ئاژانسی فڕۆکەوانی شارستانیی روسیا بڵاویکردەوە، لە وەڵامی رێکارەکانیان بۆ داخستنی ئاسمانی وڵاتەکانیان بە رووی روسیا، حکوومەتی مۆسکۆ ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی کۆمپانیاکانی وڵاتانی لاتیڤیا و لیتوانیا و ئەستۆنیا و سلۆڤینیا داخستووە و بڕیارەکە کاری ترانزێتی کۆمپانیاکانی ئەو چوار وڵاتەش دەگرێتەوە.

رۆژی شەممە روسیا، ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی ھەریەکە لە وڵاتانی بولگاریا و پۆڵەندا و چیک داخست.

دوای ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، چەندین وڵاتی جیھان کایەی ئاسمانی خۆیان بە رووی روسیا داخست و سزای توندی ئابوورییان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.