جۆن کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، ڕایگەیاند، پڕۆگرامێکیان خستووەتە کار بۆ ڕاھێنانکردن بە ھێزەکانی ئۆکراین، لەسەر بەکارھێنانی "مووشەکی جاڤلین"ی دژەتانک، وتیشی، لەگەڵ سەرکردەکانی سوپای ئۆکراین کار دەکەن بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ئێستا و داھاتوویان، لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی توانایان بۆ بەرپەرچدانەوەی ھێرشەکانی روسیا.

ئەوە بۆ یەکەمجارە ئەمریکا دانبنێت بە ڕاھێنانکردن بە سوپای ئۆکراین لەسەر مووشەکی جاڤلین و بەپێی زانیارییەکانیش تائێستا سێ ھەزار پارچەی لەو مووشەکە وێرانکەرەی رادەستی سوپای ئۆکراین کردووە، بڕیاریشداوە راھێنان لەسەر چۆنێتی بەکارھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی، بە سوپای ئۆکراین بکات.

رۆژی ٣ی ئەم مانگە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، سەردانی کارگەیەکی بەرھەمھێنانی مووشەکی جاڤلینی لە شاری "ترۆی"ی ویلایەتی ئالابامای وڵاتەکەی کرد و داوای لێکردن، پەلە بکەن لە بەرھەمھێنانی ئەو جۆرە مووشەکە.