سەرۆک کۆمار بۆ مامۆستایانی زانکۆی کۆیە: ستایشی هەوڵەکانتان دەکەم بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زانستی
٦ی شوباتی ٢٠٢٥
د.لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی کۆیە کرد بە سەرۆکایەتیی د.محەمەد حەسیب صدیق سەرۆکی زانکۆ و جەختیکردەوە لە پاڵپشتی بۆ هەموو هەوڵێک کە پێداویستی پرۆفیسۆر و وانەبێژ و خوێندکاران دابین بکات.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە شاندی میوان کرد بە بۆنەی بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی زانستی بەرز لە بواری ئەکادیمیا بۆ ساڵی 2024 و ستایشی ڕۆڵی کارگێڕی و ستافی وانەوتنەوەیکرد لە پەرەپێدانی توانا و ئاستی زانکۆکە.
لای خۆیەوە سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی کاراکردنی هەماهەنگی نێوان زانکۆکانی عیراق و هاوتاکانیان و پەرەپێدانی میکانیزمی پەیوەندیکردن و ئاڵوگۆڕی شارەزایی و هاوبەشی نێوان خۆیان و وڵاتانی پێشکەوتوو، جەختیکردەوە لە پاڵپشتی بۆ هەموو هەوڵێک کە پێداویستی پرۆفیسۆر و وانەبێژ و خوێندکاران دابین بکات و نەهێشتنی ئاستەنگ و کێشەی بەردەمیان.
لە بەرامبەردا ئەندامانی وەفدەکە باسێکی گشتگیریان سەبارەت بە پلان و بەرنامە و پڕۆژەکانی پەرەپێدانی زانکۆکە پێشکەش کرد و سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ڕێنماییەکانی سەرۆک کۆمار و گرنگیدانی بە بواری پەروەردە دەربڕی.