پیتەر ساندز بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی جیھانیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئایدز و سیل و مەلاریا ڕایگەیاندووە، ئەگەر ڕەوشەکە وەک ئێستا بەردەوام بێت و بەھۆی کۆرۆناوە سیستمی چاودێری تەندروستی لە وڵاتە ھەژارەکاندا پشتگوێبخرێت، ئەوا ئامارەکانی گیان لە دەستدان بە "ئایدز و سیل" ئامارەکانی کۆرۆنا تێدەپەرێنێت و دوور نیە سەدان ھەزار کەس بە نەخۆشی سیل گیان لە دەست بدەن.
ھەروەھا ڕایگەیاندووە، بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ ، لە ٢٠٢٠دا یەک ملیۆن کەس لە چارەسەری نەخۆشی سیل بێ بەش بوون، ئەمەش کاریگەریەکی مەترسیداری دەبێت.
ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ڕایگەیاند، چاودێری گۆڕاوێکی تری کۆرۆنا دەکەن کە بۆ یەکەمین جار لە مانگی کانونی دووەمی ڕابردوو لە وڵاتی "کۆڵۆمبیا" سەریھەڵداوە و ناوی "مو"ی لێنراوە، ئەو جۆرە نوێیەش چەندین بازدانی تێدایە کە ڕەنگە بەرگری لە دژی ڤاکسینەکان بکات.
ڕاشیگەیاندووە، دەبێت توێژینەوەی زیاتر سەبارەت بە چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی و مەترسییەکانی و ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە بکەن.
بە پێی تەندروستی جیھانی، تا ئێستا چوار جۆری کۆرۆنای گۆڕاو ھەن کە جێی نیگەرانین، لە نێویاندا کۆرۆنای "ئەلفا" کە لە ١٩٣ دەوڵەت بڵاوبووەتەوە، ھەروەھا "دەلتا" لە ١٧٣ وڵات بڵاوبووەتەوە.
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، چین ئەو زانیارییە گرنگانەی لە تیمەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شاردووەتەوە کە گرنگ بوون بۆ تێگەیشتن لە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تا ئێستاش بەیجین ئامادەی پێشکەشکردنی زانیارییەکان نییە.
ھەواڵگری ئەمریکاش سەرەڕای بەردەوامی گومانەکانی لە بارەی سەرچاوەی کۆرۆنا ڕایگەیاندووە، دڵنیابوونەتەوە کە ڤایرۆسەکە بۆ بەکارھێنانی وەک چەکێکی بایۆلۆژی دروست نەکراوە.
کونسوڵخانەی چینیش لە نیویۆرک قسەکانی جۆو بایدن و ھەواڵگری ئەمریکای ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمریکا لە بە سیاسیکردنی کۆرۆنا و سەرچاوەکەی بەردەوامە، لە کاتێکدا ئەم بابەتە زانستییە و ھیچ زانیارییەکیشیان نەشاردووەتەوە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی و زانکۆی "ئیمپێریاڵ کۆلێج"ی لەندەن لە توێژینەوەیەکی ھاوبەشدا ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە نەخۆشی پەستانی خوێن دەکرێت لە ڕێی چاودێریکردنەوە بە زوویی ئاشکرا بکرێت و لە ڕێی دەرمانی ھەرزانەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییە ئەوەیە کە نیوەی تووشبووان ھیچ لە بارەی حاڵەتی خۆیان نازانن و چارەسەر وەرناگرن، ئەمەش ڕووبەڕووی مەترسییان دەکاتەوە.
بە پێی داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی، نزیکەی ١ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن کەس بە دەست ئەو نەخۆشیەوە دەناڵێنن و ملیۆنان کەسیش بەھۆیەوە ساڵانە گیان لە دەست دەدەن.
"ئەمجەد خەولی" پزیشکی ڕاوێژکاری پەتاکان لە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ڕایگەیاندووە، چەندین توێژینەوە کراوە کە سەلماندوویەتی ھیچ پەیوەندییەک لە نێوان بەکارھێنانی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا و کاریگەری دروست کردن لەسەر دووگیانی نییە.
وتیشی، سەدان ژن دوای وەرگرتنی دۆزی یەکەم یاخود دووەم دووگیان بوون و ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر تەندروستی منداڵ خستنەوە نەکردووە، ئەو دەنگۆیانەشی ھەبوون تەنھا لە چوارچێوەی ترساندنی خەڵک و پڕۆپاگەندەدا بوون.
پسپۆڕانی تری تەندروستیش وتوویانە، ڤاکسینەکان ڤایرۆسەکەیان بە مردوویی تێدایە و ھیچ نەخۆشییەک بۆ مرۆڤ دروست ناکەن و بە تەواوی سەلامەتن.
ڕاشیگەیاند، ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا جارێکی تر جەختیکردووەتەوە لەو ئەنجامانەی لە بارەی سەلامەتی و کاریگەری ڤاکسینی فایزەر پێی گەیشتووە و پێویستە ھەر کەسێک تا ئێستا گومانی ھەبووە لە دوای ڕەزامەندی کۆتایی ئیدارەی خۆراک و دەرمان ھەست بە دڵەراوکێ نەکات و بچێت خۆی بکوتێت.
(فەخرەدین کۆجا) وەزیری تەندروستی تورکیا ڕایگەیاند، لە زۆرینەی پارێزگاکانی تورکیا ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە جۆری دەلتا بە شێوەیەکی زۆر توند تەشەنەیکردووە و ٩٠٪ی ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە دەبن ھەڵگری جۆری دەڵتان.
وتیشی، لەناو ئەو کەسانەی کە بە کۆرۆنای دەلتا گیانیان لە دەستداوە، ھەردوو ژەمەکەی ڤاکسینیان بەکارھێناوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ پلانێک نییە بۆ پێدانی ژەمی سێیەمی ڤاکسین.
بە پێی توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی ھارڤاردی ئەمریکا، ٢٠٪ی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا پاشماوەی دوکەڵی ئاگری دارستانەکان لە جەستەیاندا ھەبووە.
توێژەرانی زانکۆکە ئاماژەیان بەوە کردووە، دوکەڵی ئاگری دارستانەکان یەکێکن لە ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن بە ڤایرۆسەکە و ٤٠٪ی مردووان بە کۆرۆنا پاشماوەی دوکەڵی ئاگری دارستانەکان لە جەستەیاندا ھەبووە.
توێژنەوەکەی زانکۆی ھارڤارد لەو ویلایەتانەی ئەمریکا ئەنجام دراوە کە ساڵانە دارستانەکانی ئاگر دەگرن و کاریگەری خراپ لە سەر تەندروستی دانیشتوانیان دروست دەبێت.
بە پێی ئامارێک کە لەلایەن زانکۆی ھۆپکنزی ئەمریکیەوە بڵاوکراوەتەوە، لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٣ ملیۆن و ٣٣٠ ھەزار کەس لە جیھاندا تووشی کۆرۆنا بوون و کە زیاتر لە ٤ ملیۆن و ٣٠٢ ھەزاریان گیانیان لە دەستداوە.
لە ڕووی ڕیزبەندی وڵاتانیشەوە لە ئامارەکانی کۆرۆنادا، تا ئێستا ئەمریکا لە پلەی یەکەمدایە و نزیکەی ٣٦ ملیۆن کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون و زیاتر لە ٦١٧ ھەزار و ٣١٨ کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لە دەستداوە، لە دوای ئەمریکاش بەڕازیل لە پلەی دووەم و ھندستان لە پلەی سێیەمی وڵاتاندان لە ڕووی زۆری ئامارەکانی کۆرۆناوە.
لێپرسراوانی وەزارەتی تەندروستی ژاپۆن ڕایانگەیاند، تووشبووەکە ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵانە و لە دوای گەڕانەوەی لە پیرۆ لە ٢٠ی تەموزدا لە فڕۆکەخانەی ھانیدای نێودەوڵەتی پشکنینی بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە تووشبووی کۆرۆنای لامبدایە.
ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ئەو ژنە ڕەوشی تەندروستی جێگیرە و تا ئێستا نیشانەکانی مەترسیدار نین، بەڵام بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرەی ڤایرۆسەکە لە ژاپۆن لە ئێستادا کەرەنتین کراوە.
نوێترین جۆری کۆرۆنا بە ناوی لامبدا بۆ یەکەم جار لە پیرۆ تۆمار کراوە و بەوە جیا دەکرێتەوە کە لە ھەندێک تووشبوودا نیشانەکانی ڤایرۆسەکە مەترسیدارن و توانای بەرەنگاربوونەوەی ڤاکسینەکانیشی ھەیە.