سەرکردەیەکی سوننەکان دەڵێت دەبێت یاسای لێبوردنی گشتی بەشێوەیەک بێت مافی بێتاوانەکان پێشێل نەکات و بۆ ئەو کەسانە بێت کە چەندین ساڵە بەبێ تاوان لە زینداندان.


موسەنا سامەڕایی سەرۆکی ھاوپەیمانی عەزمی سوننەکان بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی کرد تایبەت بە یاسای لێبوردنی گشتی و رایگەیاند، متمانەی تەواویان بە سیستمی دادوەیی عیراق ھەیە بۆ بە دیھێنانی دادپەروەری و ھیچ کاتێکیش ھاوپەیمانی عەزم لە دژی ھیچ یاسا و پرۆژەیاسایەک ناوەستێتەوە کە سود و بەرژوەندی گشتی بۆ ھەموو عیراقییەکان ھەبێت.


وتیشی، پێویستە ھەموارکردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی بەشێوەیەک بێت دادپەروەری بەدیبھێنێت و مافی بێتاوانەکان دەستەبەر بکات نەک پێشێلیان بکات و دەبێت بۆ ئەو کەسانەش بێت کە چەندین ساڵە ستەمیان بەرامبەر کراوە و بەبێ تاوان لە گرتووخانەکان بەندکراون و نابێت ھیچ سوودێکیشی بۆ ئەو بەندکراوانە ھەبێت کە دەستیان بە خوێنی عیراقییەکان سوور بووە.