ناوەندی ئەمریکیی بۆ توێژینەوە لە تەندروستیی گشتی رایگەیاندووە، توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە، دوای دوو ساڵ لە جەنگی سودان کە بەهۆیەوە نزیکەی 150 هەزار کەس مردوون، زۆرینەیان بەهۆی توشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، لەناویشیاندا شۆک بوون یان توشبوون بە دڵەڕاوکێی توند و بێئومێدی.

ناوەندی ئەمریکیی بۆ توێژینەوە لە تەندروستیی گشتی توێژینەوەیەکی لەبارەی دۆخی ئەو کەسانە ئەنجام داوە کە لە سودان بەرکەوتەی جەنگن و ئاماژەی بەوە کردووە، رێژەی 62٪ی ئەو کەسانەی کە ماوەی زیاتر لە 30 رۆژ لەو ناوچانەی سوداندا ماونەتەوە کە جەنگی تێدایە، رووبەڕووی گرفت و نەخۆشی دەروونی بوونەتەوە، کە هەریەکێکیان جۆری گرفت یان نەخۆشییەکەی و رێژەکەی جیاوازە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرینەیان توشی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، ترس، کەمخەوی و ئالودەبوون بوون.

توێژینەوەکە دەشڵێت، لەماوەی دوو ساڵی جەنگی سوداندا نزیکەی 150 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، کە رێژەی زۆرینەی گیانلەدەستدانەکان پەیوەست بوون بە نەخۆشییە دەروونییەکانەوە، لەناویشیاندا دڵەڕاوکێی توند و وەسوەسە و نائومێدی. ئەوە جگە لەو هستریا گشتییەی لە وڵاتەکەدا هەیە.

توێژینەوەکە باس لەوەش دەکات، جگە لەوەی خەڵکێکی زۆر بەدەست نەخۆشییە دەروونییەکانەوە دەناڵێنن، توانای بەرگەگرتنی کەسەکانیش بۆ ئەو نەخۆشییانە جیاوازە، بە جۆرێک نەخۆشەکان بەرێژەیەکی زیاتر ژن و منداڵ و خوێندکارانی زانکۆن.