دوای بەکارهێنانی واتسئەپ و گۆگڵ پلەی بە ئازادی؛ ئێرانییەکان داوای ئازادکردنی چی دیکە دەکەن؟
٢٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، فلتەرکردنی بەکارهێنانی واتسئەپ و گۆگڵ پلەی لابرا و هاوڵاتیان دەتوانن بەبێ بەکارهێنانی هیچ ئەپڵیکەیشنێکی دیکە ئەو دوو بەرنامە بەکاربهێنن، بەڵام هێشتا چەند ئەپڵیکەیشنێکی دیکە ماوە کە بە ئازادانە لە ئێران بەکارنایەت.
ئیرنا، ئاژانسی رەسمی هەواڵی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای رۆژی چوارشەممەوە واتسئەپ و گۆگڵ پلەی بەبێ فلتەر بەکاردەهێنرێن و ئەم بڕیارە لە هەموو وڵاتدا جێبەجێ کراوە.
سنوردارکردنی زۆربەی بەرنامە و ماڵپەڕەکانی ئێران چەند ساڵێکە بەردەوامە، هەروەها بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، لابردنی ئەو فلتەرانە بەڵێنێکی پزیشکیان بوو.، هەروەها لە رۆژی ٣١ـی ئابی ٢٠٢٤ لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاندبوو، "لە ئەنجومەنی باڵای ئینتەرنێتی ئێران رێکاری پێویست دەستنیشان دەکەین".
لەلایەکی دیکەوە چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی ئێران و بەشێک لە رۆژنامەکانی ئێران پێشوازییان لەو بڕیارە کرد.
ئەمە لەکاتێکدایە فلتەری ئینستاگرام و فەیسبوک هێشتا ماون و ئێرانییەکان ناتوانن بە ئازادی بەکاریبهێنن و داوا دەکەن کە بتوانن بە ئازادانە هەموو ئەپڵیکەیشنەکان بەکاربهێنن.