سعودیە لەمساڵدا ٣٣٠ کەسی لەسـێدارەداوە
سام
٢٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
رێژەی لەسێدارەدان لە وڵاتی سعودیە بەرزبووەتەوە و تەنها لەم ساڵدا ٣٣٠ کەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کراوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە رایگەیاندبوو، "تەنها لەکاتی کــوشتنی بەئەنقەست ئەو سزایە دەسەپێندرێت".
رێژەکە لە سعودیە زیادیکردووە
بەپێی زانیارییەکان ژمارەی لەسێدارەدان لە ساڵی ٢٠٢٢ بریتیبووە لە ١٩٦ کەس، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٣ بریتیبووە لە ١٧٢ کەس، بۆ ئەمساڵیش ٣٣٠ کەس لەسێدارەدراون.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، رێژەی لەسێدارەدانی ئەم ساڵی وڵاتی سعودیە، بەرزترین رێژەیە لە مێژوی ئەو وڵاتەدا.
هەر بەپێی راپۆرتەکە، دەسەڵاتدارانی سعودیە دەڵێن، بەشێک لە سزاکان بەهۆی ماددەی هۆشبەر و بەشێکی دیکەیان بەهۆی تاوانی تیــرۆرستییەوە بووە، ئەو کەسانەشی لەسێدارەدراون، زیاتر لە ١٠٠ کەسیان خەڵکی سعودیە نین.
ریکۆردەکەی سعودیە
رۆژی ١١ـی ٣ـی ٢٠٢٤ سعودیە رایگەیاند، لە یەک رۆژدا بەتۆمەتی جیاجیا ٨١ کەسی لەسێدارەداوە کە ئەمە زۆرترین رێژەی جێبەجێکردنی سزایە لە یەک رۆژدا لەو وڵاتە، کۆتا جار لە ساڵی ١٩٨٠ وڵاتی سعودیە لە یەک رۆژدا ٦٣ کەسی لەسێدارەدا.
١٧٠ وڵات لەسێدارەدانیان لابردووە
تا ئێستا زیاتر لە ١٧٠ وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان سزای لەسێدارەدانیان لە یاساکانیاندا لابردووە، هەروەها ٢٣ ویلایەتی ئەمریکاش ئەم سزایەیان لە یاساکانیان دەرکردووە و زیاتر لە ١٠ ویلایەتیش ساڵانێکە بەکاریان نەهێناوە.