سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان نامەیەکیان بۆ خامنەیی نوسیوە و تێیدا پرسیاریان کردووە کە ئایا دەتوانن بە بێ ھەندێک لەلایەنەکانی نێو چوارچێوەکە لەگەڵ سەدر ڕێکبکەون و ھاوپەیمانی دروست بکەن، بەڵام بەر لە ناردنی نامەکە پاشگەزبوونەتەوە، چونکە زانیوویانە کە داواکارییەکەیان ڕەتدەکرێتەوە و خامنەیی ڕێگە نادات چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان دەستبەرداری مالیکی ببێت.

بە وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئێستا خامنەیی خۆی ھاتووەتە سەر خەت و لە ڕێی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران، چەند نامەیەکی ئاڕاستەی سەرکردەکانی شیعە کردووە و داوای کردووە کۆتایی بە ئالۆزییەکانی نێوانیان بھێنن و پێکەوە ھاوپەیمانی دروست بکەن، کۆتا نامەشی بۆ موقتەدا سەدری ڕابەری ڕەوتی سەدر بوو شەوی سێشەممە لە حەنانە قائانی داویەتی بە سەدر.

لەو نامەیەدا خامنەیی نوسیویەتی کە دەبێت ھەموو ھێزە سیاسییەکانی نێو ماڵی شیعە یەک بگرن و یەک ڕیز بن و ڕێگە نەدەن لە ھیچ ڕەوشێکدا نێو ماڵی شیعە تێک بچێت، بەڵام دوای ئەو نامەیەش سەدر لە تویتەرەوە دووپاتیکردووەتەوە کە سورە لەسەر پێکھێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی و نوسیوویەتی، نە "خۆرھەڵاتی و نە خۆرئاوایی .. بەڵکو حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی ".. بە وتەی چاودێران ئەو نوسینەی سەدر، ئاماژەیە بۆ شکستھێنانی قائانی لە دەستوەردان لە کاروبارەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

سەرچاوەکان دەڵێن، سەدریش نامەیەکی بە قائانییدا بۆ خامنەیی ناردووە و تێیدا نوسیوویەتی کە بەردەوام دەبێت لە ھەوڵەکانی بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی کە بەشێک لە ھێزەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکانیش تێیدا بەشدار بن، نەک ھەمو چوارچێوەکە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە تا ئێستا بە ھەموو شێوەیەک دروستکردنی ھاوپەیمانی لەگەڵ نوری مالیکی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە لە نێو چوارچێوەکەدایە ڕەتدەکاتەوە.