوەی ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە جیھاندا کەمی کردووە، بەڵام دەرکەوتنی جۆری نوێی گۆڕاوی کۆرۆنا بە ناوی دەلتاوە لە ھەندێک وڵات وایکردووە ڕەوشەکە سەقامگیر نەبێت و مەترسی زۆربوونەوەی ئامارەکانی لە ئارادابێت، بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەر تەنھا لە ماوەی ١٦٦ ڕۆژدا ٢ ملیۆن گیان لە دەستدان بە کۆرۆنا تۆمارکراوە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیش ڕایگەیاندووە کە وڵاتانی جی ٧ بەڵنیانداوە کە ١ ملیار دۆزی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ وڵاتانی کەم دەرامەت ڕەوانە بکەن ئەوەش یارمەتی دەردەبێت لە کەمبوونەوەی ڕێژەی زیاتری تووشبووان و گیان لە دەستدان بە کۆرۆنا لە جیھاندا.
ئێستا حکومەتی چین ٩٤٥ ملیۆن دۆزی لە ڤاکسینی کۆرۆنا بەسەر ھاوڵاتیەکانی دابەشکردووە، ئەوەش سێ ھێندەی ئەو بڕە ڤاکسینەیە کە لە ئەمریکا دابەشکراوە و ڕێژەی ٤٠٪ی کۆی ھەموو ئەو ڤاکسینەشە، کە تا ئێستا لە جیھاندا دابەشکراوە، بەڵام چین لەو ئاستەدا ناوەستێت و ھەنگاو دەنێت بۆ دابەشکردنی زۆرترین بڕی ڤاکسین بەسەر ھاوڵاتیەکانی و نزیکبووەتەوە لە دابەشکردنی یەک ملیار دۆز لە ڤاکسینی کۆرۆنا، ئاماژەکانیش بۆ ئەوەن کۆتایی ھەفتەی داھاتوو ئەو ژمارەیە تێپەڕێنێت.
تا ئێستا بە شێوەیەکی گشتی لە جیھاندا نزیکەی دوو ملیار دۆز لە ڤاکسینی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیھاندا دابەشکراوە و چین لە پلەی یەکەم و ئەمریکا لە پلەی دوومی وڵاتاندا بۆ زۆری لە دابەشکردنی ڤاکسین.
لەلایەکی ترەوە ڕێکخراوەکە لێکۆڵینەوە لە چەند ڕاپۆرتێک دەکات، کە ئاماژە بە ڕوودانی چەند حاڵێکی تووشبوون بە ھەوکردنی دڵ دەکەن، لە نێو ئەو کەسانەی کە ڤاکسینی "فایزەر-بایۆنتیک"یان دژی کۆرۆنا وەرگرتووە.
پێشتر چەند ڕاپۆرتێک باسیان لە تۆمارکردنی حاڵەتی تووشبوون بە ھەوکردنی دڵ لە ئەمریکا کرد، لە نێو ئەو کەسانەی کە ڤاکسینی "فایزەر-بایۆنتیک" یان " مۆدێرنا"یان وەرگرتووە.
ئەدھانۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، لێکۆڵینەوەکەکانیان تووشی چەند گرفتێک بووەتەوە، بە تایبەت زانیارییە سەرەتاییەکان لە بارەی بنەڕەتی ڤایرۆسەکەوە و داواشی کرد چین ڕوون و ڕاشکاوتر بێت لەگەڵ تیمەکانی لێکۆڵینەوەدا.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە دەزگا ھەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی کرد لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوەی بنەڕەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا چڕتر بکەنەوە تاکو دڵنیا ببنەوە لەوەی ئایا ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە یان دروستکراوی تاقیگەیە.
دەستەی گشتیی تەندروستیی بەریتانیا بڵاویکردەوە، لە بەریتانیا ژمارەی تووشبووانی جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنا، کە بە "دەلتا" ناودەبرێت و بۆ یەکەمجار لە ھندستان دەستنیشانکرا، گەیشتووەتە ٤٢ ھەزار و ٣٢٣ کەس و ٩٠٪ی حاڵەتە نوێیەکانی کۆرۆنا، لەو جۆرە تۆمار دەکرێن.
ڕۆژنامەی "سەن"ی بەریتانیش بڵاویکردەوە، زیادبوونی ئامارەکانی کۆرۆنا ھندییەکە لەو وڵاتە، ھەڕەشەیە بۆ سەر ئاساییبوونەوەی ژیان لە بەریتانیا و بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەش، بیر لە پێداچوونەوە بە کەمکردنەوەی ڕێکارەکانی کۆرۆنا و دواخستنی ئەو ڕێکارانە دەکاتەوە.