"زیلینسکی" لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، سوپای ئۆکراین ھیچ ئۆپراسیۆنێک لە خاکی ڕووسیا ئەنجام نادات و مەبەستیان داگیرکردنی خاکی ڕووسیا نییە.

وتیشی، بە پێی وێنەی مانگە دەستکردەکان، کەشتییەکانی ڕووسیا بەندەرەکانی ئۆکراینیان گەمارۆداوە و لە ئێستادا لە دەریای ڕەش تەنھا ئەو کەشتییانە بوونیان ھەیە کە ئاڵای ڕووسیایان پێوەیە.

ھۆشداریشیدا لە ئەگەری سەرھەڵدانی جەنگی سێیەمی جیھانی، ئەگەرچی لە ئێستادا جەنگەکە تەنھا لە خاکی ئۆکراینە، بەڵام ئەگەری فراوانتربوونی ھەیە. 

"زیلینسکی" سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان "کیێڤ و مۆسکۆ"ش وتی، ڕووسیا ئاستەنگ بۆ دانوستانەکان دروست دەکات، ھەر کاتێکیش "ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی ڕووسیا ئامادەی دانوستان بێت، ئەویش ئامادەیە. 

 سەبارەت بە بەردەوامی جەنگیش ئاماژەی کرد بە کوژرانی ٢٢٢ منداڵ لە سەرەتای جەنگەوە و وتیشی ھەزار و ٥٧٠ دامەزراوەی پەروەردەیی ئۆکراین وێران کراوە.