شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، "ئیھاب وەزنی" لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە لە ناوچەی "حەداد" لە "کەربەلا" تیرۆر کراوە، ھێزە ئەمنییەکانیانیش تیمێکیان پێکھێناوە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاری نوێ لەسەر ئەو رووداوە.

 ئەو چالاکوانە ئەندام و رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان بووە و  ھەواڵی تیرۆرکردنیشی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە و چەندین ڤیدیۆی بڵاوکراونەتەوە.

لە عێراق لە دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩، نزیکەی ٦٠٠ کەس کوژراون کە ژمارەیەکیان چالاکوان بوون، ئەگەرچی حکومەتی عێراق دۆسیە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان پێکدەھێنێت بەڵام تا ئێستا ئەنجامێک رانەگەیەندراوە.