جەستن ترۆدۆ سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی رابردووەوە لەسەر داوایەکی ئیسرائیل ھاوکارییە داراییەکانیان بۆ رێکخراوی ئۆنرا راگرت کە تایبەتە بە فەڵەستنییەکان و سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، جارێکی تر پێدانی ھاوکارییە داراییەکانیان بۆ ئەو رێکخراوە دەستپێدەکاتەوە و لە مانگی نیسانی داھاتوودا بڕی ٢٥ ملیۆن دۆلار پێشکەشی رێکخراوەکە دەکەن.
ئەو بڕیارەی حکومەتی کەنەدا دوای ئەوە دێت کە لە چەند مانگی رابردوودا دوای ئەوەی ئیسرائیل ئاشکرایکرد کە ژمارەیەک فەرمانبەری ئۆنراوا تێوەگلاون لە ھاوکاریکردنی چەکدارانی بزوتنەوەی حەماس، کەنەدا و ژمارەیەکی تر لە وڵاتان سەرجەم ھاوکارییە داراییەکانیان بۆ ئەو رێکخراوە راگرت.
پات رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر فەرمانێکی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کە ئاراستەی سوپای وڵاتەکەی کردووە، بەندەرێکی کاتی لەکەناراوەکانی کەرتی غەززە دروست دەکەن و ئامانج لێی خێراتر گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکانە بۆ ئاوارەکان و زیانلێکەوتووان و لێقەوماوانی کەرتی غەززە.
وتیشی، دروستکردنی ئەو بەندەرە زیاتر لە ٦٠ رۆژ دەخایەنێت و زیاتر لە ھەزار سەربازیش بەشداری دەکەن کە سەرەتا شوێنێک دروست دەکەن بۆ لەنگەرگرتنی کەشتییە گەورەکان کە ھاوکارییە مرۆییەکان دەگەیەنن و لە رێگەیەشەوە دەتوانرێت رۆژانە دوو ملیۆن ژەمە خۆراک بۆ ئاوارەکان و زیانلێکەوتووان و لێقەوماوانی کەرتی غەززە دابین دابین بکرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کە لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە لەدەسەڵاتدایە و پۆستی جیاجیای وەرگرتووە، لە ئیستەنبوڵ لە وتارێکدا وتی بەپێی ئەو دەسەڵاتەی یاسا بۆی دیاریکردووە، ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان دوایین ھەڵبژاردنە بۆ ئەو، ئەو ئەنجامەی بەدەستدێت دەبێتە گواستنەوەی ئەمانەتێک بۆ ئەوانەی دوای ئەو دێن.
ئەوە لە کاتێکدایە بڕیارە ٣١ی ئەم مانگە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەرێوەبچێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی لەسەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، ژنە چالاکوانی رۆژھەڵاتی کوردستان و خەڵکی سەقز بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژینا ئەمینی لە ساڵی ٢٠٢٢ بە ھۆی توندتیژی جەستەییەوە گیانیلەدەستداوە، ئەوەش تاوانە دژ بە مافی مرۆڤ.
نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتەکانی حکومەتی ئێرانی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی رەتکردوەتەوە و دەڵێت، گەیشتوون بەو ئەنجامەی بەکارھێنانی تووندوتیژی لەکاتی دەستبەسەرکردنیدا، بووەتە ھۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، لەبەرئەو ھۆیەشە جارێکی تر بەپێی یاسایی نێودەوڵەتی داوای لێکۆڵینەوەی راست و دروست دەکەن.
لە بەشێکی تری راپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، لە ئێران مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێت و تاوانی کوشتن و زیندانیکردن و ئەشکەنجە و بێ سەروشوێنکردن ئەنجام دەدرێت.
رێکخراوی نەو لەیبڵس کە حزبێکی سیاسی نییە و خۆی وەک بزوتنەوەیەکی نیشتیمانی لە ئەمریکا پیشان دەدات، بەنیازە ھەفتەی داھاتوو کەسایەتییەک بۆ ھەڵبژادنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید بکات کە بڕیارە لە مانگی ١١ی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، تائستاش تەنھا دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن دوو کاندیدی سەرەکی ھەڵبژاردنەکەن، بەڵام تائێستا ئەو رێکخراوە ھیچ ناوێکی ئاشکرا نەکردووە کە بیەوێت کاندیدی بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە ٨٠٠ کەسی سەر بە رێکخراوەکە دەنگیانداوە بۆئەوەی رێکخراوەکەیان کاندیدی ھەبێت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کە ئەمەش ئەبێتە ھەڕەشەیەکی مەترسیدار لەسەر دەنگەکانی جۆ بایدن کە کاندیدی دیموکراتەکانە بۆئەو ھەڵبژاردنە.
رێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن نانسی جیکوبسون دامەزرێنرا، کە ھاوکاریی دارایی بۆ دیموکراتەکان کۆدەکردەوە و ئێستا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوەکەیە کە دروشمی "نە چەپ، نە ڕاست. بۆ پێشەوە" ی بەرزکردووەتەوە.
بەشێک لە دیموکراتەکان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی کە ئەو رێکخراوە بتوانێت ئەو دەنگدەرانە بەلای خۆیدا رابکێشێت کە ھێشتا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە و لە بایدن دوریان بخاتەوە.
ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، پشتیوانی ئەمریکا بۆ ھێزەکانی سوریای دیموکرات گەورەترین ئاستەنگییە لەبەردەم بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتۆن.
ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی باوەڕیوایە دەبێت لە زوترینکاتدا ئەمریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەسەدە رابگرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی، لەگەڵ ھاوتا ئەمریکییەکەی باسیان لە ھەماھەنگی دوولایەنە کردووە تا لەکاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیادا لە سوریا، ھێزەکانی ئەمریکا زیانیان پێنەگات.
ئاژانسی "العەربیە" بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل پلانی ھەیە، بەشێک لە ھاووڵاتیانی مەدەنی ناو کەرتی غەززە چەکدار بکات و ئەرکی پاراستنی ئەو کاروانە ھاوکارییانەیان پێبسپێرێت کە رەوانەی کەرتی غەززە دەکرێن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو ھاوڵاتییە مەدەنییانەی چەکدار دەکرێن، ھیچ پەیوەندییەکیان بە گروپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە نابێت، لەنێویاندا حەماس و تائێستاش ناسنامەی ھاوڵاتییەکان دیارنییە.
ھاوکات، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر دوایین گفتوگۆکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە ئاماژەی بەوەدا، حەماس سوورە لەسەر داواکارییەکانی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست، کە پێکھاتوون لە راگرتنی شەڕ و ئاوەدانکردنەوەی غەززە، وتیشی، ئەستەمە پێش مانگی رەمەزان ئاگربەست لە غەززە رابگەیەندرێت.
وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا ٨٢ کەس لە کەرتی غەززە کوژراون، بەوەش ژمارەی کوژراوانی فەڵەستین لە پێنج مانگی رابردوودا گەیشتووەتە ٣٠ ھەزار و ٩٦٠ کەس کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، ھەروەھا ژمارەی برینداران گەیشتووەتە ٧٢ ھەزار و ٥٢٤ کەس.
ھاوکات سەلامە مەعروف سەرۆکی نوسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە رایگەیاند، ١٢٠ ھەزار خێزان لە غەززە رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە و لە ٨٠ ٪ی ماڵ و شوێنەکانی نیشتەجێبوون چیتر بەکەڵکی نیشتەجێبوون نایەن.
گرانت شابس، وەزیری بەرگری بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەشتییەکی سەربازی وڵاتەکەی لە دەریای سوور، دوو درۆنی حوسییەکانی یەمەنیان خستووەتەخوارەوە کە کەشتییە بەریتانیەکەی کردبووە ئامانج.
ئەوەشی خستەڕوو، سیستەمی بەرگری ئاسمانی کەشتییەکە، بە مووشەک درۆنەکانی حوسییەکانی خستووەتەخوارەوە، بەوەش ھێرشەکەی ئەو گروپە چەکدارەی تێکشکێناوە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.
جەختیلەوەشکردەوە، بەریتانیا و ھاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبن، لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ھێڵی بازرگانی دەریای سوور و گیانی دەستەی بەڕێوەبەری کەشتییەکان لە دەریاکەدا.
لە تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل، ژمارەیەکی زۆر لە ھاوڵاتی ئیسرائیلی دژی بەردەوامی شەڕ لە غەززە رژانە سەر شەقامەکان و داوای دەستلەکارکێشانەوەی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیان دەکرد.
خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشم دژی حکومەتی ناتانیاھۆ داوای ئازادکردنی بارمتەکانی غەززە و ھەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان دەکرد.
بۆ بڵاوپێکردنی خۆپیشاندەرانیش، ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە تەواوی تەلئەبیب بڵاوەیان پێکرا گرژی و ئاڵۆزییش لەنێوان ھێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دروستبوو.
سەرۆکایەتی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، زیلینسکی لەسەر داوای ئەردۆغان سەردانی تورکیا دەکات و پێکەوە کۆدەبنەوە.
ئووەشھاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا ھەردولا باس لە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین و دوایین پێشھاتەکان و رێککەوتنی دانەوێڵە و گەیشتن بە ئاشتی ھەمیشەیی لە ناوچەکە و ھەروەھا پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و کیێڤ دەکەن.
سەرۆکایەتی تورکیا ئەوەشی ئاشکراکردووە، کۆبوونەوەکەی زیلینسکی و ئەردۆغان لە نوسینگەی سەرۆکایەتی لە کۆشکی "دۆڵماباھچە" لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت.
چاوەڕوانیش دەکرێت ھەردوو سەرۆک دوای کۆبوونەوەکەیان کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ھاوبەش ئەنجام بدەن.
پەیمانگەی نێودەوڵەتی ژنان و ئاشتی و ئاسایشی جیھانی لە راپۆرتێکیدا بەبۆنەی رۆژی جیھانی ژنان ناوی باشترین و مەترسیدارترین وڵاتانی بۆ ژنان بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، لە کۆی ١٧٧ وڵاتی جیھان، دانیمارک لە پلەی یەکەمی باشترین وڵاتاندایە بۆ ژنان و دوای ئەویش سویسرا، سوید، فینلەندا، لۆکسۆمبۆرگ، ئایسلەندا، نەرویج، نەمسا، ھۆڵەندا و نیوزلەندا لە پلەی دووەم تا نۆیەم دێن لە پاراستنی ژنان و پێدانی مافەکانیان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، خراپترین و مەترسیدارترین وڵاتیش بۆ ژنان ئەفغانستانە و دوای ئەویش، یەمەن، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، کۆماری کۆنگۆ، باشووری سودان، بۆرۆندی، سوریا، ئیستوانیا، سۆماڵ و عیراق لە پلەی دووەم تا نۆیەم دێن لە خراپی رەوشی ژنان.
جەختیشیکردووەتەوە، لە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ژنان تیایدا کەمترین بەشدارییان لە ھێزی کاردا ھەیە و ساڵ لە دوای ساڵیش بەشداری ژنان لە عێراق لە ھێزی کاردا کەمتر دەبێتەوە.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، ھێزەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەی چواری ئاوی کەنداو، توانیویانە دەستبەسەر کەشتییەکی بارھەڵگری سوتەمەنی بگرن، کە زیاتر لە ٣٠ ھەزار سووتەمەنی قاچاخی تیادابووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەکاتی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەدا، دەستەی بەڕێوەبەری کەشتییەکە، ئاگریان لە کەشتییەکە بەرداوە، بەڵام لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی سوپای پاسدارانەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و دەستەی بەڕێوەبەری کەشتییەکەش دەستگیرکراون کە چوار کەس بوون.
ئاژانسەکە باسیلەوەشکردەوە، رێوشوێنی یاسایی پێویست بەرامبەر دەستەی کەشتییەکە گیراوەتەبەر و تائێستاش خاوەنی کەشتییەکە دیارنییە.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری ژمارەیەک سەرچاوەوە کە ئاگاداری دانوستانەکانن بڵاویکردەوە، دانوستانەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی دەیان بارمتە گەیشتووەتە بنبەست، ئەگەری گەیشتن بە ئاگربەست بەر لە مانگی رەمەزان بەدوور دەزانرێت.
لە دانوستانەکەدا، دانوستانکاران تاوتوێی راگەیاندنی ئاگربەستیان بۆ ماوەی شەش ھەفتە دەکرد، کە لەو ماوەیەدا حەماس نزیکەی ٤٠ بارمتە ئازاد بکات، کە ژن و بەتەمەن و نەخۆش و ٥ سەربازی ئیسرائیلی دەگرتەوە، لە بەرامبەر ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییە فەڵەستینییەکان.
جۆن کیربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە لە کۆشی سپی دەڵێت، ئەمریکا نیگەرانە لە نەگەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام بابەتەکە پەیوەندی بە رازیکردنی حەماسەوە ھەیە کە ئیمزا لەسەر ئاگربەستەکە بکات.
ژمارەیەک لێپرسراویش دەڵێن، خاڵی ناکۆک ھەر ئەو خاڵەیە کە چەند ھەفتەیەکە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بزووتنەوەی حەماس داوای ئاگربەستی ھەمیشەیی دەکات، بەڵام ئیسرائیل ئەوە رەتدەکاتەوە.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، بەھۆی تەقینەوەکەوە ئاگرێکی گەورە لە یەکێک لە ناوەندەکانی پاڵاوتگەی نەوتی بەندەر عەباس کەوتووەتەوەو کوژراو و برینداری زۆر ھەیە.
تائێستا ھۆکاری تەقینەوەکە و ژمارەی قوربانییەکان ئاشکرا نەبووە، لە کاتێکدا ھەندێک لە سەرچاوە ھەواڵییەکان رەتیانکردووەتەوە کە تەقینەوەکە بەھۆی ھێرشی ئیسرائیلەوە بووبێت.
پاڵاوگەی بەندەر عەباس یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی پاڵاوتنی نەوتی ئێرانە و تاکە پاڵاوتگەی نەوتی خاوی قورسی مۆدێرن لە ئێران و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە کە لە ساڵی ١٩٩٢ بنیادنراوە.
کەناڵی "مسیرە"ی یەمەنی بڵاویکردەوە، فڕۆکەکانی ئەمریکا و بەریتانیا دوو بۆردومانیان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی "حودەیدە" لە یەمەن ئەنجامداوە، بەڵام زیانەکانی بۆردوومانەکە ئاشکرا نەکراون.
بۆردوومانەکە لەکاتێکدایە ئەمریکا بەڵێنیدا بە تۆڵەسەندنەوە لە گروپی ئەنساروڵای یەمەن کە بە حوسییەکان ناسراون، لەسەر ئەو ھێرشەی کردیانە سەر کەشتییەکی بارھەڵگر بە ناوی "کونفیدانس" لە نزیک بابولمەندەب، کە بەھۆیەوە سێ کەس لە تیمی کەشتییەکە کوژران، کە یەکەمین ھێرشی حوسییەکانە کوژرانی لێبکەوێتەوە.
دوای ئەو ھێرشە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، بۆردومانی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردووە، کە ھەڕەشە بوون لەسەر کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.