لە شرناخی باکوری کوردستان دوو پاسەوانی ئەردۆغان لە رووداوێکی ھاتووچۆدا گیانیانلەدەستدا
کوردسات نیوز
١٤ی ئازاری ٢٠٢٤
٨٦
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەردۆغان سەردانی شاری شرناخی کردووە بە مەبەستی بانگەشەی ھەڵبژاردن و ناساندنی کاندیدەکانی پارتەکەی لەو شارە.
دوای تەواوکردنی بانگەشەکە و لەسەر رێگەی مێردین، ئۆتۆمبێلێکی کاروانەکانی ئەردۆغان وەرگەڕاوە، سەرەتا پاسەوانێک گیانیلەدەستداوە و سیانی دیکە برینداربوون، دواتر یەکێک لە پاسەوانە بریندارەکان گیانیلەدەستداوە و ئامارەکە بۆ دوو گیانلەدەستدان بەرزبووەتەوە.
بە وتەی لێپرسراوان، ئەو تیمەی دووچاری ئەو رووداوە بوون لەناو ئەو تیمەدان کە پارێزگاری لە کاروانی سەرۆک کۆماری تورکیا دەکەن.
تا ئێستاش زانیارییەکان دەڵێن کە رووداوەکە بەھۆی رووداوی ھاتووچۆوە بووە، بەڵام ھەندێک گومانیش بڵاوبووەتەوە و دەوترێت ھێرشکراوەتە سەریان.