ئابووری

پێگەی ھیلینک شیپینگ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، دانوستانەکانی ئەم دواییەی نێوان کۆمپانیای سۆمۆ و حکومەتی ھەرێم و کۆمپانیای ھێڵی نەوتی تورکی "بوتاش" بەرەوپێشچوونی تێدا بەدیھاتووە، کە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراون. 

لە راپۆرتەکەشدا ھاتووە، لەڕووی تیۆرییەوە دەتوانرێت ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام ھێشتا پێویستە چەند بابەتێکی سیاسی و بازرگانی چارەسەر بکرێت. 

بەپێی ئەو راپۆرتە، پێویستە کۆمپانیای سۆمۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەو بازرگانانەی نەوت ئەنجامبدات، کە پێشتر نەوتی خاویان لە کێڵگەکانی ھەرێم کڕیوە. 

ھەروەھا پێویستە بابەتی یاسایی نێوان ئەنقەرە و بەغداد چارەسەر بکرێت و رەزامەندی بدرێت لەسەر مەرج و گومرگی داھاتوو ئەو بۆرییە نەوتییە. 

خاڵی سێیەمیش ئەوەیە، دەبێت رێککەوتن بکرێت لەسەر چۆنێتی پێدانی داھاتی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، لەو نەوتەی ھەناردە دەکرێت. 

بەپێی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان، زیانەکانی راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاری رابردووەوە، گەیشتووەتە حەوت ملیار دۆلار.  

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمپانیای سۆمۆ ئاماری نەوتی ھەناردەکراوی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، کۆمپانیا چینییەکان زۆرترین نەوتییان لە نەوتی ھەناردەکراوی عێراق کڕیوە و بەجۆرێک کە نۆ کۆمپانیای چینی لە نێوان ٣٨ کۆمپانیای جیھانیدا نەوتی عێراقیان کڕیوە. 

ئاماژەی بەوەشکردوە، کۆمپانیا ھیندییەکان بە پلەی دووەم دێن کە حەوت کۆمپانیا ھەستاون بە بارکردن و کڕینی نەوتی عێراق و کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش بە پلەی سێیەم دێن.

سۆمۆ دەشڵێت، فرۆشتنی نەوتی عێراق پشت بە ستانداردە بنچینەییەکانی گرێبەست کردن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە جیھانییە گەورەکان و مامناوەندییەکان دەبەستێت و دیارتریین کۆمپانیا کە نەوتی عێراق دەکڕین کۆمپانیای ئیندیلان ئۆیڵی ھیندی و کۆکازی کۆری و ئیکسۆن مۆبێلی ئەمریکی و ئاینی ئیتاڵی و شێڵی ھۆڵەندی- بەریتانین. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھاشم روکابی، راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پلانی چاکسازی دارایی بانکی کە حکومەت و بانکی ناوەندی ھەستاون بە جێبەجێکردنی ئامانجی دروستکردنی کۆڵەکەیەکی بەھێزی ئابورییە. 

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو چاکسازییانە کەشوھەوای وەبەرھێنان دەرەخسێنن و کۆتایی دەھێنێن بە بازرگانی یاسایی و قاچاغی دۆلار و کاری رەش و رێگەپێنەدراو لە بازارەکاندا.

روکابی دەشڵێت: بە کورتی ئەو پرۆسەیە کۆتایی بە شەڕی دۆلار دەھێنێت. 

رۆژی ٢٤ی ئەم مانگە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، چارەسەری ریشەییان داناوە بۆ کۆتایھێنان بە ئاودیوکردنی دۆلار و پرۆسەی ھاوردەکردنی درھەمی ئیماراتی دەستپێدەکات و لێکتێگەیشتنی سەرەتاییش لەگەڵ تورکیا ھەیە بۆ حەواڵەکردن لەرێگەی بانکە تورکییەکانەوە بە یۆرۆ.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا رایگەیاند: بەھۆی لێچوونی نەوت و تێکەڵبوونی لەگەڵ ئاودا لە کەنداوی مەکسیک شەش وێستگە بەرھەمھێنانی نەوتییان راگرتووە کە رۆژانە بە تێکڕایی زیاتر لە ٦١ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەمدەھێنن کە دەکاتە ٣ %ی نەوتی خاو لە جیھاندا. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆرییەوە راگیرا دوای ئەوەی لە دووری ٣٠ کیلۆمەتر لە نزیکی کەناراوەکانی روباری میسیسیپی تێبینی ھەبوونی نەوت کراوە.

پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا دەشڵێت: ئەو ناوچەیەی کە نەوتەکەی تێکەڵبووە پشکنینی بۆ کراوە بە پانتایی ٣٧ کیلۆمەتر و یەکێک لە بۆرییەکان کون بوە و لەو رێگەیەوە نەوت تێکەڵی ئاو بوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ گیاندارێک لەو ناوچەیەدا زیانی بەر نەکەوتووە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حەسەن محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی بەسڕە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، بڕیارە کۆمپانیای نەوت و غازی چینی "پترۆچاینا" شوێنی کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی بۆ وزە بگرێتەوە، وەک بەڵێندەری سەرەکی لە کێڵگەی خۆرئاوای قورنە یەک، بەوەش کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل ھیچ بوونێکی لە کەرتی وزەی عێراق نامێنێت. 

حەسەن محەمەد ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی عێراق رێککەوتنی کردووە بۆ رێکخستنی بابەتە داراییەکان، بەڵام ھێشتا بۆ بابەتی باج نەگەیشتونەتە چارەسەر و بۆ ئەوەش دوو بژاردەیان لە بەردەمدایە. 


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی عێراق ئاشکرایکرد، وەفدێکی بانکی ناوەندیی عێراق لەشاری ئەبوزەبی ئیمارات لەگەڵ لێپرسراوی پرۆسەی ھەناردە دەرەکییەکان بۆ پارەدارکردنی ھاوردەکان کۆبووەتەوە و لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون و یەکەمیان بریتییە لە رێککەوتن لەسەر پارەدارکردنی پێشوەختی ھەژماری پێنج بانکی عێراقی بە دۆلار لە بانکە ئوردنییەکان و حەواڵەکانیان لە رێگەی بانکی جەی پی مۆرگانی ئەمریکییەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رێککەوتنی دووەم بریتییە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە حەواڵە رەتکراوەکانەوە ھەیە، بەڵام مەرجێک رەتکردنەوەکان پشتبەستوو بێت بە بەڵگەی بەھێز.

ئەو سەرچاوەیەی حکومەتی عێراق راشیگەیاندووە، ھەر لە ئەبوزەبی چەند کۆبوونەوەیەکی تر کراون لە نێوان بانکێکی ئیماراتی و بانکی ناوەندیی عێراق و لایەنی ئەمریکی بە مەبەستی جێبەجێکردنی میکانیزمێک بۆ پارەدارکردنی بانکە عێراقییەکان بە درھەمی ئیماراتی.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمرۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕدا نرخی نەوت جارێکی دیکە دابەزینی بەخۆیەوە بینی و یەک بەرمیل نەوتی پرێنت بە ٧٩ دۆلار و ٤٨ سەنت مامەڵەی پێوەکرا، ھەروەھا بەرمیلێک نەوتی تەکساسیش بە ٧٥ دۆلار و ٢٥ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

لە دوای سێ مانگ، نرخی نەوت لە جیھاندا بە ریِژەی ٧٪ نرخەکەی لەدەستدا، ئەوەش بە ھۆی بەردەوامی شەڕی ئیسرائیل و حەماس و ھەروەھا لەئەنجامی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە لاوازی خواست، نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی جیھان نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت ٢٥ سەنت دابەزی و بە ٨١ دۆلار و ٣٦ سەنت مامەڵەی پێوەکرا، نرخی نەوتی تەکساسیش ٣٥ سەنت دابەزینی تۆمارکرد و بە ٧٧ دۆلار و ٢ سەنت مامەڵەی پێوەکرا، کە ئەوەش نزمترین ئاستە لە  ٢٤ی مانگی تەممووزەوە تۆماربکرێت. 

پەیمانگای پترۆڵی ئەمریکی رایگەیاندووە، کۆگاکانی نەوتی خاوی ئەمریکا بە نزیکەی ١٢ ملیۆن بەرمیل لە ھەفتەی رابردوودا زیادیکردووە، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت. پێشبینیشیکردووە تا کۆتایی ئەمساڵ قەبارەی بەکارھێنانی نەوتی ئەمریکا ٣٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبکات. 

ھاوکات داتاکانی چین کە گەورەترین بەکاربەری نەوتە لە جیھاندا، گومانی لەسەر پێشیبینی و خواست لەسەر نەوت دروستکردووە. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە ھەرێمی کوردستان  بەھای دیناری عێراق بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی زیاتر دابەزی و ١٠٠ دۆلار بە ١٦٤ ھەزار و ٥٠٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ھاوکات، د. خالید حەیدەر پسپۆڕی بواری ئابووری بە کوردسات نیوزی وت، ناجێگری دۆخی سیاسی عێراق و خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدر دژی ھاتنی بلینکن شڵەژاوی لەنیو بازاڕەکانی عێراقدا دروستکردووە، ئەوەش یەکێکبوو لەو ھۆکارانەی وایکرد لە ماوەکی کەمدا بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار بە ڕیژەیەکی بەرچاو داببەزێت.

وتیشی، ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی توندتر بوونەتەوە و ئەوەش وایکردووە ھاووڵاتیان دۆلاری زیاتر ھەڵبگرن، بەڵام لە دوای ساڵی تازەوە بڕیارە ھەموو مامەڵەیەک بە دۆلارەوە ڕابگیرێت، بۆیە پێشبینیدەکرێت لە دوای جێبەجێکردنیەوە بەھای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزببێتەوە بۆ نزیک ئەو نرخەی بانکی ناوەندی عێراق جێگیریکردووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، نرخی نەوت لە بەرزبوونەوە بەردەوامە، ئەوەش بە ھۆکاری ئەو جەنگەی لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا ھەیە و مەترسی ھەیە لەوەی بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست پەلبکێشێت و کاریگەری زیاتری لێبکەوێتەوە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت ٩٤ سەنت بەرزبووەتەوە و بە ٩٣ دۆلار و ٣٢ سەنتەوە مامەڵەی پێوەکراوە، نرخی نەوتی تەکساسیش یەک دۆلار و ٤١ سەنت بەرزبووتەوە و بە ٩٠ دۆلار و ٧٨ سەنت بووە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیھان شەش سەنت بەرزبوونەوەی تۆمارکرد و گەیشتە ٩٠ دۆلار و ٩٨ سەنت، نرخی نەوتی تەکساسیش ١١ سەنت زیادیکرد و بە ٨٩ دۆلارو ٣٤ سەنتەوە مامەڵەی پێوەکراوە. 

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەھۆی کۆبوونەوەی لیژنەی وزاری رێکخراوی ئۆپیک پڵەسە، کە بڕیارە ئەمڕۆ کۆببنەوە و چاوەڕواندەکرێت لەسەر ھەمان سیاسەتی بەرھەمھێنان بمێننەوە بەبێ گۆڕانکاری. ئەوەش دوای ئەوەی سعودیە و روسیا کە ئەندامی ئۆپیک پڵەسن و دوو بەرھەمھێنەری سەرەکی ئەو رێکخراوەن، کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانیان تا کۆتایی ئەمساڵ درێژکردەوە. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد رەزوانی فەڕ، سەرۆکی بەرژەوەندییە گومرگییەکانی ئێران، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لە ماوەی مانگی ئادار بۆ مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، بە بەھای ٥٤ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار، ٨٥ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار تۆن، کاڵایان ھەناردەی دەرەوە کردووە.

راشیگەیاند، لەو کاڵا نانەوتییانەی ھەناردەی دەرەوە کراون، ٢٦ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار تۆن، لە بەرھەمە پترۆکیماییەکانی وەک غازیان ھەناردەی دەرەوە کردووە، داھاتەکەشی گەیشتووەتە ١٠ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار.

وتیشی، چین یەکەمین وڵات بووە، زۆرترین کاڵای لە ئێران کڕیووە، بەدوایدا عێراق پلەی دووەم و ئیمارات سێیەم و تورکیا چوارەم و ھیندستان پێنجەم وڵات بوون، کە زۆرترین کاڵایان لە ئێران کڕیووە.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ لە بازارەکانی جیھاندا، نرخی بەرمیلێک نەوتی برینت لە ٩٧ دۆلارەوە دابەزی بۆ ٩٥ دۆلار و حەوت سەنت، بەرمیلێک نەوتی تەکساسیش لە ٩٤ دۆلارەوە دابەزی بۆ ٩١ دۆلار و ٨٠ سەنت.

نرخی نەوت لە یەک ھەفتەدا بە رێژەی لە ٣% بەرزبووەتەوە، رۆژی پێنج شەممە گەیشتە بەرزترین ئاست لە ماوەی ١٠ مانگی رابردوودا، پێشبینیش دەکرێت نرخی نەوت بگاتە ١٠٠ دۆلار.

ھۆکاری بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە بازارەکانی جیھاندا دەگەڕێتەوە بۆ زیادبونی  چالاکیەکانی پاڵاوگەکانی نەوتی ئەمریکا، بڕیارەکەی سعودیەو روسیا بۆ کەمکردنەوەی بەرھەمی نەوت تا کۆتایی ئەمساڵ.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردەوە، دوای دوو ساڵ لە داخستنی حکومەتی سوریا بڕیاریداوە دەروازەی ئەبو کەھف لەنێوان شارۆچکەی مەنبجی ئیدارەی خۆسەری و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دیمەشق بکاتەوە بەمەبەستی ئاسانکاری ھاتووچۆی ھاوڵاتیان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

لە دوای داخستنی دەروازەی ئەبو کەھف، لە دوو ساڵی رابردودا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی تەبقەی دەوروبەری پارێزگای رەققە لە نێوان ھەردوولادا بەردەوام بووە.

پێشتر ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان حکومەتی سوریای تۆمەتبارکردبوو بە بەکارھێنانی دەروازەکان بۆ بەمەبەستی سیاسی و فشارخستنە سەر ئیدارەی خۆسەری لەپێناو سازشپێکردن لە ماف و داواکارییەکانی.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی جیھاندا، دوای بڕیارەکەی مۆسکۆ بۆ قەدەغەکردنی کاتی ھەناردەکردنی سوتەمەنی بۆ چەند وڵاتێک، ئەوەش بوە ھۆکاری ئەوەی جارێکی تر نرخی نەوت بەرزبێتەوەو نرخی بەرمیلێک نەوتی برینت گەیشتە ٩٣ دۆلار و ٦٩ سەنت و بەرمیلێک نەوتی تەکساسیش گەیشتە ٩٠ دۆلار و ٣٤ سەنت.

تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری کۆمپانیای ئای جی مارکێتس رایگەیاند لە سێ ھەفتەی پێشوودا نرخی نەوت بە ڕێژەی زیاتر لە ١٠% بەرزبووەتەوە ئەوەش بەھۆکاری ئەوەی سعودیە و ڕوسیا بەردەوامن لە کەمکردنەوەی رێژەی بەرھەمھێنانی نەوت و زۆربوونی خواستیش لەسەر نەوت لە بازاردا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی ئاماری تورکیا بڵاویکردوەتەوە، لە مانگی تەممووزدا بە بەھای ٢٠ ملیار و ٧٨ ملیۆن دۆلار کاڵا ھەناردەکراوە و بەراورد بە ھەمان مانگی ساڵی رابردوو رێژەکە ٨.٣% زیادیکردووە.

رونیشیکردووەتەوە، عێراق لە نێو وڵاتانی ھاوردەکاری کاڵای تورکیا ھاتووەتە پلەی چوارەم، لە دوای ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ئەمریکا و بە بەھای ٩٧٨ ملیۆن دۆلار کاڵا ھەناردەی عێراق کراوە کە زۆربەی ماددە خۆراکییەکان و کاڵا و کەلوپەل بووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
12345...15