سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ڕایگەیاند، تاکو ئەمڕۆ ھیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە جۆرە گۆڕاوەکەی کۆرۆنا کە بە "ئۆمیکرۆن" ناسراوە، لە عێراق تۆمار نەکراوە و زانیارییەکانیش لە بارەی جۆرە گۆڕاوەکەی کۆرۆنا، سنووردارن و پێشتریش ھۆشداریاندا بوو لە سەرھەڵدانی جۆری نوێی کۆرۆنا.


وتیشی، بە بێ پشتبەستن بە بەڵگەی زانستی دروست، پێویست ناکات نیگەرانی لە بارەی ئۆمیکرۆنەوە دروست بکرێت، ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناش وەک خۆیان ماون، کە بریتین لە بەکارھێنانی دەمامک و دوورکەوتنی کۆمەڵایەتی و وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا و وەزارەتی تەندروستی ھەموو ڕێکارێک بۆ کەمکردنەوەی مەترسی و زیانەکانی کۆرۆنا دەگرێتەبەر.


کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو جۆرێکی نوێی کۆرۆنا لە باشووری ئەفریقا دۆزرایەوە و تاکو ئێستا لە زیاتر لە ٤٠ وڵاتی جیھان تۆمار کراوە.