(ئەنگێلا مێرکڵ) ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ھەرێمەکانی ئەڵمانیا، بیرۆکەی پێدانی ژەمە ڤاکسین بۆ (مێردمنداڵان)ی تەمەن (١٢ بۆ ١٦) ساڵ تاوتوێکردووە و بڕیارە تا ٧ی حوزەیران ئەو بابەتە یەکلا بکرێتەوە، ئەگەر ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا پەسەندی بکات.
پێشتریش کۆمپانیای ھاوبەشی دەرمانی (فایزەر و بایۆنتیک) لە ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشدا بڵاویانکردەوە، لەو لێکۆڵینەوانەی کە ئەنجامدراون، لەسەر منداڵانی تەمەن ١٢ بۆ ١٥ ساڵ، ١٠٠٪ کاریگەری نیشانداوە، بۆیە پێدانی ڤاکسین بۆ مێردمنداڵان تەندروستە.
دەسەڵاتی تەندروستیی بەریتانیا بڵاویکردەوە، پاش ئەو ئەنجامە باشانەی کە ڤاکسینی "جۆنسن ئاند جۆنسن"، لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەدەستیھێناوە، مۆڵەت بە بەکارھێنانی ئەو ڤاکسینە دەدرێت و داوای ٢٠ ملیۆن دۆزی ئەو ڤاکسینەیان لە کۆمپانیاکە کردووە.
ڤاکسینی "جۆنسن ئاند جۆنسن"، بەرھەمھێنراوی کۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنسنی ئەمریکیە و ڕێژەی کارایی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەگاتە ٦٧٪ و بەوە دەناسرێتەوە، کە تەنھا بە یەک دۆز لە کەسی وەرگر دەدرێت.
دەستەی فڕۆکەخانەکانی دوبەی ئاشکرای کردووە، فرۆکەخانەی دوبەی نێودەوڵەتی بۆ جاری حەوتەم لەسەر یەک پێشەنگی فرۆکەخانەکانی جیھانی گرتەوە لە قەرەباڵغی و زۆری گەشتیاراندا، بۆ ئەم مەبەستەش تاوتوێی جێبەجێکردنی بوونی پاسپۆرتی کوتانی دژە کۆڤید دەکەن بۆ ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێت لەو فڕۆکەخانەیەوە گەشت بکەن.
(پۆڵ گریڤیس) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فڕۆکەخانەی دوبەی ڕایگەیاندووە، بوونی پاسپۆرتی ڤایرۆسی کۆرۆنا باشترین چارەسەرە بۆ ڕێکخستنی کاری گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکەیان و ھاندانی خەڵکی بۆ بەکارھێنانی پێکوتەی کۆرۆنا.
لە بەرامبەردا ڕەخنەگران و بەشێک لە ڕێکخراوی تەندروستی جیھان و ئەنجومەنی گەشتوگوزاری جیھان، دژی پاسپۆرتی کوتانی دژە کۆرۆنان بە پاساوی دروست بوونی جیاوازی چینایەتی لە نێوان ئەوانەی پێکوتەکەیان وەرگرتووە و ئەوانەی وەریان نەگرتووە.
تیدرۆس ئەدھانۆم بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ڕایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ەوە کە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، تا ئێستا زیاتر لە ٣ ملیۆن و ٣٥٠ ھەزار کەس لە جیھاندا بەھۆی تووشبوونیان بەو ڤایرۆسە گیانیان لە دەستداوە.
وتیشی، بە پێی توێژینەوەکان مەترسی ئەوە ھەیە ئەمساڵ ژمارەی گیان لە دەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی ڕابردوو زۆر زیاتر بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڤاکسین بە تەنھا ناتوانێت کۆتایی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بھێنێت، چونکە ئەوانەشی ڤاکسینیان وەرگرتووە مەترسی ئەوەیان لەسەرە جارێکی تر تووشی ڤایرۆسەکە ببنەوە، بۆیە خۆپارێزی و بە تایبەتیش بەکارھێنانی دەمامک ڕێگەیەکی گرنگە بۆ زاڵبوون بەسەر کۆرۆنادا.
بە پێی دوایین ئامار، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ١٦١ ملیۆن کەس لە جیھاندا توشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە زیاتر لە ٣ ملیۆن و ٣٤٠ ھەزاریان گیانیان لە دەستداوە.
تا ئێستاش ئەمریکا لە پلەی یەکەمی وڵاتانی جیھاندایە لە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنادا و ٣٣ ملیۆن کەس لەو وڵاتە تووشی پەتاکە بوون. ھیندستانیش بە تۆمارکردنی ٢٤ ملیۆن حاڵەتی تووشبوون لە پلەی دووەمی وڵاتانی جیھاندایە و بەڕازیلیش بە تۆمارکردنی ١٥ ملیۆن حاڵەت لە پلەی سێیەمدایە.
لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش، عێراق لە پلەی یەکەمدایە و تا ئێستا یەک ملیۆن و ١٢٧ ھەزار و ٥٨٠ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە ١٥ ھەزار و ٨٥٥ کەسیش لە عێراق بە ڤایرۆسەکە گیانیان لە دەستداوە.
(ھوا چیونینگ) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە ناردنی ڤاکسین بۆ وڵاتە پێشکەوتووەکان و بری ١٠ ملیۆن ژەمە ڤاکسینیش بۆ کۆڤاکس دابین دەکەن.
تیدرۆس ئەدھانۆم بەرێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی ڕایگەیاند، لە سەرانسەری جیھاندا ئامارەکانی تووشبوون و گیان لە دەستدان بە کۆرۆنا زیایکردووە و گەیشتووەتە لووتکە، بە جۆرێک پێشتر ھاوشێوەی نەبووە و ھەفتەی ڕابردوو پێنج ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون و نزیکەی ٩٠ ھەزار کەسیش گیانیان لە دەستداوە.
ڕاشیگەیاند، لە وڵاتانی باشووری خۆرھەڵاتی کیشوەری ئاسیا، ئامارەکان لە بەرزبوونەوەدان و جێگەی نیگەرانین.
وتیشی، چاودێری ڕەوشی ھندستان دەکەن، بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ڤایرۆسە گۆڕاوەی بڵاوبووەتەوە، چونکە نیگەرانیەکی جیھانیی دروستکردووە.
بەرپرسانی فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەکارھێنانی ڤاکسینی فایزەر بۆ کەسانی تەمەن سەروو ١٢ ساڵ ھەنگاوێکی گرنگە و واتای گەڕانەوە بۆ ژیان و کوتایھێنان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەیەنێت.
جێفری زاینت ڕێکخەری تیمی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، لە ئەمریکا ١١٠ ملیۆن کەس دۆزی یەکەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە.
وتیشی، ٧٠٪ی کەسانی پێگەیشتوو ئەوانەی تەمەنییان لە سەروو ٢١ ساڵەوەیە، ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئامانجیانە تاکو مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئەوانەی کە ماون ڤاکسینەیان پێبدرێت.
لە ئەمریکا نزیکەی ٣٣ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون، کە نزیکەی ٥٩٦ ھەزار کەسیان گیانیان لە دەستداوە.
میکانیزمی کارکردنی سپۆتنیک ڤی ھاوشێوەی ڤاکسینەکانی ئەسترازینکا و جۆنسن ئەند جۆنسنە، ئەم ڤاکسینە لە ڤایرۆسێکی ئەنفلوەنزاوە وەرگیراوە کە کاریگەریی نەماوە و لەو ڕێیەوە بڕێکی کەم لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێتە جەستەی ئەو کەسەوە کە ڤاکسینەکە وەردەگرێت.
ساڵی ڕابردوو حکومەتی ڕوسیا ھەرزوو مۆڵەتی بە کۆمپانیای بەرھەمھێنی ئەو ڤاکسینە بەخشی ، ئەو بڕیارە پەلەیەش رەخنەی توندی لەلایەن نەیارانی ڤلادیمێر پوتینەوە لێکەوتەوە، بەڵام ڤاکسینەکە لە دەیان وڵاتی جیھان بەکارھێنراوە و دەرکەوتوە کە کارایی ڤاکسینەکە لە ئاستێکی باڵادایە.