خانمی یەکەمی عیراق سەردانی کڵێسای مار یوسف دەکات لە شاری سلێمانی
٢٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥-١٢-٢٠٢٤ سەردانی کڵێسای مار یوسفی لە شاری سلێمانی کرد بەبۆنەی جەژنی کریسمسەوە پیرۆزبایی لێکردن و لەوێ لەلایەن قەشەی کڵێسای مار یوسف، قەشە ئەیمەن هورمز پێشوازی لێکرا .
لە میانەی سەردانەکەدا خانمی یەکەم پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی مەسیحییەکانی سلێمانی و هەرێمی کوردستان و عیراق و جیهان کرد و هیوای خواست کە هەموان لە ئارامی و ئاسایشدا بژین.
خانمی یەکەم پێکەوەژیان و پەیوەندیی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی عیراق و موسڵمانان و مەسیحییەکانی بەرز نرخاند و بە بایەخەوە باسی لە یەکڕیزی و یەکگرتوویی هەموان کرد لە تێپەڕاندنی ئەو ئاڵەنگارییانەی کە عیراق رووبەڕووی بووەوە.