بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراوەتەوە، مانگی تشرینی دووەمی رابردوو نزیکەی ١٩.٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لە عێراقەوە ھەناردەی وڵاتانی ئەوروپا کراوە، لەکاتێکدا لە مانگی تشرینی یەکەم نزیکەی ٢٣.٨ ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە، بەوەش ٤.٣ ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە و داھاتی ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەوروپا لە مانگی رابردوو بە نزیکەی ٤٧١ ملیۆن دۆلار کەمیکردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەغداد کار دەکات لەسەر زیادکردنی ھەناردەی نەوتی خاو بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا، ئەوەش لەپێناو سود وەرگرتن لە داھاتی زیاتر و بەکارھێنانی ئەو پارەیە بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆ.
یەحیا رەسوول، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاویکردەوە، بۆ پاراستنی سەلامەتی پڕۆسەی ھەڵبژاردن و دوورخستنەوەی ھەر کاریگەرییەکی نەرێنی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە سەرجەم فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان و بەڕێوەبەری دەزگا ئەمنییەکان و پێکھاتە ئەمنی و سەربازییەکان کردووە، کار بکەن و پابەندبن بە گەرەنتیکردنی بژاردەی ئازاد بۆ ئەفسەران لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت و دەستوەرنەدان لە بژاردەکانی دەنگدان، ھەروەھا جەختیکردەوە لە گرنگیی دەنگدانێکی ئازاد بۆ ئەفسەران لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت.
بڕیاروایە رۆژی ١٨ی ئەم مانگە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ١٥ پارێزگای عێراق (جگەلە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان)، بەڕێوەبچێت.
ئاژانسی فەرمی ھەواڵی عێراق لە سەرچاوەیەکی بانکی ناوەندییەوە بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی تورکیا و عێراق رێککەوتن ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان لە دۆلارەوە بکەن بە یۆرۆ و لیرەی تورکی، لەم کاتەدا بانکی ناوەندی دەیان ملیۆن یۆرۆی بۆ بازرگانان دەستەبەر کردووە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەو بازرگانانەی کاڵا لە تورکیا ھاوردە دەکەن سەرەتا پارەکانیان بە دینار لە بانک دادەنێن، دواتریش بانکی ناوەندی بە یۆرۆ پارەکانیان بۆ خەرج دەکات و رادەستی لایەنی تورکی دەکرێت.
موسەنا جەبار، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، پێشبینی دەکەن ئاستی بەرھەمھێنانی گەنم لە وەرزی داھاتوو زیاتر ببێت و لە ساڵی ٢٠٢٤ بگاتە نزیکەی شەش ملیۆن تۆن، ئەوەش ئاسایشی خۆراکی وڵات دەپارێزێت.
وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی راشیگەیاند، یەدەگی ستراتیژی عێراق لە گەنم بەشی تا کۆتایی مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٤ دەکات.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، ژمارەی دانیشتووانی عێراق ٤٣ ملیۆن کەسە و ساڵانە پێویستی بە ٤ بۆ ٥ ملیۆن تۆن گەنم ھەیە.
لە مانگی ئەیلولی رابردووش، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، یەدەگی ستراتیژی گەنم ھێندە زۆرە کە بەشی ساڵێک زیاتر دەکات.
نوسینگەی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بڵاویکردەوە، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و محەمەد باقری سەرۆکی دەستەی ئەرکانی ھێزە چەکدارەکانی ئێران کۆبوونەوە و پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
ئەعرەجی رایگەیاند، حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئەو رێککەوتنەی لەسەر سنوری ھەردوو وڵات کراوە.
محەمەد باقریش ستایشی حکومەتی عێراقی کرد سەبارەت بە پاراستنی سنورەکان و زیادکردنی سەقامگیری لە عێراق. وتیشی، یەکێک لە رێگە باشەکان بۆ بەدیھێنانی ئاسایشی تەواوەتی لە سنورەکان، پلاندانان و چالاکی ھاوبەشی ھێزەکانی پاسەوانی سنورە.
شو ھایفینگ، جێگری باڵیۆزی چین لە عێراق رایگەیاند، چین گرنگی زۆر بە گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابورییەکان لەگەڵ عێراق دەدات و ساڵی رابردوو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ھەردوو وڵاتدا گەیشتە ٥٣ ملیار و ٣٧ ملیۆن دۆلار.
شوھایفینگ وتیشی، لە ساڵی ٢٠٢٢ چین بەھای ٣٩ ملیار و ٣٨ ملیۆن دۆلار نەوت و کاڵا و شمەکی لە عێراق کڕیوە و لە ئێستادا چین گەورەترین کڕیاری نەوتی عێراقە.
راشیگەیاند، دامەزراندنی ئەنجومەنی کاری چینی- عێراقی رۆڵی دەبێت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابورییەکانی ھەردوولا.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و بنکەیەکی سەربازی ئەمریکای لە سوریا بۆردومانکردووە.
دەشڵێت، بۆردومانەکان لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراون و ئامانجەکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ پێکراون.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لەدوای ھەڵگیرسانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە ٧٦ ھێرش کراوەتە سەر ھێزەکانیان لە عێراق و سوریا و بەھۆیەوە ٦٠ کەس برینداربوون.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، د.لەتیف رەشید سەرۆککۆمار پێشوازی لە لیوا محەمەد باقری سەرۆک ئەرکانی ھێزە چەکدارەکانی ئێران کردووە و جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کردووەتەوە.
سەرۆککۆمار لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکردەوە لە گرنگی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات لە بواری ئەمنی و سیاسی و ئابوری و ھاریکاری نێوان ھەردوو وڵات لە بواری مەشق و تەکنیکی و کاری ھاوبەش بۆ گرەنتیکردنی ئاسایشی سنورەکان و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر.
ھەروەھا سەرۆککۆمار ستایشی رێککەوتنی نێوان ھەردوو وڵاتی کرد بۆ گرەنتیکردنی ئاسایشی سنورەکان.
لای خۆیەوە سەرۆک ئەرکانی ھێزە چەکدارەکانی ئێران پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دوپاتکردەوە.
تورکی عەتبی، سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، ئەمشەو چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند بابەتێک، یەکێک لە بابەتەکان دیاریکردنی وادەی دانیشتنێکە بۆ دەنگدان لەسەر جێگرەیەکی حەلبوسی، دوای ئەوەی حزبی تەقەدوم پێنج ناوی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرا کرد.
وتیشی، دۆسیەی دەنگدان لەسەر جێگرەوەی حەلبوسی سێ بژاردە لەخۆی دەگرێت، ئەوانیش دیاریکردنی رۆژی پێنجشەممەی داھاتوو بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە سیاسیەکان، یان دواخستنی ئەو بابەتە بۆ دوای ھەڵبژاردنی ١٨ی ئەم مانگە، یاخود پاڵپشتیکردنی یەک کاندید ھاوکات تورکی عەتبی راشیگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی دەیەوێت پەلەبکرێت لە یەکلاکردنەوەی جێگرەوەی حەلبوسی.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرجەم کاغەزەکانی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان گەیشتووە بە دەستیان و ئامادەن، لە ئێستاشدا لە کۆگاکانی کۆمیسیۆن ھەڵگیراون و لەماوەی ٧٢ سەعاتی پێش وادەی دەستپێکی ھەڵبژاردنەکە، بەسەر بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان دابەشدەکرێن.
ئەوەشی خستەڕوو، لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکە و جیاکردنەوەی دەنگەکان، چەندین رێوشوێنی نوێ دەگیرێنەبەر، بۆیە چاوەڕواندەکرێت ھیچ پێشێلکاری و ساختەکارییەک لە ھەڵبژاردنەکەدا روونەدات.
ھاوکات جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سبەینێ بۆ دوایین جار بۆ تاقیکردنەوە کار بە ئامێرەکانی دەنگدان دەکرێت.
یاسر وەتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، لەکاتێکدا وڵات لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نزیک دەبێتەوە و پێویستی بە سەقامگیری سیاسی و ئەمنی وڵات ھەیە، بەڵام لە چەند رۆژی داھاتوودا مەترسی پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ھێزەکانی ئەمریکا و گروپە چەکدارەکان ھەیە لەسەر خاکی عێراق.
ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت حکومەتی فیدراڵ رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە بۆردومانی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە پێشێلکردنی سەروەری عێراقن.
یاسر وەتوت جەختیلەوەشکردەوە، بەردەوامبوونی ئۆپراسیۆنی ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و پەرەسەندنیان لە بەرژەوەندی عێراق نابێت.
بودجەی ئەمساڵی عێراق کە لە حوزەیرانی رابردوو لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندکرا و بە گەورەترین بودجە لە مێژوودا وەسفکرا و بڕەکەی گەیشتە ١٩٩ ترلیۆن دینار، بەڵام لەگەڵ کۆتاییھاتنی ئەمساڵی دارایی، پێشبینی دەکرێت تەنھا ٥٨٪ی خەرج بکرێت.
موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشی بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق بۆیان دەرکەوتووە ئەو پارەیەی بۆ وەزارەت و پارێزگاکان لە بودجەدا تەرخانکراوە، وەک پێویست خەرج نەکراوە و لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تەنھا ٤٧ ترلیۆن دینار خەرجکراوە.
کازمی راشیدەگەیەنێت، پێشبینی دەکرێت خەرجییەکانی لەنێوەی دووەمی ئەمساڵدا بگاتە ٧٠ ترلیۆن دینار بەمەش ھیچ کورتھێنانێک لە یاسای بودجەی ئەمساڵدا نابێت و بەڵکو زیادەی داھاتیش دەبێت کە کاریگەری لەسەر یاسای بودجەی ساڵی داھاتووش دەبێت.
کازمی ئاماژە بەوەش دەکات، دوای بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق، ئەو پارەیەی لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتەکەی سودانیدا تەرخانکراوە، بۆ پڕۆژەکان لە پارێزگاکان و وەزارەتەکان خەرج دەکرێت.
د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە چاوپێککەوتنێکی لە کەناڵی ئەلشەرق رایگەیاند، عێراق رێککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا و ھاوپەیمانان کردووە بۆ ئەنجامدانی چەند چالاکییەکی سنوردار و بەپێی رێککەوتنەکە جارێکی تر ھێزەکانی ئەمریکا ناگەڕینەوە بۆ عێراق.
وتیشی، دۆخی بەھای دینار باش دەبێت و چەند بڕیارێکیش بۆ جێگیرکردنی بەھای دینار و ھاوردەکردنی دۆلار لە رێگەی بانکەکانەوە دراوە.
سەرۆککۆمار راشیگەیاند، لەگەڵ ئێران و تورکیا لێکتێگەیشتنیان ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و پلانی جێگرەوەشیان ھەیە.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەھلی حەق لەگەڵ رەزا گونای، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبوەوە و بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، خەزعەلی بە باڵیۆزی تورکیای وتووە، بوونی ھێزەکانی تورکیا لە عێراق بەھەر ھۆکارێک بێت قبوڵکراو نییە و پێشێلکاری سەروەری عێراقە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی عێراق ئامادەیە بۆ بەپرسیارێتی دەستوری کە رێگری لە بەکارھێنانی خاکەکەی دەکات بۆ ئەوەی نەبێتە ھەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ و ھێرشیان بکرێتەسەر.
ھەروەھا خەزعەلی داواشی لە باڵیۆزی تورکیا کردووە، وڵاتەکەی بە جددی کار لەسەر زیادکردنی پشکی ئاوی عێراق بکات و رێز لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بگرێت.
مستەفا عاتی، سەرۆکی دەستەی پیشەسازی جەنگ عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، دەستیانکردوە بە دروستکردنی چەکی رۆژھەڵاتی و رۆژئاوایی ئەوەش گرنگە بۆ ژێرخانی ئابوری و دوای بەرھەمھێنانیان پشکنینیان بۆ دەکرێت بەمەبەستی کوالێتی و ھەڵسەنگاندنی ھێزەکەی.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ساڵی داھاتودا ھاوەن و تانک و زرێپۆش و دوربین و کامێرای حەراری و فرۆکەی بێ فرۆکەوان دروست دەکرێن لەگەڵ چەند پرۆژەیەکی دیکەی وەکو دروستکردنی ئامێری ئەلیکترۆنی و پەیوەندی.
مستەفا عاتی دەشڵێت، بەپێی یاسای کۆمپانیاکان دەرگای بەشداریکردن بە رووی کۆمپانیاکاندا کراوەتەوە بۆئەوەی بەشداری لە دروستکردنی پێداویستی جەنگ بکەن.
دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، فەرمانێکی دەوڵەتییان دەرکردووە بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی ماددەی ٧١ی یاسای بودجە، کە تایبەتە بە راگرتنی دەسەڵاتە دارایی و کارگێڕییەکانی ئەو دامەزراوانەی بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن.
راشیگەیاند، ئەو دامەزراوانەی وڵات کە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن بەردەوام دەبن لە کارەکانیان، تا ئەوکاتەی دۆسیەکە یەکلایی دەبێتەوە و حکومەت پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە لە کابینەکانی حکومەتدا، چەندین پۆست بەھۆی ناکۆکی لایەنەکانەوە بە وەکالەت پڕکراونەتەوە.