گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی دەڵێت ئەگەر ترەمپ بەڵێنەكانی لەبارەی كشانەوە لە عیراق و راگرتنی شەڕی لوبنان و غەززە جێبەجێ بكات، هێرشەكانیان بۆسەر بەرژوەندییەكانی ئەمریكا رادەگرن.


سەركردەیەكی گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی عیراق لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ گۆڤاری نیوزویكی ئەمریكی رایگەیاندووە، جیاوازییەكی گەورەی ترەمپ لەگەڵ جۆبایدن ئەوەیە كە سیاسەتی ترەمپ هێندەی بیركردنەوەیە لە بەرژوەندییە ئابوورییەكانی ئەمریكا لەناوخۆی وڵاتەكەی و دەرەوەش، ئەوەندە بیر لە هەڵگیرساندنی شەڕ ناكاتەوە، بەڵام سیاسەتی بایدن پێچەوانەی ترەمپە و ئەوەندەی بیر لە هەڵگیرساندنی شەڕ و ئاڵۆزی دەكاتەوە، ئەوەندە بیر لە پاراستنی بەرژوەندییە ئابوورییەكانی ئەمریكا ناكاتەوە.


وتیشی، سەرجەم گرووپە چەكدارەكانی ناو بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عیراق چاوەڕوانن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا بەڵێنەكانی لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە عیراق و راگرتنی ئیسرائیل لە هێرش و بۆردومانەكانی بۆسەر كەرتی غەززە و لوبنان، جەختیشیكردەوە، ئەگەر ترەمپ بەڵێنەكانی بباتەسەر، ئەوانیش خۆیان لە هێرشكردنە سەر بەرژوەندییەكانی ئەمریكا دەپارێزن و هێرشەكانیشیان رادەگرن.