هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، دانوستانیان لەگەڵ ئەمریكا و فەڕەنسا هەیە بۆ ئەوەی لەلایەن هێزەكانی ئەو دوو وڵاتەوە سنوورەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بپارێزرێت . 

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "تی ڤی 5 مۆند "ی فەڕەنسی رایگەیاندووە، هێزەكانی ئەمریكا و فەرەنسا دەتوانن سنوورەكانی باكوری سوریا بپارێزن، هەربۆیە لە ئێستادا دانوستان لەوبارەیەوە هەیە.

راشیگەیاندووە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی داوای لە فەڕەنسا كردووە نێوەندگیر بێت لە نێوان ئیدارەكە و دەسەڵاتدارانی توركیادا، تاوەکو رەوشەكە لە ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا ئارام ببێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، تورکیا لە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باکووری سوریا بەردەوامە و دوێنێش لەکاتێکدا بە سەدان هاوڵاتی مەدەنی بۆ راگەیاندنی پشتگیری خۆیان لە پاراستنی بەنداوەکە چووبوونە بەنداوی تشرین، تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی.