باشوری ئەفریقا بەڵگەی نوێی تایبەت بە کۆمەڵکوژییەکانی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەداتە دادگای دادی نێودەوڵەتی و زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەسیش لە باکووری غەززە ھیچ ھاوکارییەکیان پێناگات.


سەرچاوە دیبلۆماسییەکان رایانگەیاندووە، ئەمڕۆ وەفدی باشووری ئەفریقا چەندین بەڵگە و زانیاری نوێی تایبەت بە کۆمەڵکوژییەکان لەکەرتی غەززە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون پێشکەشی دادگای دادی نێودەوڵەتی دەکات و ئامانجیشی ئەوەیە سزایەکی قورس بەسەر حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلدا بسەپێنرێت لەسەرووی ھەمووشیانەوە بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە.


مەحمود بەسەڵ وتەبێژی بەرگری شارستانی کەرتی غەززەش رایگەیاندووە، زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەس لە باکووری کەرتی غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە گەمارۆیەکی قورسیان خراوەتەسەر و رێگەنادەن ھیچ جۆرە ھاوکارییەکی مرۆییان بەدەست بگات.