قوباد تاڵەبانی: ئەم ئیدارە نوێیەی کەرکوک بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو کەرکوکییەکان دەکات
٦ی شوباتی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ پارێزگاری کەرکوک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا کۆبووەوە و رایگەیاند؛ ئەم ئیدارە نوێیەی کەرکوک هەڵەی ئیدارەکانی پێشوو دووپات ناکاتەوە و هەوڵی بەهێزکردنی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان دەدات.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکوەزیران پشتیوانی خۆی بۆ ئیدارەی نوێی کەرکوک و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دووپاتکردەوە و دەستخۆشی لە پارێزگار و ئیدارەی نوێی کەرکوک کرد کە لە ماوەیەکی کورتدا توانیویانە هەنگاوی زۆر گرنگ بنێن لە خزمەتکردنی هاوڵاتییانی کەرکوک وەک پاککردنەوەی کۆڵان و شەقامەکان و دانانی بەردی بناغەی چەندین پڕۆژەی گرنگ.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە دۆخی تایبەتی کەرکوک و وتەی سەرۆک مام جەلالی بیرهێنایەوە کە هەمیشە کەرکوکی وەک شاری برایەتی پێناسە دەکرد و رایگەیاند ئەم ئیدارە نوێیەی کەرکوک خۆشبەختانە هەڵەی ئیدارەکانی پێشوو دووپات ناکاتەوە و هەوڵی بەهێزکردنی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان دەدات و بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو کەرکوکییەکان دەکات. هەر لەم چوارچێوەیەدا داوایکرد ئیدارە نوێی کەرکوک رۆژ لە دوای رۆژ بە هەنگاوەکانی لە خزمەتکردنی بێ جیاوازیی هاوڵاتییان زیاتر بیسەلمێنێت کە بە کردار حکومەتی هاوڵاتییانە.
جێگری سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکرد کە بەداخەوە لە چەند ساڵی رابردوودا بە هۆکاری جۆراوجۆر وەک پێویست خزمەتی کەرکوک نەکراوە و پڕۆژەی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان لە شارەکە جێبەجێ نەکراوە. جەختیشی کردەوە کە ئەم ئیدارە نوێیەی کەرکوک پێویستە هانی وەبەرهێنەران بدات و ئاسانکارییان بۆ بکات بۆ وەبەرهێنان لە شارەکەدا و هەروەها هەوڵ بدات گرنگی بە سەوزکردن و باشترکردنی دۆخی ژینگەی کەرکوک بدات و پڕۆژەی خزمەتگوزاری زیاتریش لە شارەکەدا جێبەجێ بکات.
هەر لەم چوارچێوەیەدا داوایکرد حکومەتی فیدرال لەرووی دابینکردنی بودجەی پێویستەوە هاوکاری ئیدارەی نوێی کەرکوک بکات.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە بە فەرمی دانی نا بە ئەنجومەنی پارێزگا و ئیدارەی نوێی کەرکوکدا. لەم بارەیەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد ئەو لایەنانەی کە تا ئێستا بایکۆتی پڕۆسەکەیان کردوە، بگەڕێنەوە بۆ ناو ئەنجومەنی پارێزگا و دەنگی ئەو هاوڵاتییانە بگەیەنن کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان پێداون.