بەپێی راگەیەندراوێکی حکومەتی سعودیە، لە چوارچێوەی پرۆژەی بەستنەوەی کارەبای عێراق بە تۆڕی کارەبای کەنداو، سەرەتای ھەفتەی داھاتوو لە رێوڕەسمێکی گەورە دەستپێکردنی کارکردن لە پرۆژەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبای باشووری عێراق بە کارەبای سعودیە لە شاری خوبر رادەگەیەنن، پلانیان ھەیە کارەبا بگەیەننە چەند وڵاتێکی تری کەنداویش، بەڵام ھەنگاوی یەکەمیان عێراقە لەبەرئەوەی رەوشی کارەبای لە ھەموو وڵاتانی ناوچەکە خراپترە.
وتیشی، بەپێی ئەو بەرنامەی کارەی دیاریکراوە، بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی داھاتوودا تەواو ببێت و بکەوێتە کار کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر باشبوونی رەوشی کارەبای عێراق دەبێت بەتایبەتیش لە ناوچەکانی باشوور.
بەرپرسانی ئەو وڵاتەش داواکاری تازەیان ھەیە و دەڵێن، دەبێت حزبەکانی رۆژھەڵات لە عێراق دەربکرێن.
قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەگەڵ ھاوتا ئێرانییەکەی لە تاران کۆبووەوە، ئەعرەجی بەر لەو سەردانەشی بۆ تاران، سەردانی ھەولێر و سلێمانی کرد بەمەبەستی وەرگرتنی بۆچوونی ھەرێم لەبارەی رەواندنەوەی مەترسییە ئەمنییەکانی ئێران.
رۆژنامەی شەرق ئەلئەوستی سعودی لە راپۆرتێکدا دەڵێت، لەو سەردانەدا راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بەڵێنی بە بەرپرسانی تارانداوە سنورەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران کۆنتڕۆڵبکرێن و رێگەش نەدەن حزبەکانی رۆژھەڵات بەرژەوەندییەکانی ئێران بە ئامانج بگرن.
ئەوەشی خستووەتەڕو، ھەرێمی کوردستان بەھۆی بوونی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، روبەڕوی ئاستەنگی ئەمنی بووەتەوە و تارانیش ھۆشداریداوە کە ئەگەر ھەولێر و بەغدا نەتوانن چالاکییەکانیان رابگرن، لە قوڵایی ھەرێمدا ھێرشیاندەکاتەسەر.
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دۆسیەی ئاو بووەتە یەکێک لە دۆسییە بنەڕەتی و لە پێشینەکانی حکومەت و لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکیا و ئێران، بەرەو پێشچوون بەدیھاتووە و پێویستە وەفدی دانوستانکاری عێراقی بەھێزبێت و موجامەلە نەکات.
وەزیری سەرچاوەکانی ئاو جەختیکردەوە، لەسەر پێویستی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای ئەنجومەنی باڵای ئاو و بە زۆرگرنگ بۆ دەوڵەتی عێراق ناوی برد.
وتیشی، دوای سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ وەزارەتەکەی، پلانەکانیان بریتییە لە گەرەنتیکردنی ئاو بۆ خواردنەوە و بەکارھێنانی مرۆیی و ئاودانی روبەروی ملیۆنێک و ١٠٠ ھەزار دۆنم بێستان و رەزامەندی لەسەر چاندنی کشتوکاڵی ھاوینە لەسەر روبەری یەک ملیۆن دۆنم زەوی و ئاودانی بە ئاوی ژێرزەوی.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی پێشوازی لە کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستان کردوە و لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە ئاستەنگییەکانی بەردەم ئاسایشی خۆراک و دابینکردنی بەشەخۆراکی ھاووڵاتیان کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆک وەزیران جەختیکردووەتەوە لە گەشەپێدانی ئابوری لە ھەمو ناوچەکان بە مەبەستی زیاترکردنی دەرفەتی کار و ھاوکاریکردنی جوتیاران، داواشیکرد ھەولێر و بەغداد پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی دۆخی ئابوری ولڕت بە گشتی زیاتر پەرەی پێبدرێت.
بەپێی ئەو داتایانەی وەزارەتی نەوتی عێراق لە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتەوە "سۆمۆ" بڵاویکردووەتەوە، کۆی گشتی نەوتی ھەناردەکراو لە مانگی نیسانی رابردوو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق ٩٨ ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە، کە داھاتەکەی گەیشتووەتە ٧.٧ ملیار دۆلار، نرخی یەک بەرمیل نەوتیش سەروو ٧٨ دۆلار بووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، نەوتە ھەناردەکراوەکە لەلایەن ٣٦ کۆمپانیای جیھانییەوە بارکراون لە بەندەرەکانی بەسرە و خور بەرەو کەنداو و بەندەری جەیھانی تورکی و کۆگای نوێی کەرکوک.
نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، یەکەم گەشتی وشکانی حاجیانی ھەرێم بەرەو سعودیە لە رۆژی ٩ی حوزەیران دەستپێدەکات و یەکەم گەشتی ئاسمانیش لە رۆژی ١٢ی حوزەیران بۆ حاجییانی ھەرێم دەستپێدەکات.
ھاوکات دەستەی حەج و عومرەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدادەوە بەڕێدەکەون بەرەو شاری مەدینە.
راشیگەیاند، لە ڕێی ئاسمانییەوە حاجییان لە فڕۆکەخانەکانی بەغداد و نەجەف و بەسڕە و کەرکوک و ھەولێر و سلێمانی بەڕێدەکرێن و رۆژانە پێنج گەشت رێکدەخرێن.
دەستەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ٦٧١ پاسیان ئامادەکردووە بۆ گواستنەوەی حاجیان و ئامادەکارییە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانیشیان تەواوکردووە.
ماھر حەماد جوھان، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمساڵ وەزارەتی پلاندانان ناتوانێت سەرژمێری گشتی ئەنجام بدات، کە کۆتایی ئەمساڵی بۆ دیاریکرابوو، لە ئێستاشدا مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ دیاریکراوە بۆ پڕۆسەکە، ئەوەش دوای کۆتاییھاتنی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان. ھۆکاری دواخستنەکەشی بۆ نەبوونی کات و دواکەوتنی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ئەمساڵ گەڕاندەوە.
بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق وتیشی، ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە ٤٣ ملیۆن کەس.
دوایینجار کە عێراق سەرژمێری گشتی ئەنجامدا لە ساڵی ١٩٩٧ بوو، بەڵام پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانی نەگرتەوە.
بە پێی داتاکانی پێگی فەرمی پەرلەمانی کوردستان، لەو ماوەیەدا چەند یاسایەک دەرکراون کە ھەڵدەوەشێندرێنەوە، لەوانە یاسای پەروەردە و فێرکاری کە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا بە دەنگی ٦٧ پەرلەمانتار پەسەند کرا، یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠٢٢ _ی یاسای رێکخستنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی وبێلانەکان، یاسای ئیمزای ئەلکترۆنی و مامەڵە ئەلکترۆنییەکان.
ئەو یاسایانەی دیکە کە بەھەڵوەشاوە دادەنرێن بریتین لە: یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقافی عێراقی، ھەمواری یەکەمی یاسای ئەنجومەنی شورای ھەرێمی کوردستان.
بەو پێیەش ھەموو ئەو یاسایانە بە ھەڵوەشاوە ئەژمار دەکرێن، ھەروەک دەرەنجامی کۆبوونەوەکەی ٢٢ی ئەم مانگەش ھەڵدەوەشێتەوە، کە لە دوای کۆتاییھێنان بە دانیشتنەکە لە لایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە، فراکسیۆنی پارتی بە نایاسایی درێژەی بە دانیشتنەکەدا.
ھەر بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، دەستلەکارکێشانەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتار و دانانی پەرلەمانتاری نوێ لە شوێنیان ھەڵدەوەشێتەوە.
ساعدی ئاماژەی بەوەکردووە، بەراورد بە نرخی نەوت لە جیھاندا ئەو پارەیەی عێراق بۆ ھەر بەرمیلێک نەوت وەریدەگرێت نزیکە لە خۆڕاییەوە، دوپاتیشی کردەوە، ئەنجومەنی نوێنەران کاردەکات بۆ دەرکردنی چەند بڕیارێک پەیوەست بە ئوردن و تەواوی ئەو وڵاتانەی سەرئێشە بۆ عێراق دروست دەکەن.
ھاوکات ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کارکردن بۆ ھەڵوەشاندنەوەی رێکەوتنی فرۆشتنی نەوت بە ئوردن دەستی پێ کردووە کە بە نرخێکی زۆر کەم پێی دەفرۆشرێت.
وریا سەعدی، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی وت، کۆبوونەوەی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵایەک سەبارەت بە یاساییبوون یاخود نایاساییبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە، کە ئەو سکاڵایە لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و داواکراوە یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پوچەڵبکرێتەوە.
وتیشی، ئەوان ئامادەی دانیشتنەکە نین، چونکە بەڵگەی تەواویان پێشکەشکردووە و قسەیان لێوەرناگیرێت و ئەمڕۆ دادگا بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات.
رۆژی ٢٤ی مانگ، دادگای فیدراڵی ھەشتەمین دانیشتنی سەبارەت بە تانەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدا و گوێ لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گیرا، بۆ زانینی رۆڵ و توانایان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم.
لە ئەگەری بڕیاردان سەبارەت بە نایاساییبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، سەرجەم ئەو بڕیارانەی پەرلەمان لەو ماوەیەدا داوێتی، ھەڵدەوەشێتەوە و دامودەزگاکانی ھەرێم دەکەونە بۆشایی یاساییەوە.
نووسنگەی راگەیاندنی قاسم ئەعرەجی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە ئەعرەجی لە میانی سەردانەکەی بۆ تاران لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئێراندا کۆدەبێتەوە.
باسی لەوەشکردووە لە میانی کۆبوونەوەکانی قاسم ئەعرەجی و بەرپرسانی باڵای ئێراندا، رێوشوێنەکانی پاراستنی سنووری ھەردوو وڵات تاوتوێ دەکرێت.
لە ١٩ی ئاداری ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پرۆتۆکۆلێکی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئێران واژوو کرا کە قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، بە نوێنەرایەتیی عێراق و عەلی شەمخانی سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بە نوێنەرایەتیی ئێران واژوویان کرد.
مستەفا کرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان، تاکە لایەنی کوردییە، کە رەخنەی لە یاسای بودجە ھەیە، بەڵام رەخنەکانی حزبین و رەخنەی کۆی لایەنە کوردییەکان نییە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەشڵێت، بەپێی رێککەوتنی ھەولێر و بەغداد، پێویستە ھەرێمی کوردستان نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات و لە بانکی ناوەندیی عێراق ھەژمارێک بکات و سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی سەرپشکن بن لە ناردنی پارە بۆ ھەرێم، بەڵام پارتی ھەرچەندە رازی بووە بەو مەرجانە، بەڵام رەتیدەکاتەوە ئەو بابەتە بخرێتە چوارچێوەی بودجەوە.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لە کاتی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەش کرد و وتی، کۆتایی ئەم ھەفتەیە پەسەندکردنی بودجە دەبینین، بەڵام ئەگەر ھەیە کەشی سیاسی بابەتەکە دوابخات.
ھاوکات بورھان مەعمووری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، پێویستە لایەنە سیاسییەکان پارێزگاری لە مافی ھەموو پارێزگاکان بکەن و بە دادپەروەریی بەپێی دەستوور سامانەکان دابەش بکەن، دەشڵێت، پێویستە ئەو سەرکردە سیاسیانەی رەزامەند بوون لەسەر پێکھێنانی حکومەت، سازش بۆ یەکتری بکەن.
د.عەبدوڵا عەلیاوایی، لە وتارێکدا لەژێر ناوی "براوە و دۆڕاوی تێپەڕینی بودجە"، دەڵێت، دانانی بەربەست بۆ تێپەڕینی بودجە دەبێتە ھەڕەشە لەسەر رێککەوتنی سیاسی و مانەوەی دەوڵەت بەبێ بودجە، ئەوەش زیانی گەورە بە ھەژارەکانی گەلی کورد بە تایبەتی و گەلی عێراقی بە گشتی دەگەیەنێت.
دەشڵێت، پێویستە لەسەر سەرکردەی ھێزە سیاسییە گەورەکان، رێکاری بەپەلە بگرنەبەر و ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەھێز بکەن و فراوانی بکەن لە رێگەی کۆدەنگی لەسەر پاڵپشتیرکردنی پڕۆژە یاسای بودجە، بە تایبەت پەیوەست بە چارەسەری کیشەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغداد، لەپێناو پاراستنی حکومەت و سەرکەوتنی و بەھێزکردنی برایەتی عێراقییەکان.
عەمید "حسێن تەمیمی" بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەکانی تاوان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی ھەڵمەتێکیان بۆ رێگریکردن لە بازرگانان بە مامەڵە کردن بە دۆلار راگەیاندووە و دەبێت مامەڵەکانیان تەنھا بە دینار بێت.
وتیشی، وەڵامدانەوەیەکی باش ھەبووە بۆ ھەڵمەتەکەیان لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق جگە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، کە لیژنە و مەفرەزەکانیان چاودێری بازاڕەکان و ناوەندە بازرگانییەکان و پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل دەکەن.
تەمیمی جەختیکردەوە، پێشێلکاران و ئەو بازرگانانەی بە دۆلارەوە مامەڵە دەکەن، روبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە، کە دەگاتە پێنج ساڵ زیندانی کردن. تا ئێستاش ھەڵمەتەکە بەردەوامی ھەیە.
عەتوان عەتوانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە لیژنەی دارایی و ھەوڵدانی چڕ بۆ داڕشتنەوەی و گەرەنتیکردنی مافەکانی ھاووڵاتیان، داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن پەلەبکات لە دیاریکردنی وادەی دانیشتنی دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجە لەم ھەفتەیەدا.
وتیشی، جەختکردنەوەیان لەسەر گرنگی پەلەکردن لە پەسەندکردنی بودجە لە پێناو دەستپێکردنی پلانەکانی گەشەپێدان و بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابوری و بەردەوامیدانە بە چاکسازیی ئابوری، داواشی لە ھێزە سیاسییەکان کرد ناکۆکییەکانیان تێپەڕێنن و بە گیانێکی نیشتمانی کاربکەن لەپێناو تەواوکردنی ئەو ئەرکە.
مستەفا سەنەد لە تویتێکدا دەڵێت، یەکێتی بە پاڵپشتی ئەوان ماددەی مەرجی گەڕاندنەوەی ١٠%ی پاشەکەوتی ناچاریی مووچەی فەرمانبەرانی زیادکردووە.
مستەفا سەنەد وتیشی، بەڵام دوێنێ پارتی داوای لابردنی ئەو ماددەیەی کردووە و رایگەیاندووە، ئەوە بابەتێکی ناوخۆییە، کە بەداخەوە رەنگە ھێزە سیاسییەکان وەڵامی داواکەی پارتی بدەنەوە.