چوارچێوەی هەماهەنگی: حكومەتی عیراق پلانی نییە بۆ مانەوەی زیاتری هێزەكانی ئەمریكا
هەژار
٢٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
"چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان" دەڵێت، حكومەتی عیراق هیچ پلانێكی نییە بۆ رازیبوون بە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق بۆ ماوەیەكی زیاتر.
موختار موسەوی پەرلەمانتاری "چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان" رایگەیاند، ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) بڵاویكردووەتەوە كە حكومەتی عیراق بەهۆی پێشهات و گۆڕانكارییەكانی سوریاوە رازی بووبێت بەوەی، هێزەكانی ئەمریكا بۆ ماوەیەكی زیاتر لە عیراق بمێننەوە دوورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەكی نییە، چونكە بەغداد پابەندە بە گفتوگۆكانی لەگەڵ واشنتۆن بە مەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی وادەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا.
وتیشی، سوپا و هێزە ئەمنییەكان بە باشترین شێوە سەرجەم سنوورەكانی نێوان سوریا و عیراقیان كۆنترۆڵكردووە، ئەو رەوش و پێشهات و گۆڕانكارییانەش كە لە سوریا هاتوونەتە ئاراوە كاریگەرییان لەسەر عیراق نییەوە و عیراقیش پێویستی بە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا نییە.