سەرۆكی یەكێتیی: هیوادارم رۆڵی میانڕەوانەی یەكگرتوو بەردەوام بێت
٦ی شوباتی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بەبۆنەی 31 ساڵەی راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئەو حیزبە کردو تیایدا ستایشی ئەو رۆڵە میانڕەوانەی یەکگرتووی ئیسلامی کرد و هیوای بەردەوامبوونی بۆ خواستن لەسەر ئەو رێچکەیە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
بەڕێز مامۆستا سهڵاحهدین محەمەد بههادین، ئەمیندارى گشتیی یهكگرتووى ئیسلامى كوردستان
بەڕێزانمان لە سەرکردایەتی و برایان و خوشکانمان لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.
سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت.
بەبۆنەی سی و یەکەمین ساڵەی راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە، لەدڵەوە پیرۆزبایی گەرمتان ئاڕاستەدەکەین و هیوادارم رۆڵی میانڕەوانەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەردەوام بێت لە پێناو بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێم و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان.
لەم دەرفەتەدا بەڕێزو پێزانینەوە لە رۆڵی جەنابتان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڕوانین، وەک هێزێکی کاریگەریی گۆڕەپانی سیاسی لەهەرێم، کە هەمیشە بەشێک بوون لە یەکڕیزی و یەکخستنی ماڵی کورد و تەبایی و برایەتی نێوان پێکهاتەکانی کوردایەتی.
پەرۆشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووپاتدەکەمەوە لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانمان و کارکردنی پێکەوەیی لەپێناو سەرخستنی هەنگاوەکان بۆ هێنانە کایەی حکومڕانییەکی تەندروست و خزمەتگوزار و چارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی ژیانێکی شایستەتر بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان.
هەر شاد و سەربەرزو سەرکەوتووبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان