دوای ئەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی ھاوپەیمانی ئەتڵەسی لە لوتکەی "برۆکسل" نیگەرانیان دەربڕی لە ھەژموونی چین، نێردەی چین لە یەکێتی ئەوروپا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا دەکات ناتۆ بە ئاقڵانە لە گەشەکردنیان بڕوانێت و زیادەڕەوی نەکات لەوەی پێیوایە چین بووەتە ھەڕەشە لەسەر جیھان، نێردەی چین لە یەکێتی ئەوروپا ناتۆی تۆمەتبار کرد بە گەڕانەوە بۆ عەقڵیەتی جەنگی سارد و ھەوڵدان بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی و ڕووبەڕووبوونەوە.


وڵاتانی ناتۆ لە کۆتایی لوتکەکەیاندا لە "برۆکسل" ڕایانگەیاند، نیگەرانن لە ھەژموونی ڕووسیا و چین و پێیانوابوو ھەژموونی چین ئاڵنگاری بۆ سەر سیستمی نێودەوڵەتی دروست کردووە.


"یەنس ستۆڵتنبێرگ" ئەمینداری گشتی ناتۆش وتبووی، چین دوژمنمان نییە بەڵام دەبێت ڕووبەڕووی ئەو ھەڕەشە ئەمنییانە ببینەوە کە دروستی دەکات.


"جۆو بایدن" سەرۆکی ئەمریکاش پێیوابوو، ڕووسیا و چین دەیانەوێت ناکۆکی لە نێو ئەندامانی ناتۆ دروست بکەن.