جارێکی دیکە نرخی نەوت بەرزبووەوە
هەساو ئەمیر
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
ماوەی سێ رۆژە نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی چوار مانگی رابردووی، ئەمڕۆش نرخەکەی زیاتر بەرزبووەوە و بۆ هەر بەرمیلێک دوو دۆلاری چووەتە سەر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٨٢ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەمەش بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی بەرزبووەتەوە.
هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساس بەرانبەرە بە ٨٠ دۆلار، بەمەش بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی بەهەمان شێوەی برێنت نرخەکەی بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەو رێژەیە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، کە یەکێک لەوانە ئەو شەپۆلە سەرمایەیە کە ئەمریکای گرتووەتەوە و ئەوەش خواستی دەستڕاگەیشتن بە نەوتی زیاتر کردووە.
لەلایەکی دیکە ئەو سزایانەی کە هەینی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەسەر چەند کۆمپانیایەکی نەوتیی روسیادا سەپاندی هۆکارێکی دیکەن، کە بەهۆیەوە چین و هیندستان بەدوای جێگرەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێن.