عەبدولکەریم قاسم لە ٢١ ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٤ لە بەغداد لە ناو خێزانێکی ھەژار لە دایک بووە.

لە ساڵی ١٩٣٢ لە کۆلێژی سەربازیی وەرگیراوە و لە ساڵی ١٩٣٤ بە پلەی ملازمی دوو تەواویکردووە، بە پلەکانی سەربازیدا سەرکەوتووە تا گەیشتە عەمید ڕوکن و چەندین پۆستی گرنگی سەربازیی وەرگرتووە.

ھەر لە سەردەمی پادشایەتییەوە فەرماندەیەکی سەربازیی لێھاتوو بووە و بەشداری جەنگی فەڵەستین و ناوچەکانی فوڕاتی ناوەڕاستی کردووە لە دژی ئەو جوڵانەوانەی دژی حکومەتەکانی پادشایەتی ڕوویانداوە.

لە ساڵی ١٩٥٤ بزوتنەوەی ئەفسەرانی ئازادیخواز دروستکراوە و قاسم یەکێک بووە لەو ئەفسەرانەی داوای لێکراوە ببێتە ئەندام تێیدا، لە ساڵی ١٩٥٧ بووە بە سەرۆکی جوڵانەوەی ئەفسەرانی ئازادیخواز، ڕێکخراوەکە ویستوویەتی بۆ کاتی کودەتا سود لە ناوبانگ و لێپرسراویەتی سەربازییەکانی وەربگرێت.

ھەرچەندە پێشتر قاسم لەگەڵ جوڵانەوەکەدا لەسەر پلانی کودەتاکە ڕێککەوتبوون، بەڵام بە چاوساغی عەبدولسەلام عارف بە شێوازێکی خوێناوی و بێ ڕەزامەندی ئەفسەرانی ئازادیخواز کودەتایان کرد و، ھەردووکیان دەستیان گرت بەسەر پۆستە گرنگەکانی دەوڵەتدا.

پسپۆڕانی مێژووی سیاسی عێراق پێیان وایە، سەرباری چەند دەستکەوت و چاکسازی گرنگ، بەڵام قاسم پڕۆژەیەکی سیاسی ڕوونی نەبووە، وەک پێویست ئاگاداری بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوە و ناوەوە نەبووە، ئەوەش وایکردووە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا و ئەمریکا بەرەو لاوازی بچێت.

ھەموو ئەو پێشھاتانە وایانکرد، کودەتا بەسەر قاسمدا ئەگەرێکی نزیک بێت، تەنھا لە ساڵی ١٩٦١دا شەش جار ھەوڵی کودەتا دراوە، بەڵام ھیچیان سەرکەوتوو نەبوون، تا دوا کودەتایان لە ٨ی شوباتی ١٩٦٣ حزبی بەعس پلانێکی تۆکمەی داڕشت و کۆتایی بەدەسەڵاتی قاسم ھێنا، بەعسییەکان لە ھۆڵی شەعب لە بەغداد دادگایەکیان پێکھێنا و سزای گولـلەبارانکردنیان جێبەجێکرد بەسەر قاسم و ژمارەیەک لە یاریدەدەرەکانی.