وەزارەتی بەرگریی روسیا راگەیاندراویکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، تەواوی ئاسمانی ئۆکراین لە ژێر کۆنتڕۆڵی فڕۆکەکانی روسیادایە و لە سەرەتای شەڕەکەشەوە تائێستا، ھەزار و ١١٤ پێگەی سەربازی و ٣١٤ تانک و زرێپۆش و ٥٧ موشەک و ١٢١ تۆپ ھاوێژی سوپای ئۆکراینیان تێکشکاندووە.


راشیگەیاند، ھێزەکانیان ھەردوو شاری بێردیانسک و ئینرھوداریان لە خۆرئاوای ئۆکراین کۆنتڕۆڵکردوە و گروپە جوداخوازەکانیش ١٧ شاری دەرەوەی ھێڵی روبەڕوبونەوەکانیان کۆنتڕۆڵکردووە و ھێزەکانی ھەرێمی دۆنێتسکیش ١٩ کیلۆمەتری تر پێشڕەوییان کردووە و ناوچەی (ڤۆلنۆڤاکا)یان بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵکردووە. 


راشیگەیاند، مەدەنییەکانی شاری کیێڤ دەتوانن لە رێگەی خێرای نێوان کیێڤ-ڤاسیلکۆڤ و بە رێڕەوێکی سەلامەتدا لە شارەکە بچنە دەرەوە.


ھەرچەندە وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، ھێزەکانی دامەزراوەی ئەتۆمیی "زابرۆشیا"ی تایبەت بە بەرھەمھێنانی وزەی کارەبایان کۆنتڕۆڵکردووە، بەڵام سوپای ئۆکراین رەتیکردەوە.


وەزارەتی بەرگریی بەریتانیاش رایگەیاند، بەشێکی زۆری سوپای روسیا ٣٠ کیلۆمەتر لە کیێڤەوە دوورن و بەرگریی سەختی سوپای ئۆکراین لە کیێڤ، ھێرشی روسیایان بەرەو شارەکە خاوکردووەتەوە.