چوارچێوەی ھەماھەنگی دڵنیایی دەدەن لە پەکخستنی پەرلەمان
کوردسات نیوز
٢٧ی ئازاری ٢٠٢٢
١٬٥٤٩
سەدر دەیەوێت بۆ کۆبونەوەکەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی نوێنەران ٢٢٠ پەرلەمانتار کۆبکاتەوە ئەوەش دوای ئەوەی ھەموو ھێزی خۆی بەکارھێنا لە کۆبونەوەکەی رۆژی شەممەدا تەنھا ٢٠٢ پەرلەمانتاری بۆ کۆکرایەوە، دەشوترێت ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی سەدر و ھاوپەیمانەکانی کۆیان کردونەتەوە ١٩٣ پەرلەمانتار بووە نەک ٢٠٢ .
"عالیە نوسەیف" ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە دەوڵەتی یاسا دەڵێت، سێیەکی پەکخەر گۆرانکاری بەسەردا نایەت و ئەوانەی دەیانەوێت ببنە ئۆپۆزسیۆن با پەرلەمان وەربگرن و حکومەت بۆ ئێمە بە جێبھێڵن، دەشڵێت ئەوەی لە کۆبونەوەکەی شەممە رویدا لە بەرژوەندی ھیچ لایەنێک نەبوو .
لەلایەکی ترەوە ھاوپەیمانی سەروەری دوپاتیدەکاتەوە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان و ھاوپەیمانەکانی خاوەنی سێیەکی پەکخەرن لە ئەنجومەنی نوێنەران و عەبدوڵا خەربیت ئەندامی ھاوپەیمانیەکە دەڵێت، دەبێت دانوستان لە نێوان لایەنەکان بەرێوەبچێت بۆ لێکتێگەیشتن و پێکھێنانی حکومەتی داھاتوو ، تا لەو رێیەوە ئاستەنگەکان تێبپەرێندرێت و عێراق لەو قەیرانە سیاسیە دەربچێت کە تێی کەوتوە .