میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، "موحسین میھر عەلیزادە" و "عەلی رەزا زاکانی" کە کاندیدی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران بوون لە کێبڕکێی ھەڵبژاردن کشاونەتەوە، ئەوەش بەر لە دوو رۆژ لە ئەنجامدانی پڕۆسەکە، کە بڕیارە رۆژی ھەینی بەڕێوەبچێت.
"موحسین میھرعەلیزادە" ٦٥ ساڵە و ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەری ناوچەی ئازادی کیشە، "عەلی رەزا زاکانی"ش ٥٦ ساڵە و ئەندام پەرلەمان بووە، ھۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکانیشیان نەوتووە.
"فلیپۆ گراندی" کۆمسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند، ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەگەری ئاوارە بوونی ھاووڵاتیانی ئەفغانستان، لە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە.
"گراندی" جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگی پشتیوانی کردنی دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان حکومەتی "ئەفغانستان" و "تاڵیبان" و چارەسەری سیاسی لە بری جەنگ.
بە پێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی ٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کۆچبەر و ئاوارەی ئەفغانی لە جیھان تۆمارکراون، لە ناوخۆی وڵاتەکەش ٤ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار کەس ئاوارەن.
ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنور نیگەرانی دەربڕیوە لە بەردەوامی قەیرانی کۆچبەران لە دوورگەکانی یۆنان و داواشی لە حکومەتی ئەو وڵاتە و سەرکردەکانی ئەوروپا کردووە، سیاسەتە توند و بکوژەکانیان ڕابگرن بەرامبەر بە کۆچبەران، بە تایبەت کە کۆچبەران لە کەمپە قەرەباڵغەکان دەستبەسەر دەکرێن.
ئەو ڕێکخراوە داواش دەکات تەواوی کەمپەکان لە دوورگەکانی "لیسبۆس و ساموس و خیوس و لیروس و کوس" لە "یۆنان" چۆڵ بکرێن و کۆچبەران بگوازرێنەوە بۆ ناوچە وشکانییەکان یاخود وڵاتانی تری ئەوروپی، داواشی کرد دروستکردنی کەمپی نوێ ڕابگرن و کۆتایی بە دەستبەسەرکردنی کۆچبەران بێنن چونکە زۆر مەترسیدارە.
بایدن لە کۆتایی لوتکەی ناتۆ لە بڕۆکسل کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕێکخست و ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا باسیان لە چۆنیەتی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات کردووە.
وتیشی، لە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەیدا لەگەڵ ڤیلادێمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ئەو بوارانە ڕووندەکاتەوە کە دەکرێت ھەردوو وڵات ھەماھەنگی یەکتر بکەن بەڵام ھیچ ھەڕەشەیەکیش لەو وڵاتە قبوڵ ناکەن و وەڵامی دەستبەجێیان دەبێت.
بایدن ئاماژەی بە کشانەوەی ھێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان کرد و ڕایگەیاند، چیتر ڕێگە نادەن ئەو وڵاتە ببێتە مۆڵگەی گروپە تیرۆریستییەکان کە ھەڕەشە لە ئاسایشی لە وڵاتەکەیان بکات. جەختیشی کردەوە، ناتۆ یەکگرتووە لە بەرامبەر ھەڕەشەکانی چین و ڕووسیا.
"بینی گانتس" لە تویتێکدا بڵاویکردەوە لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ "مایکڵ ڕاتنی" نێردەی ئەمریکا بۆ ئیسڕائیل ھەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە خاوەنداریەتی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە دووپاتکردەوە و وتی "تەلئەبیب" و "واشنتۆن" ھەماھەنگی دەکەن و ڕێگە نادەن "تاران" ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی و دانوستانی داخراو و گرنگ لەو بارەیەوە دەکەن.
پێشتریش "یائیر لابید" وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل وتبووی، ھەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە "ئێران" بکەن بگاتە چەکی ئەتۆمی، وتیشی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ زۆر خراپە.
دوای ئەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی ھاوپەیمانی ئەتڵەسی لە لوتکەی "برۆکسل" نیگەرانیان دەربڕی لە ھەژموونی چین، نێردەی چین لە یەکێتی ئەوروپا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا دەکات ناتۆ بە ئاقڵانە لە گەشەکردنیان بڕوانێت و زیادەڕەوی نەکات لەوەی پێیوایە چین بووەتە ھەڕەشە لەسەر جیھان، نێردەی چین لە یەکێتی ئەوروپا ناتۆی تۆمەتبار کرد بە گەڕانەوە بۆ عەقڵیەتی جەنگی سارد و ھەوڵدان بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی و ڕووبەڕووبوونەوە.
وڵاتانی ناتۆ لە کۆتایی لوتکەکەیاندا لە "برۆکسل" ڕایانگەیاند، نیگەرانن لە ھەژموونی ڕووسیا و چین و پێیانوابوو ھەژموونی چین ئاڵنگاری بۆ سەر سیستمی نێودەوڵەتی دروست کردووە.
"یەنس ستۆڵتنبێرگ" ئەمینداری گشتی ناتۆش وتبووی، چین دوژمنمان نییە بەڵام دەبێت ڕووبەڕووی ئەو ھەڕەشە ئەمنییانە ببینەوە کە دروستی دەکات.
"جۆو بایدن" سەرۆکی ئەمریکاش پێیوابوو، ڕووسیا و چین دەیانەوێت ناکۆکی لە نێو ئەندامانی ناتۆ دروست بکەن.
فەخرەدین کۆجە وەزیری تەندروستیی تورکیا، لە تویتێکدا رایگەیاند، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا ٥٣ توشبووی کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە پێنج ھەزار کەسیش توشی ڤایرۆسەکە بوون،
ئاماژەی بەوەشکرد، کەمبوونەوەی گەورە لە ئامارەکانی گیان لەدەستدان و توشبوون بە کۆرۆنا بەدی دەکرێت و نزیکبوونەتەوە لە شکستھێنان بەو ڤایرۆسە.
تورکیا لە دوای ھندستان دووەم وڵاتی خۆرھەڵاتی ناوەراستە بۆ زۆری ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تائێستا نزیکەی پێنج ملیۆن و ٣٣١ ھەزار کەس لەووڵاتە تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
٣١ەمین کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەی وڵاتانی ئەندام، لە پەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناسراو بە "ناتۆ" لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلژیکا دەستیپێکرد و سەرکردەی ٣٠ وڵاتە ئەندامەکە، گفتوگۆ لەبارەی ھەژموونی چین و روسیا و تیرۆر لە وڵاتانی ئەفغانستان و عێراق دەکەن، پێش دەستپێکردنی لوتکەکە یەنس ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری گشتی ناتۆ، لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆبۆوە و رایگەیاند، ناتۆ بەھێزتر دەبێت و لە دوای جەنگی ساردیشەوە، ئێستا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ روسیا لە نزمترین ئاستدایە، جۆ بایدنیش رایگەیاند، ناتۆ ھاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە.
بڕیاریشە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی لوتکەی ناتۆ، ژمارەیەک دیداری گرنگ لە نێوان سەرکردە بەشدارەکاندا ئەنجام بدرێت، وەک کۆبوونەوەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا.
جیک سۆلیڤان ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە، ئەمریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ روسیا لەسەر چەند بنەمایەک دیاری دەکات، کە دیارترینیان بەرژوەندی ھاوبەشە.
دەشڵێت، ئامادەن لەسەر دۆسیەکانی سەقامگیری ستراتیژی و قەیرانی سوریا و دۆسیە پەیوەندیدارەکان بە بەستەڵەکی باکور، لەگەڵ روسیا کار بکەن .
یاریدەدەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی دوپاتیشیکردووەتەوە کە ناتوانن گرەنتی ھەڵوێستەکانی روسیا بکەن لە دیاریکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام دەتوانن بەڵێنی ئەوە بدەن کە واشنتۆن بەپێی سیاسەتەکانی روسیا ھەڵوێستی دەبێت و ھەر کاتێک زیانی بەربکەوێت وەڵامی دەبێت .
رێکخراوی پزیشکانی بێ سنور رایگەیاندوە، تیمەکانیان لە حەوت ھەڵمەتی جیاواز لە ٤٨ سەعاتی رابردوودا، ٤١٠ کۆچبەریان لە دەریای ناوەراستدا رزگارکردوە کە ھەوڵیان داوە بەشێوەیەکی نایاسایی بگەنە ئەوروپا.
ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، لە نێو کۆچبەرەکاندا ژن و منداڵ ھەن، بەڵام رون نەکراوەتەوە دوای رزگارکردنیان ئەو کۆچبەرانە بۆ کوێ دەگوازرێنەوە .
ھاوسەرۆکی ھەدەپە سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگا لە بارەی دۆزی کۆبانێ ڕایگەیاند، ھەر بڕیارێکی دادگا ئایندەیی دیموکراسی لە تورکیا دیاریدەکات و ھیوایان وایە ئەو بڕیارانە لە چوارچێوەی یاسا و دیموکراسیدا بدرێن.
جەختیشیکردەوە، لە دۆزی کۆبانێدا تەنیا کورد و ئەندامانی ھەدەپە و لایەنگرانی دادگایی ناکرێن و پرسەکە تەنھا پەیوەندی بە کوردەوە نیە بەڵکو پەیوەندی بە ھەموو تورکیاوە ھەیە.
ڕوونیشیکردەوە، دەسەلاتدارانی تورکیا لە دادگاییکردنی دۆزی کۆبانێدا ھەرگیز ئەو ئەنجامەیان دەستناکەوێت کە چاوەڕێی دەکەن.
لە دۆزی کۆبانێ ١٠ ھاوسەرۆکانی پێشووی ھەدەپە و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی و بەڕێوەبەرانی ھەدەپە و ١٠٨ سیاسەتمەدار داگایی دەکرێن کە ٢٨ کەسیان لە زینداندان.
میدیاکانی باکوری کوردستان بڵاویانکردەوە، لە چوارچێوەی ھەڵمەتەکانی پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی چالاکوانانی ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان و لە ئەنجامی گەڕان و پشکنین ٩ کەس لە ئامەد دەستگیرکران.
بە پێی زانیارییەکان، ئەو چالاکوانانە لە بنکەی پۆلیسی ئامەد دەستبەسەرکراون، بە بیانوی بەشداریکردن لە ڕێکخستنی قەدەغەکراو و ھاوکاریکردنی ڕێکخستنەکان، بەڵام تا ئێستا ھێزەکانی پۆلیس بە ڕەسمی ھۆکاری دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی ئاشکرا نەکردووە.