رۆژی ٦ و ٧ی ئەم مانگە وەفدێکی هاوبەش لە کەسوکاری ئەنفالکراوان و مامۆستایانی زانکۆ و هونەرمەندان و رۆژنامەنووس و رێکخراوەکانی بواری جینۆ ساید لە سنووری شارەکانی (کۆیە و چەمچەماڵ و ئیدارەی گەرمیان) بەمیوانداری خانمی یەکەمی عیراق سەردانی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی تەلشێخەی پارێزگای سەماوەیان کرد و سوپاسی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق دەکەن بۆ لەئەستۆگرتنی ئەرکی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.

لە راگەیانراوێکدا لەدوای سەردانەکە ئاماژەیان بەوەکردووە، "ئەمجارە جیاوازتر لە جارەکانی پێشوو وێڕای خوێندنەوەی چەن ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز، سرودی ئەی رەقیب بە کۆرس خوێنرا، هەروەها نمایشکێک و بەزمانی عەرەبیش پارچە هۆنراوەیەک پێشکەش کران، لە کۆتایدا وتاری وەفدەکە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی خوێنرانەوە، کە ئامانجمان لەم سەردانە جەخت کردنەوە بوو لە جێبەجێکردنی تەواوی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەسەر کەیسی ئەنفال".

ئاماژەیان بەوەشکردووە، "جێی رێز و پێزانینە خانمی یەکەمی عیراق خاتوو (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) ئەرکی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و وەرگرتنی سامپڵی ئێسک لە شەهیدەکان و وەرگرتنی نمونەی خوێن لە کەسوکاری شەهیدانی ئەنفالکراو وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤ دۆستانە لەئەستۆ گرتووە، تیمە نیشتیمانیەکانی عێراق پتر لە ساڵێکە کاری لەسەر دەکەن. ئەمەش لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانە لەسەر کەیسی ئەنفال".

ئەوەشیان خستە روو، "ئەمڕۆش رایدەگەیەنین سێ گۆڕی تر هەر لە سنووری تەل شێخەی پارێزگای سەماوە دۆزراوەتەوە، بەڵێن دراوە بەشێوەیەکی زانستیانە بەدوای یەکدا هەڵبگیرێنەوە کە ئەمەش ئاسودەی و ئارامی بەکەسوکاری ئەنفالکراوان دەبەخشێت، جێی ئاماژەیە کارکردن لە هەڵگرتنەوەی شەهیدەکانمان بەهۆی ئەو شێوازە دڕندانەیەی کۆمەڵکوژکردنیان لەلایەن جەلادەکانی بەعسەوە کارێکی تاقت پڕوکێنە دیمەنەکان دیمەنی زۆر ناخ هەژێنن بۆ تیمەکە، بەجۆرێک هەمویان لەرووی دەروونیەوە ماندوون، بەڵام دڵنیایان کردینەوە ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر ئەرکی خۆیان".

لە راگەیەنراوەکەدا باسیان لەوەشلکردووە، "بەناوی رێکخراوەکانی ئەنفال و نووسەرانەوە داوا لە کەناڵی ئاڤا میدیا دەکەین کە داوای لێبوردن لە کەسوکاری ئەنفال کراوان بکات، چیتر  تاوانی ئەنفال بچوک نەکاتەوە و داتای ناڕاست لەسەر گەورەیی ئەو تاوانەی بەسەر گەلەکەماندا هاتووە بڵاونەکاتەوە".

٢٢ی مانگی ١٢ی رابردوو، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی لە بیانابی تەل ئەلشێخیەی پارێزگای سەماوە راگەیاند.