فاسیلی نیبینزیا نێردەی ھەمیشەیی روسیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری ئەنجومەنەکەدا تایبەت بە قەیرانی خۆراک لە کەرتی غەززە بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی رێگەیان بە ئیسرائیل داوە خۆراک وەک لە چەک دژی خەڵکی مەدەنی بەکاربھێنێت و ھەموو ھەوڵەکانی ئەمریکاش بۆ راگرتنی شەڕ نییە، بەڵکو رێگە دانە بە کۆمەڵکوژی زیاتر لە غەززە.
لە بەرامبەریشدا رۆبێرت وود نێردەی ھەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش رایگەیاند، روسیا کە باسی غەززە دەکات بیر لەوە ناکاتەوە کە خۆشی چۆن وڵاتێکی گەورەی وەک ئۆکراینی وێرانکردووە، وتیشی، ھیچ کاتێک روسیا وڵاتێک نەبووە ھاوکار بێت بۆ چارەسەری کێشەکان، چونکە لە بنەڕەتدا ھەر خۆی دروستکەری کێشە و ئاڵۆزییەکانە.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەھێز لە دیمەشق بیستراوە کە لە ناوچەی سەیدە زەینەب بووە، بەڵام ھیچ زانیارییەک لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکان ئاشکرا نەکراوە.
ئاژانسی رەسمی حکومەتی سوریاش (سانا) بڵاویکردەوە، ھێزی بەرگری ئاسمانی سوریا بەرپەرچی ھێرشێکی ئیسرائیلی بۆسەر دیمەشق داوەتەوە.
کۆمپانیای پەخشی ئیسرائیل کە دەزگایەکی میدیایی سەربەخۆیە بڵاویکردەوە، بە نێوەندگیری میسر و قەتەر، رێککەوتنێکی چاوەڕوانکراو بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان حەماس و ئیسرائیل تا پێش ١٠ی ئادار ئیمزا دەکرێت.
ھاوکات جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی پشتڕاستیکردەوە کە ئیسرائیل، میسر، قەتەر و ئەمریکا لەسەر بنەماکانی ئاگربەستێکی کاتی بۆ ئازادکردنی دیلەکان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن.
دووپاتیشیکردەوە، ھێشتا رێککەوتنەکە لە ژێر دانوستاندایە و پێویستە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە نێوان قەتەر و میسر لەگەڵ حەماس ھەبێت.
لای خۆیەوە ئیسماعیل ھەنیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ھەر نەرمییەک لە دانوستاندندا لەبەر خوێنی گەلی فەلەستینیەکانە، دووپاتیشیکردەوە، ئامادەن بەردەوامی بە شەڕ و بەرگری بدەن و ملکەچی فشارەکان نابن و بەھیچ مەرجێکی پێشوەختەش فریوناخۆن.
بلینکن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ "ئەیمەن سەفدی" وەزیری دەرەوەی ئوردن رایگەیاندوە، ئەمریکا پابەندە بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی بەو مەرجەی گرەنتی ئاسایشی ئیسرائیل بکرێت.
ھەروەھا ئاوارەکردنی زۆرەملێی فەڵەستینییەکانی لە کەرتی غەززە و کەناری خۆرئاوا رەتکردووەتەوە و دوپاتیشیکردووەتەوە کە نابێت شەڕ و ململانێکان فراوانتر بکرێن.
ھەردوولاش تاوتوێی بەردەوامیی ھەوڵەکانی ئەمریکایان کرد لە فشارخستنە سەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی توندوتیژییەکانی دژی فەڵەستینیەکانی کەناری رۆژئاوا.
ناتانیاھۆ رایگەیاندووە، دوو مەرجی نوێی ھەیە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس کە بریتین لە، بارمتە فەڵەستینییەکان ئەوانەی کە سزای گەورەیان لەسەرە، نەفی بکرێن بۆ دەوحە، ھەروەھا دژی گەڕانەوەی کۆچبەران و پەنابەرانە بۆ باکوری غەززە، لەسەر ئەوەش ناتانیاھۆ لە سەرۆکی موساد توڕە بووە کە رێگەیداوە بە چوونە ناوەوەی ٥٠٠ کاروانی ھاوکاری بۆ غەززە.
ئەو مەرجانەی ناتانیاھۆ لەکاتێکدایە کە بڕیارە دانوستانەکان لە دەوحە و دواتر لە قاھیرە دەستپێبکەن، بۆ ئەوەی سنورێک بۆ جەنگی غەززە دابنرێت و ئاگربەست رابگەیەندرێت.
رێکخراوی بەرنامەی جیھانیی خۆراک لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرەڕای بەردەوامی ھاوکارییە مرۆییەکانی وڵاتان و گەیشتنی بە کەرتی غەززە، بەڵام رەوشی دانیشتووانی ئەو شارە بەھۆی ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە لەوپەڕی خراپیدایە و ھیچ جۆرە خۆراکێک بە ئاسانی دەستناکەوێت و ئاست و رێژەی برسێتی لە غەززە لە رادەبەدەر بەرزبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی بەردەوامی شەڕەوە لەئێستادا تەنھا ٢٠%ی غەززە خەڵکی تێدا ماوە و زیاتر لە ملیۆنێک و ٤٠٠ ھەزار کەس ئاوارەبوون و ئەوەش قەیرانێکی مەترسیداری خۆراکی دروستکردووە و بۆ گفتوگۆش لەسەر ئەو بابەتە بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی کراوە ئەنجام بدات.
نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی غەززە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەدوای بڕیارەکانی دادگای دادی نێوڵەتییەوە بۆ پابەندکردنی ئیسرائیل تایبەت بە پاراستنی خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە، تەنھا لە ماوەی مانگێکدا و بە دیاریکراویش لە ٢٦/١ەوە تا ٢٦/٢، سوپای ئەو وڵاتە ٣٧٥ کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەززە ئەنجامداوە و بەھۆیەوە سێ ھەزار و ٥٢٥ کەس کوژراون کە ھەزار و ٧٢٠یان منداڵن و ھەزار و ١٣٠یشیان ژنن.
راشیگەیاندووە، ھەر لەماوەی ئەو مانگەدا، ١٢ رۆژنامەنووس و کارمەندێکی تیمە تەندروستییەکان و دوو ئەندامی بەرگری شارستانیش لە کەرتی غەززە کوژراون.
بەپێی ئامارە رەسمییەکانیش لەسەرەتای شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تائێستا ٢٩ ھەزار و ٧٨٢ کەس کوژراوان و ٧٠ ھەزار و ٤٣ کەسی دیکەش برینداربوون.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە نیویۆرک بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەیەوە پێیدراون ھەنگاوەکان بە ئاڕاستەی گەیشتن بە رێککەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە نزیکبووەتەوە و گفتوگۆ و دانوستانەکانیش لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریکا و میسر و قەتەر بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامە و کۆتایی نەھاتووە.
گەشبینی خۆی پیشاندەدات تا رۆژی دوو شەممەی داھاتوو ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە رابگەیەندرێت.
جۆ بایدن وتیشی، ئیسرائیل رازیبووە لە مانگی رەمەزاندا ھیچ کردەوەیەکی سەربازیی ئەنجام نەدات و شەڕ رابگرێت و ھۆشداریشیدا بە ئیسرائیل کە ھاوکارییەکان لەدەستدەدات بەھۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی مەدەنی لە فەڵەستین.
جانیت یلین، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە شاری ساوپاوڵۆی بەرازیل رایگەیاند، پێشبینییەکانی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارە جیھانییەکانی دیکە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کە گەشەی ئابووری جیھان روبەری داکشانی زۆر دەبێتەوە، راست دەرنەچوو و لە بری ئەوە ھەڵاوسان کەمبووەوە و گەشەی ئابووری لە جیھاندا بەرێژەی ٣.١% زیادیکرد کە ئەوەش رێژەیەکی زۆر باشە و بازاڕی کاریش زۆر بەھێز بووە.
وتیشی، لەسەر بنەمای گەشەی ئابووری لە ساڵی رابردوودا، پێشبینیدەکەن لەماوەی ئەمساڵدا لە ٨٠%ی وڵاتانی جیھان نرخی کاڵا و شمەک و پێداویستییەکان کەمببێتەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی رێژەی ھەژاری و برسێتی دەبێت لەسەرتاسەری جیھاندا.
مورات کوروم، کاندیدی ئاکپارتی بۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ جارێکی دیکە ھێرشیکردەوە سەر پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەمپارتی) و ئاماژەی بەوەکرد، دانان و کشانەوەی کاندیدەکانی دەمپارتی بە رێنمایی ھەندێک شوێنی دیکە دیاریکراون و "قەندیل کاندیدەکانی دەمپارتی یەکلایی دەکاتەوە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەمپارتی لەسەر بنەمایەکی ئایدۆلۆژی دامەزراوە و ڕێنمایی ڕاستەوخۆ لە قەندیلەوە وەردەگرێت.
کاندیدەکەی ئاکپارتی پێشتریش رەخنەی لە رێککەوتنی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی لەگەڵ دەمپارتی گرتبوو و تۆمەتباریکردبوون کە بەناوی رێککەوتنی قەندیلەوە دەیانەوێت شارەوانییەکان دابەشبکەن.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردووە، تەنھا رۆژی یەکشەممە ٢٩٠ کۆچبەر لەرێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە پەڕیوونەتەوە، ئەوەش زۆرترین رێژەی ھاتنی کۆچبەرە لە رۆژێکدا لە مانگی شوباتدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵی رابردو ٢٩ ھەزار و ٤٣٧ کۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا و ئەو ژمارەیەش بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ بەڕێژەی ٣٥% کەمتربووە، کە لەو ساڵەدا ٤٥ ھەزار و ٧٧٤ کۆچبەر پەڕیبوونەوە.
بەمەبەستی رێگریکردن لە ھاتنی کۆچبەران بەشێوەی ناسایی، بەریتانیا چەند رێکارێکی گرتووەتەبەر لەوانەش توندکردنی سنورە ئاوییەکان و زیندووکردنەوەی بڕیاری ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە دوایین راپۆرتی خۆیدا باسی لەوەشکردوە، زیادبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە جێگەی نیگەرانیە و لەدوای رێککەوتنی ئەتۆمییەوە، ئەو وڵاتە بەرھەمھێنانی زیاتر کردوە.
ئەوەشی خستوتەڕو، لەئێستادا ئێران مانگانە نۆ کیلۆگرام یۆرانیۆم بەرھەمدەھێنێت و کۆگاکەی گەیشتووەتە ٦٠%ـی یۆرانیۆمی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆم، ئەگەریش بڕەکە بگاتە ٩٠% تاران ھەموو پێداویستییەکانی بۆ بەرھەمھێنانی چەکی ئەتۆم لەبەردەست دەبێت.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە کەرتی غەززە پێنج ھەزار و ٣٧٩ خوێندکار کوژراون و زیاتر لە ٨ ھەزار و ٨٠٠ ی دیکەش برینداربوون، لە کەناری خۆرئاواش ٤٨ خوێندکار کوژراون و ٣٠٥ی دیکە برینداربوون، ٩٧ خوێندکاریش دەستبەسەر کراون.
دەشڵێت، ھەروەھا ٢٥٥ مامۆستا و فەرمانبەری کەرتی پەروەردە لە غەززە کوژراون، ٨٩١ ی دیکەش برینداربوون، ٧٣ مامۆستا و فەرمانبەری کەرتی پەروەردە لە کەناری خۆرئاوا دەستگیر کراون.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ٢٨٦ خوێندنگە لە غەززە زیانیان بەرکەوتووە. ٦٢٠ ھەزار خوێندکاریش لە کەرتی غەززە بێبەش بوون لە خوێندنی ئەمساڵ، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی دۆخی ناجێگری دەروونی بوونەتەوە.
ھەریەکە میسر، قەتەر، ئەمریکا، فەرەنسا و وڵاتانی دیکە بەشداری لە دانوستانە بەردەوامەکاندا دەکەن، ناوبژیکاران ھیوادارن پێش مانگی ڕەمەزان کە ئەمساڵ لە ١٠ یان ١١ی ئازار دەست پێدەکات، ئاگربەست رابگەیەنرێت.
لای خۆیەوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەی بۆ نیویۆرک ھیوای خواست تا ڕۆژی دووشەممەی داھاتوو ئاگربەست رابگەیەنرێت.
بایدن لە چاوپێکەوتنێکیشدا لەگەڵ تۆڕی ئێن بی سی ئەمریکی وتی، مانگی رەمەزان نزیک دەبێتەوە، لەگەڵ ئیسرائیلییەکانیش رێککەوتن کراوە بۆ راگرتنی ھێرشە سەربازییەکان تا بتوانرێت ھەموو بارمتەکان لە کەرتی غەززە ئازاد بکرێن.
ھاوکات مەجید ئەنساری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، ھەموو ھەوڵەکان بۆ ئەوەن کە پێش مانگی رەمەزان یان پێش جەژنی رەمەزان ئاگربەستی کۆتایی بکرێت لە غەززە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، پێشنیارەکەی پاریس بۆ ئاگربەست ٤٢ ڕۆژ لەخۆدەگرێت، وتیشی، حەماس فشار دەخاتە سەر کشانەوەی ھەمیشەیی ھێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی گەمارۆدراوی غەززە، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە بۆ باکووری کەرتی غەززە.
بەپێی ھەواڵی میدیاکانی ئیسرائیل، ٧ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەیە لەو ھەڵبژاردنەدا ٢٤ ھەزار و ٩١٠ کاندید لەرێی ٣ ھەزار و ٧٠٥ لیستەوە رکابەری دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ١٩٧ پۆستی سەرۆکی شارەوانیەکان، ٨٠١ کاندیدیش رکاربەری دەکەن بۆ ٤٤ ئەنجومەنی ناوخۆیی.
پڕۆسەکە لە سەعات ٧ی بەیانیەوە دەستیپێکردووە و تا ١٠ی شەو بەردەوامدەبێت، ١٩ ھەزار ئەندامی ھێزە ئەمنییەکان ئەرکی پاراستنی ھەڵبژاردنەکەیان پێسپێردراوە.
بەپێی راپرسییەکانیش پێشبینیدەکرێت بەھۆی جەنگی غەززە و نیگەرانییان لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە ، رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە پرۆسەکەدا بەراورد بە رابردوو کەمببێتەوە، لە ماوەی رابردووشدا بەھۆی جەنگی غەززەوە دووجار ئەو ھەڵبژاردنە دواخراوە.
دیمتری پیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملین رایگەیاند، ناردنی ھێز بۆ ئۆکراین بەھیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی وڵاتانی رۆژئاوادا نییە، بە باسکردنی ئەو پێشنیارەش ئەگەری روبەڕوبوونەوە زیاتر دەکات، چونکە ئەگەر ھێزەکانی ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" لە ئۆکراین بوونیان ھەبێت، ئەوا روبەڕوبوونەوەی ناتۆ و روسیا لە ئەگەردا نامێنێت، بەڵکو دەبێتە راستی، بۆیە دەبێت خۆیان بیربکەنەوە کە ئایا ئەو ھەنگاوە لە بەرژەوەندییان دەبێت یاخود نا.
ئەو لێدوانەی وتەبێژی کرملین لە وەڵامی لێدوانێکی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا بوو کە وتبووی، ناردنی ھێز بۆ ئۆکراین دوور نییە و شکستی روسیا گرنگە.
لای خۆیەوە، بەرپرسێک لە ھاوپەیمانی ناتۆ رایگەیاند، ھیچ پلانێکیان نییە بۆ ناردنی ھێزی شەڕکەر بۆ ئۆکراین و ناتۆ تەنھا ھاوکاری پێشکەشی ئەو وڵاتە کردووە.
ھەروەھا ئۆلاف شۆڵتس راوێژکاری ئەڵمانیا جەختیکردەوە، ھیچ سەربازێک لە ئەوروپا و وڵاتانی ناتۆوە رەوانەی ئۆکراین ناکرێت.