ھەر پەنابەرێک لە بەریتانیاوە بچێت بۆ رواندا نزیکەی چوار ھەزار دۆلار وەردەگرێت
کوردسات نیوز
١٣ی ئازاری ٢٠٢٤
١٢٤
حکومەتی بەریتانیا بەنیازە بڕی سێ ھەزار و ٨٣٦ دۆلار بداتە ھەر پەنابەرێک کە بچێتە وڵاتی رواندا، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانێکی خۆبەخشانە دێت بۆ کۆتاییھێنان بە چاوەڕوانی ئەو پەنابەرانەی کە داواکارییەکانیان لەو وڵاتە رەتکراوەتەوە.
ئەم پێشنیازە نوێیەی حکومەتی بەریتانیا دوای رەتکردنەوەی بڕیاری بەزۆر رەوانەکردنی پەنابەران دێت بۆ وڵاتی رواندا لەلایەن دادگا باڵای بەریتانیاوە، بەو پێیەی یاساکانی مافی مرۆڤی بەریتانیا و نێودەوڵەتی پێشێلکردووە.
لە ھەوڵێکدا بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکانی دادگاش، حکومەتی ریشی سوناک دەیەوێت رێگری لە ھاتنی زیاتری پەنابەران بکات و پێش ھەڵبژاردنی گشتی کە بڕیارە نیوەی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، بەڵێنەکەی بە دەنگدەران جێبەجێبکات و یەکەم گەشتی پەنابەران بۆ رواندا ئەنجامبدات.