میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوەکرد،"ئەحمەد حەسەن" رۆژنامەنووس و بەرپرسی پەیامنێرانی کەناڵی فورات نیوز، لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە پارێزگای دیوانیە، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە تەقەی لێکراوە، دوو فیشەکە بەر سەری کەوتوون و بەسەختی برینداربووە، بەھۆی سەختی برینەکەشی ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری بەغداد کراوە و نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ ئەنجامدراوە.
ھەوڵی تیۆرکردنی ئەو رۆژنامەنووسە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە لە کەربەلا چالاکوانێکی مەدەنی دیاری ئەو شارە، لەلایەن کەسانی نەناسراوە تیرۆر کرا، موقتەدا رەوتی سەدریش لە تویتێکدا رایگەیاند، تیرۆرکردن کارێکی ترسنۆکانەیە، داواشی لە حکومەت کرد، بەزووترین کات لیژنەیەکی لێکۆڵینەو پێکبھێنێت.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، "ئیھاب وەزنی" لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە لە ناوچەی "حەداد" لە "کەربەلا" تیرۆر کراوە، ھێزە ئەمنییەکانیانیش تیمێکیان پێکھێناوە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاری نوێ لەسەر ئەو رووداوە.
ئەو چالاکوانە ئەندام و رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان بووە و ھەواڵی تیرۆرکردنیشی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە و چەندین ڤیدیۆی بڵاوکراونەتەوە.
لە عێراق لە دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩، نزیکەی ٦٠٠ کەس کوژراون کە ژمارەیەکیان چالاکوان بوون، ئەگەرچی حکومەتی عێراق دۆسیە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان پێکدەھێنێت بەڵام تا ئێستا ئەنجامێک رانەگەیەندراوە.
ریاز حەلف بەرێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاندوە، بەھۆی ئەوەی لە ئێستادا ناتوانن کۆرۆنای ھندی و کۆڤید ١٩ لێک جیا بکەنەوە، بۆیە ھەموو ئەوانەی لە ھندستانەوە دەگەرێندرێنەوە عێراق بۆ ماوەی ١٤ رۆژ لە شوێنی تایبەت کەرەنتین دەکرێن و لەلایەن تیمە تەندروستییەکانەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت و چاودێری دەکرێن.
راشیگەیاندوە، تەنانەت ئەوانەش کە پشکنینەکانیان نێگەتیڤ دەردەچێت ھەفتانە لەلایەن تیمە تەندروستییەکانەوە چاودێری دەکرێن بۆ ئەوەی دڵنیابن لە سەلامەتیان، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی رێگری بکەن لە بڵاوبونەوەی کۆرۆنای ھندی لە عێراقدا.
ڕوانگەی سوریاش بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەیدا بەوەی، ئەو پەنابەرە ژنێک بووە و لە کەمپێکی تایبەت بە پانەبەرە عێراقییەکان بووە و پەنجەی تۆمەتیش ئاڕاستەی تیرۆریستانی داعش دەکرێت.
ئەوە دووەمین ڕووداوی کوشتنە لە ماوەی دوو ڕۆژدا لەو کەمپە و سێیەمینیشە لە دوای کۆتایھاتنی ھەڵمەتی ئەمنی ھێزەکانی سوریای دیموکراتەوە لە کەمپە، بۆ گەڕن بە دوای شانە نوستووەکان و کەلوپەلی سەربازی تیرۆریستانی داعش.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، بە مەبەستی ھەڵسەنگاندنی شیاوبوونی کاندیدەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، کۆمسیۆن ژووری ئۆپراسیۆنی پێکھێناوە، دەبێت لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا ھەڵسەنگاندن بۆ کاندیدەکان تەواو بکرێت و دواتر ناوەکانیان ڕەوانەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و دەستەی دەستپاکی و وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بکرێت.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکەی کۆمسیۆن، بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق ٤٤ ھاوپەیمانی و ٢٦٧ حزب ناویان تۆمارکردووە، ٣ ھەزار و ٥٠٠ کاندیدیش کێبڕکێ دەکەن.
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن، بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کە ھێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرکراوە، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج و دوای ئەو پەلامارە باری نائاسایی لە بنکەکەدا ڕاگەیەنراوە و سەرجەم دەروازەکانی داخراوە، ھاوکات فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان بە چڕی بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە.
ئەو ھێرشە چەند سەعاتێک دوای ڕادەستکردنی بڕێک تەقەمەنی دێت بە ھێزەکانی سوپای عێراق کە بە نزیکەی یەک ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دۆلار مەزەندە کراوە.
ھەفتەی ڕابردووش ئەو بنکە ئاسمانییە کراوەتە ئامانج، بەڵام ھیچ زیانێکی لێنەکەوتووەتەوە.
محەمەد شەبەکی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، دوای دیراسەکردنی لەلایەن ھەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی، بڕی ئەو قەرزە ڕاگەیەنراوە کە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە لە بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢١دا دیاریکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەرچەندە چەند کوتەلەیەکی ئەنجومەنی نوێنەران دژی بڕیارەکەن، بەڵام ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە، عێراق لە ئێستادا پێویستی بەو جۆرە قەرزانە ھەیە.
پێشتریش، ھەیسەم جبوری سەرۆکی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوە کردبوو، کۆی قەرزە دەرەکییەکان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١دا زیاتر لە ٢ ملیار دۆلارە، قەرزی ناوخۆییش لە ٥ ترلیۆن دینار تێناپەڕێت.
لەلایەکی ترەوە مازن فەیلی ئەندامی لیژنەی دارایی ئاشکرایکردووە، عێراق تا ساڵی ٢٠٤٨ قەرز دەداتەوە و تا ئێستا ژمارەیەکی ورد بۆ قەبارەی قەرزەکانی سەر عێراق لەبەردەستدا نییە.
وتیشی، لیژنەی دارایی دژی قەرزکردن بووە، ئەگەر ھەنگاوی کرداری نەنرێت بۆ جێگرەوەی نەوت، وەک سەرچاوەی سەرەکیی داھات.
گاتع روکابی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بە پێی زانیارییەکان، لە ساڵی ١٩٩١ەوە سوپای تورکیا ١٩ بنکەی سەربازیی لەناو خاکی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە و سوپای ئەو وڵاتەش بە قوڵایی ٢٥ کیلۆمەتر ھاتووەتە ناو خاکی عێراقەوە، ئەمە جگە لە بۆردومانکردنی گوند و چەندین ناوچەی تر لە ھەرێمی کوردستان.
باسی لەوەشکرد، بڕیاری کشانەوەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق، سوپای تورکیاش دەگرێتەوە و پێویستە ئەم پرسە، لە داھاتوویەکی نزیکدا یەکلایی بکرێتەوە.
ھاوکات، بەدر زیادی ئەندامی لیژنەکە، ڕایگەیاند، پرسی کشانەوەی ھێزە بیانییەکان پەیوەستە بە جددییەتی حکومەتی عێراق، داواشیکرد پێش کۆتایی ھاتنی تەمەنی ئەم حکومەتە، پڕۆسەی کشانەوەی ھێزە بیانییەکان یەکلایی بکرێتەوە.
ناسر تورکی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە گۆڕانکاری لە سیستمی دەسەڵات و حوکمڕانی ئێستای عێراقدا بکرێت و بگۆڕدرێت بۆ سەرۆکایەتی، بۆ ئەوەی مەرکەزییەت لە کاتی بڕیارداندا ھەبێت.
داواشیکرد گۆڕانکاری بنەڕەتی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بکرێت، بە مەبەستی لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی لە دۆسێکانی گەندەڵیی تێوەگلاون.
ئەندامەکەی ھاوپەیمانی فەتح باسی لەوەشکرد، نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی جێگیرکراوە و لە کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمانیش بۆ پەسەندکردنی بودجە، نەتوانرا بەھای دینار بەرامبەر دۆلار بەرز بکرێتەوە.
ناجی سەعیدی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، ڕایگەیاند، سەرجەم خەرجییەکانی بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢١ بە ١٢٩ ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە و کورتھێنانیش لە یاساکە نزیکەی ٣٢ ترلیۆن دینارە.
وتیشی، نرخی بەرمیلێک نەوت لە بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢١ بە ٤٥ دۆلار جێگیر کراوە، بۆیە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت چارەسەری کورتھێنانی بودجە دەکات و وەزارەتی داراییش دەتوانێت بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەکان دابین بکات، عێراق بە شێوەیەکی گشتی و بە ڕێژەی ٩٥٪ پشت بە داھاتی نەوت دەبەستێت.
نوری مالکی لە چاوپێککەوتنێکدا رەخنەی لە خۆپیشانداکانی عێراق گرتوو و ڕایگەیاندووە، بەشێک لە خۆپیشاندانەکان ئەجێندای سیاسی ھەبووە و جۆرێک بووە لە کارکردن یان بانگەشە بۆ ھەڵبژاردن، وتیشی، دەبێت حزبە سیاسییەکان بەرپرسیارێتییەکە ھەڵبگرن، ئەگەر داواکاری شەقام نەھاتەدی.
مالکی رەتیکردەوە، لە سەردانەکەی (محەمەد جەواد زەریف) وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغداد و کۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای، قسە لەسەر میکانزم و پرسی ھەڵبژاردن کرابێت.
وتیشی، ئەرکی لە پێشینەی (کازمی) کۆنترۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنی عێراقە پێش بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن، دەوڵەتی یاساش لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاندووە، لە پارێزگاگانی ناوەڕاست، دیاردەی ھەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی یاسا گەیشتووەتە ٩٠٪ .
نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوا لە نامەیەکدا بۆ (مستەفا کازمی)،ھۆشداری دەدات لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی کەمپی ھۆل و دەڵێت، ناتوانن ھیچ گەرەنتییەکی ئەمنی بدەن بۆ گەڕانەوەی (ژن و منداڵ)ە کانی داعش، ڕاشیگەیاندووە، ئەو بڕیارە کێشەی گەورەی ئەمنی و کۆمەڵایەتیشی لێدەکەوێتەوە و خەڵکی موسڵ رازی نابن بە دروستکردنی کەمپێک لەو سنورە بۆ ئەو ئاوارانەی لە کەمپی ھۆل دەگەڕێنرێنەوە.
لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانیش لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرایکردووە، بەغداد و دیمەشق، ھەماھەنگییەکانیان دەستپێکردووە بۆ داخستنی کەمپی ھۆڵ و گەڕاندنەوەی (١٠) ھەزار داعش و خێزانەکانیان بۆ ناو عێراق.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆی سەرتاسەری بۆ ماوەی (١٠) ڕۆژ، کە بڕیارە لە (١٢)ی ئەم مانگەوە لە سەرجەم پارێزگاکان جێبەجێ بکرێت، گەشتە ئاسمانییەکان ناگرێتەوە و گەشتی ھاتن و چون ئەنجام دەدرێت.
ڕاشیگەیاندووە، بە نوسراوێکی ڕەسمی داوا لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکان کراوە، چاوپۆشی لە ھاتوچۆی (ھاتن و ڕۆیشتن)ی گەشتیاران لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانەوە بکرێت.